کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران وبرینداربوونی دوو کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

00:04 - 2 بانەمەڕ 2719

بەپێی راپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆڵبەریکی کورد بە ناوی ئەفشین لوتفی کوڕی خەلیل خەڵکی ناوچەی سەقز کەوتە بەر دەسڕیژی چەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەستدا. هەر بەپێی ڕاپۆرتی هەمان سەرچاوە، کۆڵبەریکی دیکەی کورد بە ناوی شەمسەدین حاجیزادە کوری عەبید خەڵکی ناوچەی سۆماوبرادۆست کەوتە بەر دەسڕێژی چەکدارەکانی ڕێژیم و بە توندی بریندار بوو. هەرچەند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی هیچ یاسا و ئوسووڵ و پێرێنسپێک نییە بەڵام بەپێی ماددەی ٣ی یاسای کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ کەڵکوەرگرتن لە چەک دا هاتوە کە " هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا دەتوانن دەست بۆ چەک بەرن کە گیانیان لە مەترسیدابێ یا لایەنی بەرانبەر نیازی کوشتنی ئەوانی هەبێ". شایانی باسە کە بێکاری و نەبوونی و هەژاری، تەنگی بە خەڵکی کوردستان هەڵچنیوە و لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ چارەسەری ژیانی خەڵکی کوردستان نییە، خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان پەنا بەرنە بەر کۆڵبەری. کۆڵبەریی لەگەڵ ئەوەی کە زۆر سەخت و زەحمەتە و بەفر و سەرما و شاخ و کێوەکانی کوردستان بەشێکن لە کۆسپ و گرفتەکان، هەر لەو کاتەشدا مەرگ هەمیشە چاوەڕوانی ئەو کەسانەیە کە دەیانهەوی بە کۆڵبەری ژیانی بنەماڵەکەیان دابین بکەن. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە سەدان کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون، بەڵام لە ڕووی نەبوونی و ناچارییەوە خەڵکی کوردستان هەر بەردەوامن لە کاری کۆڵبەری و لەو ڕیگەیەشدا بەداخەوە گیان لە دەستدەدان.