کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسەنگاندن و تاوتوێی بڕیارێکی گرینگی سیاسی و مێژوویی

15:59 - 2 بانەمەڕ 2719

ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (هەڵسەنگاندن و تاتوێی بڕیارێکی گرینگی سیاسی و مێژوویی) دەوڵەتی ئەمریکا بە مەبەستی لاوازکردنی نەیارانی خۆی لە هەموو ڕێکارەکانی بەردەستی کەلک وەردەگرێ. یەکێک لەو ڕێکارانە کە لە سەردەمی ئێستادا هەتا ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەری هەبووە لە سەرخستنی ئامانجەکانی ئەم وڵاتەدا، ئابلۆقەی ئابوورییە، بەو مانایە کە لە بواری ئابوورییەوە وڵاتی نەیاری خۆی گەمارۆ داوە و، ناچاری کردووە بێتە سەر مێزی دانوستان. یاسای ئابلۆقە یان هەمان کاتسا، لە ڕوانگەی شارەزایانی بواری سیاسییەوە کە چاودێری کێشەکانی ئێران و ئەمریکا دەکەن، بە دایکی تەحریمەکان دەناسرێ؛ چونکە هەموو کەلێن و کەلەبەرەکانی بواری ئابووری و سەربازی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێ. نێوەرۆکی قانوونی کاتسا وڵاتانی ئێران، کۆرەی باکوور و ڕووسیەی کردۆتە ئامانج و، ئەمریکا لە ڕێگای ئەو قانوونەوە دەیهەوێ کار و کردەوەی ئەو سێ وڵاتە کە زیان بە بەرژەوەندییەکەی دەگەیەنن بخاتە ژێر چاودێری و؛ لە ڕێی تەحریمی ئابووری و سیاسییەوە بەربەرەکانیان لەگەڵ بکا. قانوونی بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگای تەحریم (کاتسا) ڕۆژی چواری گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند کراوە و، لە ١١ی گەلاوێژی هەر ئەو ساڵەدا سەرکۆماری ئەمریکا ئیمزای کردوە. لە وڵاتی ئەمریکا هەر پەسندکراوێکی کۆنگرێس بە ئیمزای سەرکۆماری بگا، حوکمی قانوون بە خۆیەوە دەگرێ و ئۆرگانی ئیجرایی کە هەمان دەوڵەتە لە سەری دەبێتە ئەرکێک و دەبێ ڕایپەڕێنێ و، دەوڵەتی ئەمریکا بەرپرسە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا نێوەرۆکی ئەو قانوونە کە بەدژی ئێران پەسەند کراوە جێبەجێ بکا و؛ لە دژی بەکاریان بێنێ. دەکرێ ئامانجی ئەمریکا لەو قانوونەی بە دژی ئێران لە پێنج خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە: 1) کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتیی خۆیدا بۆ جارێکی دیکە بێنێتەوە سەر مێزی وتووێژ لەمەڕ پرسی ناوەکیی ئێران. ٢) کۆماری ئیسلامی مەهار بکا و، بگەنە ئەو ئامانجەکە ئێران دەست هەڵگرێ لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و هێزە نیزامییەکانی لە وڵاتانی عێراق، یەمەن و سووریە بکێشێتەوە. ٣) زەمانەتی پاراستن و لە ئاکامدا بەڕەسمی ناسینی ئیسڕاییل لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مسۆگەر بکا. ٤) کۆماری ئیسلامی واز لە دروستکردنی مووشەکی دوورهاوێژ بێنێ کە ئەو مووشەکانە دەتوانن هەڕەشە بن لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. ٥) دەست لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هەڵبگرێ و ڕێز دابنێ بۆ یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ. ئەمریکا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی خۆی بێجگە لە ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ فشار خستنەسەر ئێران، یەک لایەنە ماوەی یەک ساڵە گەمارۆکانی وەگەڕ خستۆتەوە و کۆماری ئیسلامیی تووشی کێشە و گرفتی زۆر، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران کردوە. بەڵام ناساندنی سپای پاسداران بە ڕێکخراو و سپایەکی تێرۆریستی، خۆی هەڵگری چەندین پەیامی قورس و چارەنووسسازە لە سەر داهاتووی ئێران و کۆماری ئیسلامی؛ چونکە ئەگەر هەتا پێش پەسەندکردنی ئەو قانوونە و ڕاگەیاندنی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، هەموو کات باس لەوە دەکرا کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێراندا، سپایەکی سەرکوتگەری خەڵکی ئێرانە و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش پشتیوانی هێز و گرووپە تێرۆریستییەکانە. بەڵام بە ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی ئەو قانوونە پلەی سپای پاسداران لە پشتگیریی تاقم و گرووپی تێرۆریستی، دەگوازرێتەوە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی و دیاریکردنی سازمان یا ڕێکخراوێک بەناوی تێرۆریستیی بیانی لە ئەمریکا ڕێکارێکی قانوونییە، واتا بە قانوون ڕێک خراوە و ئەو قانوونە ئیزن دەدا بە دەوڵەتی ئەمریکا کە بە دژی ئەو ڕێکخراوەیە کە، کۆمەڵێک سزای لەسەر دابنێ. وەک: گەمارۆی ئابووری، پێنەدانی ویزای ئەمریکا بە ئەندامەکانی و ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاریی ئەو ڕێکخراوەیە دەکەن، دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە و ئەندامەکانی یا ئەوانەی هاوکاریی دوور ونیزیکی دەکەن، ئەوانەی داراییان لەنێو خاکی ئەمریکادا هەبێ، بەدوادا چوونی قانوونی بۆ ئەو کەسانە کە لە