کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەی ڕەقیب، چۆن بوو بە سروودی نەتەوەیی؟

15:57 - 1 بانەمەڕ 2719

بەستێنی بوونی «ئەی ڕەقیب» بە مارشی نەتەوەیی لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا (٣-٢) (ئەی ڕەقیب، چۆن بوو بە سروودی نەتەوەیی؟) پێکهاتنی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەدیهاتنی ئاواتێکی لەمێژینەی نەتەوەی کورد بوو. «ڕاگەیاندنی کۆماری میللیی کوردستان لە مەهاباد و دامەزراندنی دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردی لە لایەن سەرانی «ح.د.ک»ـەوە قۆزتنەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە بوو کە بۆ جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ئێران هاتبووە پێش». (یاسین سەردەشتی، ١٦٠، ٢٠٠٢) لە سەردەمی نوێی دوای سەرکەوتنی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، کە زۆر نەتەوە و وڵات لە چنگ فاشیزم ڕزگاریان ببوو، هەروەها بە دوای چەند دەیە لە بەدعەهدیی براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و ڕێگربوونیان لە پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، پێکهاتنی کۆماری کوردستان، بووە مایەی هیوا و خۆشیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. هەر کوردێکی دڵسۆز و نەتەوەپەروەر کۆماری کوردستان و پێتەختەکەی، واتە شاری مەهابادی بە ڕووگەی خۆی دەزانی. کۆماری کوردستان هەوڵی دەدا نوێنگەی هیوا و چاوەڕوانییەکانی نەتەوەکەی بێ و زۆر شت کە ئەو نەتەوەیە، دەیان و سەدان ساڵ بوو لێیان بێبەش کرابوو، بێنێتە دی، وەک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بەفەرمی کردنی خوێندن بە زمانی کوردی، پێکهێنانی سپای میللی و هەڵگرتنی چەندین هەنگاوی گەورەی دیکەی نەتەوەیی. هەڵبژاردنی سروودی نەتەوەییش یەک لەو هەنگاوانە بوو. «پاش پێکهاتنی کۆماری کوردستان سروودێکی ڕەسمی بۆ حیزب (حیزبی دێموکراتی کوردستان) و کۆمار دانرا. ئەو سروودە هەمان سروودی بەناوبانگی «ئەی ڕەقیب»ـە کەئێستاش سروودی ڕەسمیی حیزبە. هەڵبژاردنی ئەم سروودە بەڕێکەوت نەبوو. دەکرێ بڵێین پاش چەند ساڵ گەلی کورد توانی فەرمانڕەوایی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێ و دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ. بۆیە پێویست بوو هەر وەک ئەو سروودە دەڵێ بگوترێ کە: «ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە». (قاسملوو، ٢٠٠٢، ٣٤) «... سروودی (ئـه‌ی ڕه‌قـیب) كه‌ له‌ ساڵی (١٩٤٠)دا، یونس دڵدار, شاعیری نیشتمانپه‌روه‌رمان داینا بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ڕێکەوتی (١٧/١٢/ ١٩٤٥)دا، له‌ كاتی بۆ یه‌كه‌مین جار هه‌ڵكردنی (ئاڵای كوردسـتان) له‌ شاری مه‌هاباد، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵاكه‌ماندا، سروودی (ئه‌ی ڕه‌قـیب) به‌ ئاوازه‌وه‌ پێشكه‌ش كـرا. (ڕەزا شوان،٢٠١٦) هەروەها «ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ (٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦)، له‌ مەیدانی چوارچرای مەهاباد بە ئامادەبوونی