کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەرچاوی ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ئێران و یەکیەتیی ئورووپا

00:05 - 2 بانەمەڕ 2719

ناوەندی زانیاریی ئابووریی یەکیەتیی ئورووپا لە ئاخرین ڕاپۆرتی خۆی لە پێوەندیی لەگەڵ ئاڵووێری بازرگانی لە نێوان ئێران و یەکیەتیی ئورووپا، باس لە دابەزینی بەرچاوی ئاڵووێرە بازرگانییەکان دەکا لە دوو مانگی ڕابردوودا. بەپێی ڕاپۆرتی بازرگانیی نێوان ئێران و یەکیەتیی ئورووپا، لە دوومانگی ڕابردوودا ئەو ئاڵووێرە تەنیا ٧٥٦ میلیۆن یۆرۆ بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ئەو دوولایەنە ٣ میلیارد و ٧٢ میلیۆن یۆرۆ بووە. دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتەدەر و گەڕی دووهەمی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکرد، زۆربەی کۆمپانیا ئورووپاییەکان وڵاتی ئێرانیان جێهێشت و بانک و کۆمپانیاکانی دیکەش ئاڵووێری بانکی و بازرگانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگرت. لە سەرەتای چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، چەند دەوڵەتێکی ئورووپایی بە تایبەت ئاڵمان و فەڕانسە وبریتانیا ویستیان ڕێگەیەک بۆ کاری بازرگانیی لەگەڵ ئێران ببیننەوە کە زیان بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا نەگەیەنێ و بەجێی ناردن و پێدانی پارە بە کۆماری ئیسلامی، تەنیا ئاڵووێری نەوت و کەلوپەلیان بەیەکەوە هەبێ. بەڵام کۆمپانیا ئورووپاییەکان کە بەدوای بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئامادە نەبوون بە خاتری ئاڵووێری کەمی بازرگانی، بازاڕی گەورەی ئەمریکا لەدەست بدەن و لە لایەکی دیکە لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا وازیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێنا. شایانی باسە کە گەمارۆکانی ئەمریکا، کێشەی زیندانییان، چەکی مووشەکی بالستیک، دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، تێرۆریزم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەشێکیتر لەو کێشە و ناکۆکیانەن کە پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکیەتیی ئورووپای بەرەو گرژی و ئاڵۆزی بردووە. کردەوەی تێکدەرانە و سیاسەتی تێرۆریستی و ئاژاوەگێریی کۆماری ئیسلامی وایکردووە کە وڵاتانی ئورووپایی متمانەیان بەو ڕێژیمە نەمێنێ کە ماوەی چل ساڵە بە سیاسەتی چەواشەکارانەی خۆی دەیهەوێ بیروڕای گشتیی جیهان فریو بدا و، هێژمونی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دیکەی جیهاندا بسەپێنێ.