دەرەوی خاکی ئەمریکا هاوکاریی ماڵیی ئەو ڕێکخراوەیە دەکەن و... بەپێی قانوونی بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگای تەحریم (کاتسا) سپای پاسداران دەچێتە خانەی تێرۆریست بوون و، ئەوە دەتوانێ ئەو مانایە بدا کە دەستی دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا ئاوەڵاترە بۆ حەرەکەتی نیزامی، چونکە بەپێی قانوونەکانی دژی تێرۆریزم لە ئەمریکا، هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە لە دەرەوی سنوورەکان و نێوخۆی ئەمریکا بەرپرسن لەمەڕ ئەوەی کە تێرۆر و تێرۆریزم لە ئەمریکا دوور بکەنەوە. سپای پاسداران دوای ڕاگەیاندنی ئەو قانوونە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هەر بۆیە سپای ئەمریکا دەبێ بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بداتەوە و، ئەوە ئەگەری تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان سپای ئەمریکا و سپای پاسداران زیاتر لە جاران بەهێز دەکا و، لە کاتی ئێستادا ئەگەر ئەنگیزەیەک هەبێ بۆ تێکهەڵچوونی نیزامی، هەم ترامپ و هەم سپای ئەمریکا ترسێکیان نییە لەو بابەتەوە، چونکە ڕەواییەکی یاساییان لە پشتە. یاسای کاتسا ئەم تەحریمانە لەخۆ دەگرێ: تەحریمی بەرنامەی مووشەکە دوور هاوێژەکان، تەحریمی سپای پاسداران وەک سپایەکی تێرۆریستی بەهەموو بەشەکانیەوە، تەحریمی ئەو کەس و لایەنانەی ڕۆڵ و بەرپرسایەتیان هەیە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، تەحریمی چەکی قورس وەک تۆپخانەی قورس و تانک و تەیارەی شەڕکەر، هەوڵدان بۆ هاودەنگکردنی ئورووپا بۆ سەپاندنی گەمارۆکان، کارکردن لەسەر کەیسی ئەو ئەمریکاییانەی لە ئێران دەستبەسەرن. گرینگترین جیاوازیی ئەو گەمارۆ نوێیە ناساندنی سپای پاسدارانە بە سپایەکی تیرۆریستی، چونکە بەپێی هەموو زانیارییەکان سپای پاسداران بێجگە لەوە کە سپایەکی نیزامییە و ماوەی چل ساڵە باسکی بەهێزی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەرکوتی خەڵک و، لە سامانی گشتیی ئەم وڵاتە ساڵانە مووچە بۆ خۆی دیاری دەکا، دامەزراوە یان باشتر وایە بڵێین مافیایەکی ئابوورییە و زیاتر لە بیست هەتا چل لە سەدی بازرگانی و ساخت و سازی ئێرانی لەژێر دەست دایە. لە هەمان کاتدا نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە پێداوە و، بۆ ئامانجە تێرۆریستییەکانی لە هیچ حەولێک سڵ ناکا. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچوو کە لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی حوکمی مێژوویی دادگای میکۆنووسدا بووین. ساڵی ١٩٩٧ لە شاری بێرلین لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا کە سێ ساڵ و نیوی خایاند، لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بکوژی د. سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی ناسێندران. ئێستاش پاش تێپەربوونی ٢٢ ساڵ لەو حوکمە، دەوڵەتی ئەمریکا سپای پاسداران (یەکێکی دیکە لە ناوەندە خاوەن دەسەڵاتەکانی ئەو ڕێژیمە) دەخاتە لیستی ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە. ئەمە لە پێشدا، یەکەم نیشانەی ئەوەیە کە حوکمی دادگای میکۆنووس لەسەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، حوکمێکی دروست و لەجێدا بووە و، دووهەم ئەوەیە کە دەوڵەتانی جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەو قەناعەتە بگەن کە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا، سەرەڕای ئاگاداری لە هەموو دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پەرەپێدانی توندوتیژی لە نێوخۆی ئێران و ... لە ئاکارە بشێوێن و سەرکوتکەرانەکانی ئەم ڕێژیمە چاوپۆشی نەکەن. لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە وەبیر بێنینەوە کە کۆماری ئیسلامی لە دوای چل ساڵ دەسەڵاتداریی خۆی، ئێستاش وەک حکوومەتێکی ئینقلابی هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەی ئێران عەمەل دەکا و، سپای پاسداران کە کۆڵەکەی ئەسڵیی نیزامی کۆماری ئیسلامییە و، باڵی بەڕێوەبەریی ئەو ستراتیژییەیە کە لە پێشەکیی (... شۆڕشی ئێران جووڵانەوەیەک بوو بۆ سەرکەوتنی تەواوی زوڵم لێکراوان، بەسەر زاڵماندا و کۆماری ئیسلامی بەستێنی ئەو شۆڕشە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئامادە دەکا ...) و، ئەوە هەمان ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کە سپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکی پێ بڕاوە. دواوتە هەتا ئەو یاسا بنەڕەتییە واتە ستراتێژیی هەناردەکردنی شۆڕش بەردەوام بێ و، نیزامێکی سیاسیی دەسەڵاتدار کە باوەڕی بە هەناردەکردنی ئیدۆلۆژی و باوەڕەکانی خۆی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی هەبێ، ناکرێ چاوەڕوانیی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و خۆ گونجاندن لەگەڵ نەزمی جیهانی لێ بکری.