زۆربەی کادرەکانی حیزبی دێموکرات و جەماوەرێکی زۆری شار و نوێنەری ناوچەکان و عەشیرە کوردەکان هەر لە ماکۆوە هەتا سەقز و سەردەشت کە پێشتر بانگ کرابوون، ئاهەنگی مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری میللیی کوردستان دەستی پێکرد. دوای چڕینی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان و هەڵکردنی ئاڵای نەتەوەیی کورد ... لە ناو جۆش و خرۆش و چەپڵە و بەختەوەریی جەماوەردا گەورەپیاوانی کورد و سەرانی ح.د.ک دەستیان بە وتار خوێندنەوە کرد.» ( غەنی بلووریان، ١٩٩٧، ٦٢) دوای پێکهاتنی کۆماری کوردستان و وەگەڕکەوتنی وەزارەت و دامەزراوەکانی، پێویستیی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی سروودی نەتەوەیی، زیاتر لە پێشوو خۆی نواند. هەڵکردنی بەفەرمیی ئاڵا لە شارەکانی دیکە، دەست پێکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و ڕێوڕەسمی سەرلەبەیانیی قوتابخانەکان، ڕێژە و مانۆڕی هێزی پێشمەرگە لە بۆنەکاندا، هاتنی کەسایەتی و پیاوماقووڵانی کورد بۆ مەهاباد بە مەبەستی چاوپێکەوتنی سەرکۆمار پێشەواقازی محەممەد و زۆر جووڵە و چالاکیی سیاسی و کولتووری و سپایی دیکە لە کۆماری کوردستانیان دەخواست سروودی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی هەبێ. دیارە پێشتر «لە سەردەمی کۆمەڵەی (ژ-ک)دا، سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی زیاتر باو بوو و، لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەدا دەخوێندرایەوە. جگە لەو سروودە، «شاخی ڕەنگاوڕەنگی کوردان» و سروودی «نیشتمانم ڕەنگینە، بەهەشتی سەرزەمینە» زۆر لە ئارادا بوون.» (جەلیل گادانی، ٢٠١٨) کاتێک دەگەڕێینەوە سەر لاپەڕەی چاپەمەنیی سەردەمی کۆماری کوردستان، هەم وشەی سروودی نەتەوەیی دەبینین هەم مارشی نەتەوەیی. لە چەندین ڕێپۆرتاژی تایبەت بە هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لە شار و گوندەکان، یا لە بارەی چالاکیی سیاسی و کولتووریی ئەو کاتدا، باسی ئەوە کراوە کە سروود یا مارشی نەتەوەیی پێشکەش کراوە، بەڵام تەنیا لە یەک لەواندا، ناوی سروودە نەتەوەییەکە (ئەی ڕەقیب) هاتووە. وا دەردەکەوێ کە بێجگە لە «ئەی ڕەقیب» سروودی دیکەشیان وەک سروودی نەتەوەیی ناو بردوە. چونکە لە ژمارە ١٣ی ڕۆژنامەی «کوردستان»دا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ بڵاو بۆتەوە، شێعری «نیشتمانم ڕەنگینە، بەهەشتی سەرزەمینە»ی هەژار چاپ کراوە و لە سەریشی نووسراوە: «سروودی ملی کوردستان.» (ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، ٢٠٠٧، ٥٤) ئەوە کە بۆچی لە کۆماری کوردستاندا، لە نێو کۆمەڵێک سرووددا کە نێوەرۆکی نیشتمانی و نەتەوەییشیان هەیە و بە گوێی خەڵکیش ئاشنا بوون، شێعری «ئەی ڕەقیب»یان بۆ سروودی نەتەوەیی هەڵبژاردووە یا هێناویانەتە پێشەوەی سروودە نەتەوەییەکان، جێگای تێڕامانە. کۆمەڵێک هۆکار هەن کە هەر کامێکیان دەتوانن کەم یا زۆر ڕۆڵیان بووبێ لە هەڵبژاردنی ئەو دەقە بۆ سروودی نەتەوەیی. یەکەم، شێعری «ئەی ڕەقیب» لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی سەنعەتی شێعری و