کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. مەنسوور سۆهرابی: کۆماری ئیسلامی دژی ژینگەی کوردستانە و کورد بۆخۆی دەبێ لە خەمی ژینگەی خۆیدا بێ

16:15 - 1 بانەمەڕ 2719

لافاوەکان لە ئێران کە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵ دەستیان پێکرد و زیاتر چەند پارێزگای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە، لانیکەم 76 کەسی کوشت و هەرنەبێ 20 هەزار میلیارد تمەن زەرەر و زیانی لەدوای خۆی بەجێهێشت. هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە زۆر باس و قسە لەسەر ئەوە کرا کە ئەگەرچی هەستانی لافاو دیاردەیەکی سروشتییە، بەڵام بارستایی ئەو زەرەر و زیانەی لافاوەکان لە شار و گوند و ناوچە جۆراوجۆرەکانیان دا سروشتی نەبوون؛ وە هەر لەجێدا هۆکارەکانی هەستانی لافاوەکان و پرسی مودیرییەتی قەیران و بەهاناوەچوونی لافاولێدراوەکان زۆر قسە و باسی لەگەڵ خۆیدا هێنا. «کوردستان» بەباشی زانیوە ئەم بابەتە لەگەڵ دوکتور مەنسوور سۆهرابی، دوکتورای ئاگرۆئیکۆلۆژی و توێژەر لە زانکۆی شاری کیلی لە ئەڵمان تاوتوێ بکا. هەستانی لافاوەکان لە ئێران دەرئەنجامی چی بوو؟ نەبوونی مودیرییەت یان گۆڕانی سروشت؟ هەستانی لافاو شتێکی سروشتییه و کاتێک باران زۆر دەبارێ و چۆم و ڕووبارەکان توانای ڕاگرتنی ئەو بارانەیان نییه، یان بە واتایەکی دی ڕادەی ئاو زیاتره له جێگای ڕاگرتنەکەی، لە ئاکامدا لافاو هەڵدەستێ. له ئێران ڕێژەی بارینی باران لە ڕادەی نێونجییەکەی زیاتر بوو، بۆیە لافاو هەستا. ئەوەی که جێگای سەرنجه دەرەنجامی لافاوه که به هۆی بەڕێوەبەریی ناکارامە و نازانستی دەرەنجامەکەی کارەساتی وای لێ کهوتهوه. چەندە کەمتەرخەمی لەهەمبەر پاراستنی سروشت دەتوانێ کاریگەریی هەبێ لەسەر هەستانی لافاو؟ کاتێک مرۆڤەکان دەستکاریی سروشت دهکەن و فاکتۆره ژینگەییەکان لەبەرچاو ناگرن، قەیرانی ژینگەیی ساز دهبێ. بهتایبەتی کاتێک لێڕەوار و دارستانەکان لهنێو دەچن و باران زۆر دەبارێ له دەرودۆڵەکاندا خڕ دەبێتەوه و، لافاو دروست دەکا؛ واته بارانی زۆر دهبێته لافاو. له ئێران گەشە (توسعه) ناڕێک بووە واته، سەقامگیر نەبووە. بەپێی ئامایشی سەرزەوی (آمایش سرزمین Land use planning) کاتێک گەشە ناسەقامگیر بێ، ژینگه زۆرترین خهسار دەبینێ. ئەوە حەقیقەتێکی ئاشکرایە کە ژینگه له ئێران بایەخی نەدراوەتێ، بهتایبەت لهلایەن حکوومەتەوه و هۆی ویشکبوونی تاڵاوەکان و قەیرانی ئاو و سووتان و کەمکردنی دارستان و لێڕەوارەکان هەمووی دهگەڕێتەوه بۆ ناکارامەیی حکوومهت و بەڕێوەبەریی وڵات. ئایا سەدسازی دەتوانێ ڕێگایەک بێ بۆ پێشگرتن لە هەستانی لافاو؟ بەنداولێدانەکان دەبێ بهپێی ئامایشی زەوی بێ، واته هەموو فاکتۆرە ژینگەییەکان لهبەرچاو بگیرێ. له ئێران چونکی گەشه ناپایدار بووە، دروستکردنی بەنداوەکانیش نازانستی بوون، بۆ نموونه بەنداوی گوتوند لەسەر کێوی خوێ دروست کراوە و تەنانەت ئاوی بەنداوەکەش سوێر بووە! بەشێکی دیکەی ئەم خەسارە لەوە سەرچاوە دەکرێ کە لە ئێران ئەوە سپای پاسدارانە پڕۆژەکانی لێدانی بەنداوی دەدرێتێ و ئەو ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەیە کە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەنداوەکان لێ دەدا. وە بۆ سپای پاسدارانیش ژینگه هیچ بایەخی نییه! بەنداو کاتێک توانایی ئەوەی هەبێ که بتوانێ ئاوی زۆر ڕابگرێ، دەتوانێ پێشی خەساری لافاو بگرێ. بەڵام له ئێران نه سەدسازی دروست و زانستی بووە و، نه دوای ئەوەی که بەنداو دروست کراوە ئاوی پشت بەنداوەکە به باشی مودیرییەت کراوه. ئەگەر ئاوی بەنداو به باشی مودیریەت کرابا ئەونده تاڵاوه ئیشک نەدەبوون.