کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتێرۆریست دانانی سپای پاسداران لەلایەن ئەمریکا، وڵامی حدک دوای چل ساڵ

16:06 - 1 بانەمەڕ 2719

بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن ئەمریکا، هەموو لایەکی شۆک کرد کورد نەبێ. گەشبینترین کەس و لایەنەکانی نێوخۆی ئێران پێیان وانەبوو کە کۆشکی سپی هەموو هەیکەلی سپای پاسداران بەتێرۆریست دادەنێ، لە نێوخۆی ئەمریکاش تەنانەت کۆمارییەکانیش پێیان وانەبوو کە دۆناڵد ترامپ هێزێکی فەرمیی وڵاتێک کە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەدا ناوی هاتووە وەکوو تێرۆریست ناوزەد دەکا. هەربۆیە ئەگەرچی هەفتەیەک پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو ئەگەرەی لەسەر زاری سەرچاوەیەک بڵاو کردبۆوە، بەڵام کەم کەس پێی وابوو ئەمریکا ئەو کارە بکا، بەڵام جان بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و برایان هۆک بەرپرسی دۆسییەی ئێران لە کۆشکی سپی توانیان دۆناڵد ترەمپ ڕازی بکەن کە ئیتر سپای پاسداران وەکوو تێرۆریست بناسێنێ، ڕاوێژکارەکانی ترامپ کاریان لەسەر سۆز و هەستی ناسیۆنالیستیی دۆناڵد ترامپ کرد بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدا، ئەوان ڕایانگەیاند کە لە ساڵانی ڕابردوودا ٦٠٣ سەربازی ئەمریکایی لە لایەن سپای پاسدارانەوە کوژراون و بەو بەڵگانە هیچیان تێدا نەهێشتەوە و، لەمەو بەدوا لەلای ئەمریکاییەکان سپای پاسداران و داعش لە یەک ڕیزبەندی دان. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران سپای پاسداران لە لایەن ڕوحوڵڵا خومەینی بۆ ئەوە دامەزرا کە بە گوتەی خۆیان پارێزگاری لە شۆڕش بکا، بەڵام ماهیەتی سپای پاسداران ئەو کات بۆ ئاراستەکردنی شۆڕشەکە بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگیرکردنی ویلایەتی موتڵەقی فەقیهـ لەلایەک و هاوکات سەرکوتکردنی بزووتنەوەکانی دیکەی بەشداربوو لە شۆڕشەکەدا بوو، لە مارکسیست و لیبراڵەکانی تارانەوە بگرە هەتا ئازادیخوازەکانی کوردستان. لە ٧-ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ یەکەم کۆبوونەوە بۆ دامەزراندنی سپای پاسداران ئەنجام درا، بارەگای ساواکی کۆن لە شەقامی سەڵتەنەت ئاباد (پاسدارانی ئێستا) کرایە شوێنی نوێی سپای پاسداران، لەڕاستیدا گونجاوترین شوێن بۆ سپای پاسداران هەر شوێنە کۆنەکەی ساواک بوو، چونکە دواتر دەرکەوت کە سپای پاسداران ڕووی ساواکی خوێنڕێژ و خوێنمژیشی سپی کرد. بڕیارەکەی ئەمریکا بە چەندین هۆکاری مێژوویی، سیاسی و ئینسانی لای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دڵخۆشکەر بەڵام نوێ نەبوو، چونکە کوردەکان لە یەکەم چرکەساتی دامەزراندنی «سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی»ی ئێران، دژی ئەو ڕێکخراوە میلیشیایە وەستانەوە کە ئەرکی سەرەکیی لەنێوبردنی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، جا دژبەرەکان چەکبەدەست بووان یان سیاسی و مەدەنی و تەنانەت ئەدیب و ژینگەپارێزیش. یەکەم ئەزموونی سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە کوردییەکانی دیکە بوو. شەڕی سێ مانگەی کوردستان، کوشتاری قاڕنێ و کوشتاری مەهاباد و بەتایبەت ئیندرقاش بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانی تێرۆریست بوونی سپای پاسدارانن. دوای ئەویش لەسێدارە دانی هەزارانکوردی چەکدار و بێچەک لە نێوخۆی کوردستان و ئێران، هەروەها تێرۆرکردنی دکتور قاسملوو، د. شەڕەفکەندی و سەدان تێکۆشەری کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەڵگەی حاشاهەڵنەگری تێرۆری نێودەوڵەتی سپای پاسدارانن، هەموو ئەو بەڵگەنامانە ڕادەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆنگرێسمان و سیناتۆرە ئەمریکاییەکانیش کراون. لە چل ساڵی ڕابردوودا حەفازەت و ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەهەموو سەرکوت و کوشتارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون، سەرجەم ئەو کەسانەی گیراون و لەسێدارە دراون لەلایەن سپای پاسدارانەوە بووە، هێزی بەناو سنوورپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە سپای پاسداران و دارودەستەکانیان بوون کە سەدان کۆڵبەریان کوشتووە، لەسەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی کوردستان لە ئیلامەوە هەتا ماکۆ سپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، لەهەموو رێگەیەکیشەوە هەوڵی برسیکردنی خەڵکی سەرسنووری داوە بۆ ئەوەی لە پێناو داهاتێکی کەم کەلک لە برسییەتی هەندێک کەس بۆ بە پاسدار و بەسیج کردنیان وەردەگرێ، هەموو ئەو پێشێلکارییانەی سپای پاسداران چ لەڕووی مەدەنی و مافی مرۆڤەوە چ لەڕووی سەربازی و ئاژاوەنانەوە لە ئێران و دەرەوە لەلایەن ناوەندە دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە تۆمارکراون و ڕادەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراون. لە دوایین کردە تێرۆریستییەکانی سپا، مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات بوو، ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەم جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا هەبوون، مووشەکباران کردنی قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێکی دیکە لەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە بوو کە هەر زوو نیکی هەیلی، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بردییە بەردەم شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەناویش ،ناوی سپای پاسدارانی هێنا کە ئەو مووشەکبارانەی کردووە، لەو بوارەدا دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات ڕۆلێکی سەرەکیی گێڕا. کەواتە لەلایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتەوە چل ساڵە سپای پاسداران هۆکاری ناسەقامگیریی ئێران و ناوچەیە، هۆکاری سەرەکیی نەهێشتنی ڕای جیاواز و دێموکراسییە، ئامرازی سەرەکیی سەپاندنی ویلایەتی موتڵەقی فەقیهـ و یەکدەست و یەکڕەنگکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێرانە، هەر بۆیە لە یەکەم ڕۆژدا حیزبی دێموکرات دەنگی بە ڕەوایی دان بە کۆماری ئیسلامی نەدا کە پارێزەرەکەی سپای پاسداران بوو.