ڕەوانبێژی و جوانکاریی ئەدەبییەوە، شتێکی نێونجی و سادەیە بەڵام وەک نێوەرۆک، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بووە کە بۆ سروودی نەتەوەیی لێی چاوەڕوان دەکرێ. دووەم لەنێو چەندین تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری باشووری کوردستان کە بە نیازی خزمەتکردن لەو حکوومەتە کوردییە خۆیان گەیاندبووە مەهاباد، چەند کەسێکی کۆیی هەبوون، کە دەشێ ئاگاداری ناوبانگی دڵدار و بە تایبەتی ئەم شێعرەی بووبن و تەنانەت زانیبێتیان کە «ئەی ڕەقیب» هەر لە ئەساسدا بۆ نیازێکی لەو چەشنە نووسراوە. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە ئەو دەقە شێعرییە بە بەراورد لە گەڵ سروودە باوەکانی ئەو کات و دەقە شێعرییەکانی دیکە کە نێوەرۆکی نەتەوەیی و نیشتمانیان هەبوو، بۆ سروودی نەتەوەیی گونجاوتر بوو. «ئەو شێعرە بە فەرمانی کەسێک یان حزبێک نەبووەتە مارش و ڕەمزی نەتەوەیی، بەڵکوو بە گەورەیی خۆی و هەستی بەرزی و ئەو ڕووحیەتە مەزنەیە کە لەنێوان وشەکاندا، لەنێوان تۆن و مانا و ئاوازەکەی دایە بووەتە مارش و ڕەمزی بوونی کورد.» (جەبار جەماڵ غەریب، ٢٠١٧) «ئەی ڕەقیب» گیانێکی بەهێزی بەربەرەکانی و بەرخۆدان و هەستانەوەی تێدایە و نێوەرۆکێکی حەماسیی هەیە. شاعیر لەم دەقەدا وەک تاکێک نادوێ و جێناوی کەسی سێهەمی کۆ (ئێمە) بەکار دێنێ و بەردەنگەکەشی (ئەی ڕەقیب) یا هەر ئەو لایەنەیە کە خوازیاری بندەستی و شکان و توانەوەی نەتەوەی کوردە. دڵدار بە گوڕ و تین و لێبڕاوییەوە لە ئیرادەی نەتەوەکەی بۆ مانەوە و بەردەوامی دەدوێ و، بە گوێیاندا دەدا کە کورد نامرێ و بەڵگەشی بۆ مانەوە و نەمریی نەتەوەکەی، مێژووە خوێناوییەکەیەتی کە دەریدەخا کورد ئامادەیە تاجی ژیان بە خوێنی خۆی بنەخشێنێ و ئازاد بژی. لە چاپەمەنی و بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا، بڕیارێکی نووسراوی ئەوتۆ لە بارەی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی «ئەی ڕەقیب» وەک سروودی نەتەوەیی نابیندرێ. تەنانەت دەقی شێعرەکەش لە هیچ کام لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی «کوردستان» و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمدا نابینین! سەرەڕای ئەمەش هەم بیرەوەریی ئەو کەسانەی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە مەهاباد و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا ژیاون، «ئەی ڕەقیب»یان وەک مارش یا سروودی نەتەوەیی ئەو کۆمارە ناو بردوە (بۆ وێنە عەقید بەکر حەوێزی، سەعید ناکام، محەممەد شاپەسەندی، جەلیل گادانی و هتد)، هەم لەو ڕیپۆرتاژە ڕۆژنامەنووسییانەی ئەو سەردەم لە بارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شارەکان و بەڕێوەچوونی ژمارەیەک ڕێوڕەسمی دیکە لە گۆڤار و ڕۆژنامەی «کوردستان»دا بڵاو بوونەوە، ئاماژە بە خوێندنەوە و پێشکەشکرانی سروودی نەتەوەیی کراوە. چەند وێنەیەکی ئەو سەردەم کە لە کاتی سەردانی سەرکۆماری کوردستان بۆ هێندێک شوێن بۆ وێنە خانەقای شەمزینان گیراون، دەیسەلمێنن کە لەم جۆرە بۆنانەدا مارشی نەتەوەیی پێشکەش کراوە. (بڕوانە محەممەد ڕەزا سەیفی