کاتێک که دەبا ئاویان بەردابا، بەریان نهدایەوه و، کاتێک بارانی زۆر دەبارێ چونکی بەنداوەدەکان ئاویان زۆر تێدایه و، توانایی ڕاگرتنی ئاوی زۆرتریان نییە؛ پێشی بەنداوەکان دەکەنەوه که خۆی دیسان قەیرانەکە زیاتر دەکا. بۆچی لە ئێران ئەو ڕووداوە سروشتییانە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە؟ له ئێران هەر وەک ئاگادارن، حکوومهت له ڕووی زانستییەوە وڵات بەڕێوە نابا، کاتێک وڵات بەشێوەی زانستیش بەڕێوە نەبرا چکۆلەترین کێشە دەبێته قەیرانی زۆر گەوره. له ئێراندا عیلم و زانست و زانا هیچ بایەخیان نییه، کەسانی نەزان وڵات بەڕێوە دەبەن و ئەوەش بەرهەمەکەیەتی. ڕۆڵی سپای پاسداران لە ڕووداوەکانی هەستانی لافاو لە ئێران چۆن بوو، ئێوە چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟ سپای پاسداران بەڕای من یانی هەموو حکوومەتی ئێران، بە واتایەکی دیکە وڵاتی ئێران له ڕاستیدا له لایەن سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێ، که پێشتر باسم کرد چۆنه. دۆخی سروشتیی کوردستان چۆن دەبینن ئەگەری دووپاتبوونەوەی ڕووداوی گەورە و پڕمەترسی لەو چەشنە تا چ ڕادەیەکە؟ کوردستانی داگیرکراو لهلایەن ئێرانەوه زۆر بەخراپی ئیدارە دەکرێ، دهبینن گۆلی ورمێ چی لێ بەسەر هات! زرێوار تووشی کێشە کراوە، قەیرانەکانی ژینگەیی له کوردستانیش دەبینرێ، ئەگەر له بەشێکی زۆر لە کوردستان لافاوی وا نەهات لەبەر ئەوه بوو بارانی زۆر له یەک ڕوژدا نەباری. بۆ نموونه له خوڕماوا له شەوێکدا 104 میلیمیتر باران باری، که له چراپونچی و ئامازۆن زیاتر بوو! له نیزیک هەمەدان 8۴ میلیمیتر باری. بارینی بارانی ئاوا زۆر له یەک شەودا، دەبێته هۆی هەستانی لافاو، جا ئهگەر دارستان و لێڕەوارەکانیش لەنێو ببرێن ئەوه ئاسەواری لافاو زیاتر دهبێ. دوورەدیمەنی ژینگە و سروشتی ئێران لە داهاتوودا چۆن دەبینی؟ پێویسته عەرزتان بکەم که کێشەی ژینگەیی له ئێران یەکجار زۆره، سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی زیاتر له سەتا نەوەدی نەماوه، هەوا له زۆر شاری ئێران پیسه، کێشەی تۆز و خۆڵبارین هەیه، دارستانەکان له ئەلبورز و زاگرۆس لەنێو دەبرێن. لهڕاستیدا قەیرانی ئاو هەروا بەردهوامه، کاتێک دەتوانین بڵێین قەیرانی ئاو نەماوه که تاڵاوەکان پڕئاو بمێنن، ڕووبارەکان ئاویان هەبێ، ئاوی ژێرزەوی وەک خۆی لێ بێتەوه، مەبەستم ئەوەیه ئەم لافاوه قەیرانی ئاوی ئێرانی چارەسەر نەکردووە. بۆ نموونه هەر ئێستا گۆلی ورمێ بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ئیکۆلۆژیی خۆی، پێویستی به 13 میلیارد میتری چوارگۆشە ئاو هەیه، هەموو لافاوی ئێران نەبووەته شەش میلیارد! له ئێران کاتێک کۆماری ئیسلامی هاتە سەرکار و دروشمی نه شەرقی و نه غەربیی دا و، پێی وابوو دەتوانێ له هەموو بوارێکدا خۆی بژێنێ، فشاری زۆریان بۆ ژینگه هێنا، بەتایبەت له بەشی کشتوکاڵ که گەشەی ناڕێک و نازانستیی قەیرانی ژینگەیی ساز کرد. کۆماری ئیسلامی لهباتی ئەوەی وڵاتی خۆی بهباشی و زانستییانە بەڕێوه بەرێ، پارەی وڵاتی برده سووریە و یەمەن و عێراق و لوبنان و لەو وڵاتانە کردیە خەرجی دەستێوەردانانەکانی خۆی. له کۆتاییدا پێویسته عەرزتان بکەم ئێمەی کورد دەبێ له فیکری سەروەریی خۆماندا بین و، وڵاتی خۆمان بۆخۆمان بەڕێوە ببەین، دەنا داگیرکهران وڵاتی ئێمه نابوود دەکەن و لەنێوی دەبەن. کۆماری ئیسلامی دوژمنی ژینگەی کوردستانە. زۆر سپاس بۆ ئەم دیمانەیە سپاس بۆ ئێوەش