کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەناردەی تێرۆریزمەوە هەتا هێرۆئین

17:48 - 1 بانەمەڕ 2719

بەرپرسانی گومرکی بولغارستان دەستیان بەسەر کامیونێکدا گرتوە کە بڕی 288 کیلۆ مادەی هۆشبەری هێڕۆئینی تێدا بووە. بەرپرسانی بوڵغار دەڵێن ئەم کامیۆنە لە ئێران بار کراوە و بە خاکی تورکیەدا بۆ بولغارستان پەڕیوەتەوە و. دوو کەسیش لەو پێوەندییەدا گیراون کە یەکیان ئێرانی و ئەوی دیکەیان خەڵکی تورکیەیە. بولغارستان کە لەسەر ڕێی تورکیە بۆ وڵاتانی باڵکان هەڵکەوتووە، بۆتە شوێنی تەڕاتێنی مافیاکانی تڕانزیتی مادەی هۆشبەری سەر بە سپای پاسداران. ساڵی ڕابردووش بارێکی 944 کیلۆیی هێڕۆئین سەر بە ئێران لەو وڵاتە دەستی بەسەردا گیرا. پێرارەکەش دوو کامیون باری هێرۆئینی ئێران کە بەرەو ئوتریش دەچوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. لە ئاوریلی 2017دا دەزگای قەزایی ئیتالیا ڕایگەیاند کە هێزی قودسی سەر بە سپای پاسداران ڕایەڵەیەکی تڕانزیت و قاچاغی مادەی هۆشبەر بۆ ئورووپا بەتایبەت لە ئیتالیادا بەڕێوە دەبا و لە عەمەلیاتێکدا 9 کەس لەوانیان دەسبەسەر کردوە کە ئەندامی "حەشدی شەعبی" بوون و لەژێر فەرمانی ئەفسەرێکی پایەبەرزی سپای قودس بەناوی "غوڵامڕەزا باغبانی"دا بوون.