قازی، ٤٨، ٢٠٠٨) «سروودی ئەی ڕەقیب لە بۆنە ڕەسمییەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە کۆرس دەخوێندرایەوە و، بە تایبەتی لە ڕێورەسمە گەورەکاندا لەگەڵ مۆسیقایەکی بەهێز دەخوێندرایەوە. لە مەدرەسەکان پێش چوونە نێو کلاس بە تێکڕای دەنگی قوتابیان دەخوێندرایەوە، پاشان بەرەو کلاسەکان دەچوون. هەموو کات کە سروودی ئەی ڕەقیب دەست پێدەکرا، خەڵک هەڵدەستانە سەر پێ.» (جەلیل گادانی، ٢٠١٨) بەم جۆرە وەک هەر داوا و ڕاسپاردەیەکی دیکەی کۆماری کوردستان، هەڵبژاردنی «ئەی ڕەقیب» وەک سروودی نەتەوەییش لە لایەن ئەو خەڵکەی لەژێر سێبەری کۆماری کوردستان دەژیان، بە گەرمی پێشوازی لێکراوە. ئەم سروودە بە زۆری لە ڕێوڕەسمەکاندا و بە شێوەی زیندوو و لەبەرچاوی خەڵک لەلایەن تیپی مۆسیقا و کەسانی دیاریکراو پێشکەش کراوە. دیارە لە ڕادیۆی تەورێزیش (ڕادیۆی فیرقەی دێموکرات) کە بۆ ماوەی چەن مانگ ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی بەرنامەیەکی نیو سەعاتەی ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەدرا، ئەو سروودە بڵاو بۆتەوە. دواتر کە کۆماری کوردستان بۆخۆیشی بووە بە خاوەنی ڕادیۆ و دەنگەکەی لە نێو ئەو شارە دەبیسترا، هەموو ڕۆژێ ئەم سروودە لە ڕادیۆ بڵاو بۆتەوە. (حامید گەوهەری، ٢٠١١، ٣١٧) گومانی تێدا نییە کە ئەو سەردەم ژمارەی ئەو بنەماڵانەی رادیۆیان هەبوو، لە کوردستان یەکجار کەم بوون. ئەو سەردەم ڕادیۆ، گرامافۆن و زەبتی سەوت (تەسجیل) و شریت (کاسێت) ئەوەندە پەرەیان نەگرتبوو و کەم بنەماڵە هەبوون دەستیان بەوانە ڕابگا. شوێن پەنجەی هونەرمەندان و مۆسیقارە کوردەکان لە سەر ئەی ڕەقیب سروودی «ئەی ڕەقیب» لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین سروودی کوردە، چونکە سروودی نەتەوەییە، زۆر بە کەمی بووە بە هەوێنی لێکۆڵینەوەی تێر و تەسەل. کەسێک بیهەوێ لە بارەی مێژووی ئەو سروودە لە هەموو ڕوویەکەوە بکۆڵێتەوە، ناچارە زانیاریی پێویست و پچڕ پچر لە سەرچاوەی جۆراوجۆر بەدەست بێنێ. بەو حاڵەش ئەستەمە هەموو زانیارییەکی پێوەندیدار بەو سروودەی دەست بکەوێ. «ئەم هەڵبەستە یەک پارچە ئاوات بەرزی و بڕوا پتەوی و نەبەزی و مەیدانخوازیی شۆڕشگێڕانەی کوردایەتی دەستنیشان دەکا. هەڵبەستەکە لە کەرکووک چاوی هەڵێناوە و هەر لەوێش ئاوازی بۆ داندراوە و لەوێشەوە بە کوردستانی عێراق و ئێراندا بڵاو بووەوە و لە ڕادیۆی مەهاباد و ئازەربایجان و ڕادیۆکانی لەمەودوای شۆڕشی کورد دەنگی دایەوە. ئێستاش بووە بە سروودی نیشتمانیی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.» (عەبدولڕەزاق بیمار، ٢٠١٧، ١٧٢) ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر لایەنی مۆسیقایی ئەم سروودە، ڕوونە کە یەکەم جار شێخ حوسێن بەرزەنجی، ئاوازی بۆ ئەم سروودە داناوە. کاتێک دڵداری شاعیر لە ١٩٣٩*، لە کەرکووک لە کۆڕێکی دۆستانەدا بۆ یەکەم جار ئەم شێعرە بۆ کۆمەڵێک لە دۆستانی لە ماڵی کاک حەمەی سەید ئەحمەدی خانەقا دەخوێنێتەوە، ئارەزوو دەکا کە یەکێک هەبێ ئاوازێک بۆ ئەم سروودە دابنێ. هەر لەوێ و لەنێو ئامادەبوواندا شێخ حوسێن بەرزەنجی کە دەنگێکی خۆشی