کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی شووڕای بەڕێوەبەری کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"

20:58 - 31 خاکەلێوه 2719

بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" پاش نیزیک بە مانگێک ماندووبوون بە کۆکردنەوە و، گەیاندن و دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ناوچە لافاولێدراوان بەتایبەتی لە پارێزگای لوڕستان بە دەرکردنی پەیامێک کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ئەو کەمپەینەیان لە هێندێک لە ناوچە زیاندیتووەکان ڕاگەیاند. لە بەشێک لەو ڕاگەیاندراوە بە باس کردن لە دۆخی نالەباری خەڵکی لێقەوماوی پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان هاتووە؛ ئەو لافاوە ماڵوێرانکەرەی کە ناوچەکانی لوڕستان و ئیلامی گرتەوە، زیانێکی گیانی و ماڵیی زۆری لێ کەوتەوە و دیتنی ماڵ کاولی و ڕەنج و ئازاری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دڵی هەموومانی تەزاند. هەر بۆیە دوابەدوای کارەساتەکە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە زۆربەی شارەکانی ناوچەکەدا هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتییان بە ناوی «زاگرۆس چەشەڕەموونە» ڕاگەیاند. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەنراوە باس لە چۆنیەتیی پێکهاتنی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" کراوە وەکوو هەڵمەتێکی مەدەنییانە کە لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان پێشوازی لێ‌کرا. شوڕای بەڕێوەبەری کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە کۆتایی‌دا باسی لە کۆتایی هاتنی کاری کەمپەین کردوە لە گوندی مامۆلان و دەوروبەری کە زۆرترین زیانیان لێکەوتووە و ڕایانگەیاندوە؛ کەمپینی «زاگرۆس چەوەڕێمانە» هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی یارمەتییە خەڵکییەکاندا، بە لەبەر چاو گرتنی ئاستی زیانەکان لە ناوچەکەدا، بۆ دابەش کردنی یارمەتییەکان کەمپی ناوەندیی خۆی لە شاری مامۆڵان دامەزراند. ئێستایش کە یارمەتییەکانی خەڵک بەو پەڕی ئەمانەتەوە بە دەستی خەڵکی مامۆڵان و ئاواییەکانی دەور و بەری و هەر وەها خەڵکی چەند ئاواییەکی شاری دلفان و شاری پولدوختەر گەیشتووە، ڕایدەگەیەنین کە کەمپی مەعموولان کۆتاییی بە چالاکییەکانی خۆی دەهێنێت. جێی ئاماژەیە کە دوو کەمپی پولدوختەر و ئیلام هەتا ڕادەست کردنی ئەمانەتییەکانی خەڵک درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن. ئێستا کە کەمپی مامۆڵان کۆتاییی بە کاری خۆی دێنێت، سەری ڕێز لە بەرانبەر خەڵکی مامۆڵان و ئاواییەکانی دەور وبەریدا دادەنەوێنین کە بە هاوکاری لەگەڵ چالاکاندا، یارمەتییان دا ئەمانەتییەکانی خەڵک دروست دابەش ببن و سپاسی ئەو چالاکە مەدەنییانەی ناوچە دەکەین کە لە دامەزراندن و ڕێکوپێک کردنی کاروباری کەمپ دا، یارمەتییان داین.