هەبووە و شێعر و گۆرانیی زۆری کوردی لەبەر بووە و، مەقامە ڕەسەنەکانی کوردی دەزانی، ڕادەسپێردرێ. دوای چەند ڕۆژێک، شێخ حوسێن کە لە دانانی ئاوازەکە دەبێتەوە، بە دەنگە خۆشەکەی خۆی و لە سەر هەمان ئاواز سروودەکەی بۆ دەڵێتەوە. (فەخرەدین تاهیر، ٢٠٠٧) نەورۆزی ساڵی ١٩٤٦، هەر ئەو ساڵەی کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرا و، ئەو کۆمارە سروودی ئەی ڕەقیبی وەک سروودی نەتەوەیی هەڵبژارد، لە هەولێر ئاهەنگێکی گەورە بەبۆنەی نەورۆزەوە ساز دەکرێ و لەو ئاهەنگەدا سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب»ی پێشکەش دەکرێ. هەر لەو ساڵەدا، دڵدار بۆ زانینی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کۆماری کوردستان بە بەردەوامی گوێ لە ڕادیۆ دەگرێ. لە ڕێگای ڕادیۆوە، گوێی لە ئەی ڕەقیب وەک مارشی نەتەوەیی کۆماری کوردستان دەبێ و لە خۆشیان دەگری. (سەریاس ئەحمەد، ٢٠١٥) ئەم دوو ڕووداوە لە لایەک ئەوە دەسەلمێنن کەهاوکات لە گەڵ دیاریکرانی «ئەی ڕەقیب» وەک سروودی نەتەوەیی یا تەنانەت پێشتریش، «ئەی ڕەقیب» لە باشووری کوردستان لانیکەم لە نێو لاوانی خوێندەوار و نەتەوەپەروەردا، وەک سروود چاوی لێکراوە و لە ئاهەنگ و بۆنە نەتەوەییەکاندا خوێندراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕادیۆش ڕۆڵی هەبووە لە ناساندنی سروودەکە بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. ڕوون نییە لە کۆماری کوردستاندا، هەر لەسەر هەمان ئاوازی شێخ حوسێن بەرزەنجی، ئەم سروودە وتراوەتەوە یا گۆڕانێک لە ئاوازەکەیدا پێک هاتووە. ئەگەر گۆڕان پێکهاتووە، کێ بووە ئەو کەسەی ئەو گۆڕانەی کردووە؟ «وێدەچێ کاری ژەنینی مۆسیقای ئەو سروودە هەر ئەو کەسانە کردبێتیان کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، مۆسیقاژەنی هێزی پێشمەرگە بوون، کە بریتی بوون لە عەلی تابانی (ڤیۆڵۆنژەن) کە بەشی مۆسیقای لە تەورێز تەواو کردبوو، مەحموودی وەلیزادە کە بەشی کشتوکاڵی خوێندبوو بەڵام ڤیۆڵۆنژەنیش بوو، میرزا مینەی ڕەحیمی، مستەفا جەننەتی، مەجید و هاشم و چەند کەسێکی دیکە. (جەلیل گادانی، سەرچاوەی پێشوو) یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سروودە نەتەوەییەکان و یەک لەوان «ئەی ڕەقیب» ئەوەیە لە کاتی پێشکەشکەشکردن بە شێوەیەکی زیندوو، بە کۆرس دەوترێنەوە. بەڵام ئەی ڕەقیب ئەو کاتەی لە سەر قەوان یا کاسێت تۆمار کراوە، زۆرتر بە دەنگی تاکەکەسێک، کە هونەرمەندێکی دەنگبێژ بووە، گوتراوە. لە ماوەی ٧ دەیەی ڕابردوودا، زۆر لە هونەرمەندانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی دەنگیان بۆ وتنەوەی سروود گونجاوە، سروودی ئەی ڕەقیبیان وتوەتەوە. لەوانە ڕەفیق چالاک، قادر دیلان، شوانپەروەر، ناسر ڕەزازی، محەممەدی ماملێ، فەرهاد بابان، خالید ڕەشید، دەشنێ موراد، قادر ئەلیاسی و هتد. مۆسیقای سروودەکەش لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم و داهاتنی ئامێر و ئیمکاناتی پێشکەوتووتری مۆسیقایی، هەروەها بە سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی مۆسیقارە کوردەکان، نوێبوونەوەی بە خۆیەوە دیتوە. ئەم توێژینەوەیە بە کاری خۆی نازانێ قسە لەسەر ئاواز و لایەنی مۆسیقای سروودەکە بکا، بەڵام ئەگەر وەک گوێگرێکیش قسەی لە بارەوە بکرێ حاشای لێ ناکرێ کە هەم لە جۆری پێشکەشکردندا و هەم لە بەکارهێنانی جۆری نوێی ئامێرەکانی مۆسیقیدا، «ئەی ڕەقیب» لە گۆڕان و پێشکەوتندا بووە و ئەمە ڕاستییەکە هەستی پێ دەکرێ. نوێترین هەوڵەکان لە بارەی نوێکردنەوەی ئەم سروودە لە ڕووی مۆسیقاییەوە، ئەو زانیارییانەن کە لە زمانی «ئەدیب چەلکی» بڵاو بوونەوە: «مامۆستا دڵشاد سەعید ئاوازی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب)ی بۆ ئۆركێسترا ئامادە كردوە، لەگەڵ گرووپی نیشتمانیی سەمفۆنیای چیك لە پڕاگ بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش جێبەجێی كردوە ... پێش چەند مانگێك ئەم كارە بە پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە ... ئاماژەشی بەوە داوە كە بەم زووانە سروودی نیشتمانی لەسەر CD بە دیزاینێكی سەرنجڕاكێش بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ دەفتەرێكدا كە نۆتەكانی ئاوازەكەشی بە شێوەی ئۆركێسترایی تێدا نووسراوەتەوە. ئەم سروودە نیشتمانییەی هونەرمەند دڵشاد سەعید ئامادەی كردووەتەوە، لە جۆری ئەم سڵاوە نیشتمانییانەیە كە پێویستی بە ئامێرگەلی زۆری هەوایی هەیە ... ئەم سروودە بە دوو شێوەی تریش تۆمار دەكرێتەوە، یەكێكیان تایبەت بە سروودی نیشتمانییە بۆ یاریگە وەرزشیەكانی جیهان. شێوەی سێیەمیش لەگەڵ دەنگی بژاردەیەكی هونەرمەندانی كوردستان تۆمار دەكرێ، بۆ خوێندنەوەی وشەكانی سروودی نیشتمانی (ئەی رەقیب)ـە كە لەلایەن دڵداری شاعیرەوە داندراوە. ئەم سروودە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و كورمانجی پێشكەش دەكرێ.» (خۆرنیوز، ٦ی جولای ٢٠١٧) هەوڵێکی دیکەی جێگای ئاماژە نوێکردنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب بە هاوکاریی ئۆرکێسترای هەنگاریا لە ٢٠١٦یە کە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی بەم جۆرە باسی کردووە: «دوای ئەوەی لەڕێگەی «د.شۆڕش حسێن» بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە بۆداپێست بەرلە چەند مانگێک ئۆرکسترای (زوگلۆیی سەنت ئیشتڤان فیلهارمیک)ی هەنگاری بۆ نوێکردنەوەی هەردوو سروودی ئەی ڕەقیب و مەشخەڵان پەیوەندیم پێوە کرا، بڕیارمان دا لەگەڵ ئۆرکێسترای هەنگاری بە ڕابەریی (زامبۆرسکی کاڵمان) کە یەکێکە لەڕابەرە دیارەکانی مۆزیکی هەنگاریا ئەو کارە ئەنجام بدەین. دوای ئامادەکاریەکی زۆر و دوای ئەوەی کە سکۆڕ و پارتەکانی کارەکەم بۆ ناردن ڕۆژی ١٨/٣ی ٢٠١٦ خۆشبەختانە توانیمان سەرکەوتووانە کارەکە ئەنجام بدەین.» (ئەنوەر قەرەداغی،٢٠١٦) *** * دیارە لە بارەی ساڵی هۆنینەوەی ئەم شێعرە لەلایەن دڵدارەوە ڕای جیاواز هەیە و زۆربەی سەرچاوەکان ساڵی ١٩٤٠ بە ساڵی نووسینی ئەو شێعرە، ناو دەبەن. هەر وەک لە سەر شوێنی نووسینی شێعرەکەش ڕای جیاواز هەیە.سەرچاوەی وا هەیە دەڵێ شاعیر ئەو کاتەی لە ڕۆژهەڵات لە بەندیخانەدا بووە، ئەم شێعرەی نووسیوە، هەشن دەڵێن شاعیر ئەو کاتە هەر لە عێراق لە بەندیخانەدا بووە، ئەم شێعرەی نووسیوە.