کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نفوزی تێرۆریستیی ئێران لە ڕۆژئاوا دەکرێ چێ لەگەڵ بکرێ؟

16:03 - 2 بانەمەڕ 2719

سەرۆککۆمار ترامپ سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی ناساند. ئەو کارە دەبوو زووتر کرابا. سپای قودس خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکانی لەدەروەی ئامریکا کردۆتە ئامانج و یارمەتی دارایی، ئەندام و کەرەستەی بۆ ڕێکخراوی تێرۆریستیی کە لە چوار گۆشە دنیادا قوتی کردوونەوە دابین کردوە. سپای پاسداران بە شێوەیەکی پەرەئەستێن دەوری سەرەکیی لە پەرەپێدانی نفوزی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەبووە و لە بواری جوغرافیاییەوە خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیک کردۆتەوە. ئەو تاقمە تێرۆریستییە بە هەمان شێوە بۆتە بەشێکی جیانەکراو لە کردارەکانی دەوڵەتی ئێران دژی نزیکترین هاوپەیمانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسڕائیل، و ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بەرپرسی ڕاهێنانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی تاڵەبان لە ئەفغانستانە بۆوەی هێزەکانی ئامریکایی بکوژن. بە گوتەی پسپۆڕان، ئەو هەنگاوە نوێیەی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ گوشار دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و هەروەها ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی بێ ئاکامکردنی ئابلۆقەکان بدەن. ڕۆژی دووشەممە سەرۆک کۆمار ترامپ لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی گوتی: «ئەو هەنگاوە کە یەکەم جارە، و وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەی دەبا، ئیعتراف بەو ڕاستییە دەکا کە ئێران نە تەنیا پشتیوانی دەوڵەتیی تێرۆریزمە، بەڵکوو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بەشدارە لە دابین کردنی دارایی و برەودان بە تێرۆریزم وەک ئامرازی دەوڵەتداریی. سپای پاسداران کەرەستەی سەرەکیی دەوڵەتی ئێران بۆ بەڕیوەبەریی و ئەنجامدانی هەڵمەتی تێرۆریستیی جیهانییە.» بەڵام هەندێک کاربەدەستی هەواڵگریی لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ پێویستە هەنگاوێک زیاتر باوێ و بەڕێوەبەرانی سپای پاسداران و دەزگای هەواڵگریی ئێران وەک تێرۆریست بناسێنێ. بێگومان سپای پاسداران ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی لە جیهانە و بە تێرۆریست ناسێنرانەکە یەکەم هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمە لە سەرانسەری جیهان. ئەندامی ناسراوی کۆمیسیۆنی هەواڵگریی کۆنگرە، سەر بە حیزبی کۆماریخواز، دێڤین نونێز، زۆر دەمێکە کە پێداگر بووە کە سپای پاسداران هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی جیهان. جگە لەوە، ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە کەرەستە، ڕاهێنان و پشتیوانی دارایی دەداتە ڕێکخراوی تێرۆریستی لە ئەفغانستان و عێراق کە هێزەکانی ئێمەیان لەدەروەی وڵات کوشتووە. نونێز بە ماڵپەڕی سارا کارتەری ڕاگەیاند کە ئەو پشتگیریی لە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەکا، کە هەر کەسێک کە مامەڵە لەگەڵ سپای پاسدارانی شۆڕشی ئێسلامیی ئێران بکا تووشی مەترسیی لێپرسینەوە لە لایەن سیستەمی دادوەریی ئامریکا لەبەر یارمەتیدان بە تاقمێکی تێرۆریستیی دەبێتەوە. ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە: «سپای پاسداران بێگومان ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانییە، من نازانم چۆن ئەوە بۆ مشتومڕ دەبێ؟» بە گوتەی جیم فیلیپس، لێکۆڵەرێکی پایەبەرزی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دامەزراوەی هەریتێج، ئەو بڕیارە بۆ مشتومڕ نابێ. فیلیپس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دیاریکرانە یارمەتی بە وڵاتە یەکگرتووەکان دەکا تا ئابلۆقەی ئابووری بەسەردا بسەپێنێ. فیلیپس گوتی: «دیاریکرانی سپا وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی ئابلۆقە داراییەکان دژی سپای پاسداران و سەرجەم لایەنی بیانیی کە لەگەڵیدا یا لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە ئەوان مامەڵە دەکەن خێرا دەکا، ئەوە دەبێتە هۆی وێشککردنی سامانەکانی سپای پاسداران کە دەنا بۆ پشتگیریی بەرنامەکانی خۆی یا ڕایەڵە تێرۆریستییەکانی سەر بە خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێ. ئاکامی کۆتایی ئەوە دەبێ کە ئامرازی زۆرتر بخاتە بە دەرست بەڕیوەبەرایەتی ترامپ تا بتوانێ ئەوپەڕی گوشار بخاتە سەر ئێران.» فیلیپس جەختی کردەوە کە جگە لە ئێران، «ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زەرەر لە ئابلۆقە نوێیەکان دەکەن عێراق، سورییە، لوبنان و تورکیە دەبن چونکە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران بەردەوامە. بەڵام، من گومانم لەوەدا هەیە کە هەرکام لەو وڵاتانە بە ویستی خۆیان بیانهەوێ ملکەچی ئەو ئابلۆقانە بن.» ئێران لە ڕۆژئاوای گۆی زەوی لێکۆڵینەوەی ورد لە بارەی ئاکارەکانی ئێران لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٥دا بۆ کۆمیسیۆنەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا باسیان لێوە کراوە. سکات مادێڵ، ڕاوێژکارێکی پایەبەرزی ناوەندی ستراتێژیک و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی باسی تەشەنەکردنی ترسناکی سەربازی و هەواڵگریی ئێران لە ناوچە و دەوری سەرەکیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەکا. ئەوە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، باڵێ ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکان، واتە سپای قودس، وەزارەتی ئەمنییەت و هەواڵگریی ئێران، بەکرێگیراوە تێرۆریستەکانی ئێران، کە ناسیاوترینیان حیزبوڵڵای لوبنانە، ڕایەڵەیەکی ناوەندی ئیسلامی، دامەزراوە، ناوەندی بەناو خێرخوازیی، مزگەوت، باڵوێزەکانی ئێران (کە زۆر جار ئەندامی سپای پاسداران و وەزارەتی هەواڵگرین) و کارمەندی دیکەی وەزارەتی کاروباری دەرەوە و ڕایەڵەیەکی پەرەئەستێنی جیهانیی سیخوڕ، بە کرێگیراو و کاربەڕێکەر دەگرێتەوە کە چالاکیی جۆراجۆری نایاسایی، لە کڕین و فرۆشی چەکوچۆڵ و ماددەی سڕکەر تا قاچاخچییەتی مرۆڤ و دابینکردنی کەرەستەی بەرنامەی ئەتۆمیی بەڕێوە دەبەن. لە کاتێکدا کە هەوڵە بەرزەفڕانەکەی ئێران بۆ هەناردەکردنی شۆڕشەکەی لە دنیای ئیسلامیدا بەڕێوە چووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ بەولاوە بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی دەستڕۆیشتوویی لە وڵات و ناوچەی ستراتێژیک کە بتوانن وەک هاوبەش لە ڕایەڵەیەکی جیهانی بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بجووڵێنەوە چڕ کردۆتەوە. ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەندێک وڵاتانی ئامریکای لاتین بە ڕێبەریی ڤێنێزوئێلا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئابلۆقەکان بەستووە. ئەوان ئاسانکارییان بۆ مامەڵەی نەوتی ئێران کردووە، بواری دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی بانکیی جیهانی، بۆ بەرپەرچدانەوە ئابلۆقەکانی ئورووپایی و وڵاتەیەکگرتووەکانیان، خۆش کردووە و ئاسانکارییان بۆ ئێران کردووە تا بتوانێ کەرستەی سەربازیی ئاسایی و ئەتۆمییش دابین بکا. شێوەی بەرپەرچدانەوەی ئێران بە ئابلۆقەکان و چۆن ئامریکا لە کاریگەر بوونی ئەوان دڵنیا دەبێ ماوەتەوە ئاشکرا بێ. ئەوەش تا ئێستا ئاشکرا نییە کە ئاخۆ دیاریکردنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی چ کاریگەرییەکی لە سەر سنووردارکردنی نفوزی ئێران لە ڕۆژئاوای گۆی زەویدا دەبێ. ئۆپەراسیۆنە سەربازییە شاراوە و ئاشکراکانی سپای پاسداران بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئێمە لە کاربەدەستانی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوەندی ئامریکا دەستمان کەوتووە، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی خەریکی ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی سەربازیی شاراوە و ئاشکرایە لە وڵاتانی ئامریکای لاتین و ئامریکای باشوور. ئێران لێبڕاوانە هەوڵی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ بازاڕە گەشەئەستێنەکانی ئامریکای باشوور و ناوەند داوە. لە ئاکامدا، ڕێژیم پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕێژیمە دیکتاتۆڕە کۆمۆنیست_سوسیالیستەکانی وەک ڤێنێزوئێلا و بولیوی درووست کردووە. جگە لەوە، نفوزی ئێران لە ڕۆژئاوای گۆی زەوی تەنیا هەڕەشەی زارەکیی نییە بەڵکو شتێکی زۆر ڕاستەقینەیە. لە ٢٠١٣، جۆبی واریک هەواڵنێری واشینگتۆن پۆست وتارێکی وردبینانە و نایابی بڵاو کردەوە کە تیایدا باسی تەشەنەی هەواڵگریی و یارگیریی ئێران لە مەکزیکی کردبوو. لە ٢٠١٢، کەسێک بە ناوی مەنسوور ئەربابسیار کە لە تێکزاسی ئامریکا دەژیا، ئیعترافی کرد کە یارمەتیی ئێرانی کردووە تا دیپلۆماتێکی سعودی لە واشینگتۆن لە گەڕەکی بەناوبانگی جۆرجتاون بکوژێ. بێجگە لەوە، خولیای ئێران بۆ نفوز لەو ناوچەیە تا ڕاددەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ویستی ئەو بەرامبەر بە دوژمنەکەی واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان. لەمێژ ساڵە کە ئێران فێنێزوئێلای وەک دەروازەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بەکار هێناوە. کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کاربەدستانی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی لە ناوچەکەدا لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا دیتوویانە کە ئەو هەوڵانە بەردەوام زیادیان کردووە. هەواڵگریی ئێران و ئەفسەرانی سپای پاسداران زۆر جار ڕاستەوخۆ بە فڕۆکە لە تارانەوە دەفڕن بۆ کاراکاس. جگە لەوە، کاتێک کە کاربەدەستانی هەواڵگریی ئێران لە ڤێنێزوئێلا بن، دەتوانن بە ئاسانی لە سەرانسەری ناوچە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن. کاربەدەستە پایەبەرزەکانی سپای پاسداران و هەروەها کاربەدەستانی وەزارەتی هەواڵگری و کاربەدەستانی ئەمنییەتیی دیکەی ئێران زۆرجار لە نێوان تاران و ئامریکای باشوور و ئامریکای ناوەند لە هاتووچۆ دان. کاربەدەستێکی پۆلیسی فێدێڕاڵ کە لە ناوچەکەدا کاری بۆ هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە گوتی: «لە هەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو کە لە دە ساڵێ ڕابردوودا ئەو هاتۆچۆیە لە ژێر چاودێری بگری چونکە لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆبامادا لەچاو بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، ئەو شتە پشتگوێ دەخرا.» دیاریکردنی تاکەکانی نێو سپای پاسداران و هەواڵگریی ئێران وەک تێرۆریست بە پێچەوانە، هەندێک کەس دەڵێن کە دیاریکردنی سپا وەک ڕیکخراوێکی تێرۆریستی ئاسەوارێکی ئەوتۆی نابێ. چەند کاربەدەستی هەواڵگریی پێیان وایە کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ پێویستە بیر لە دیاریکردنی کاربەدەستانی سپای پاسداران وەک تێرۆریست بکاتەوە. کاربەدەستێکی پێشووی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان کە زانیاریی ڕاستەوخۆی لە سەر ناوچەکە هەیە گوتی، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ لە ڕێگای بە تێرۆریست ناساندنی کاربەدەستە پایەبەرزەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی گوشار بخاتە سەر ڕێژیم و توانایی ئەو سنووردار بکا. ئەو کاربەدەستە گوتی: «دەستنیشانکردنی سپای پاسداران وەک تێرۆریست کورتبینانەیە، ڕێکخراوەکە چەند باسکی شاراوەی وەک دابینکردن و پشتیوانیی دارایی بۆ سپای قودس، حیزبوڵڵای لوبنان، و چەند تاقمی میلیشیایی لە عێراق و سورییە هەن.» ئەو کاربەدەستەی پێشوو گوتی کە کاریگەرترین ڕیگا بۆ بە ئامانج کردنی سپای قودس «ئابلۆقەی تاکەکەسی» و «دیاریکردنی کاربەدەستانی سپای پاسداران، بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی و ڕێبەریی و بەڕێوەبەرانیەتی وەک تێرۆریست.» ئەو کاربەدەستە هەواڵگرییە ئەوەشی زیاد کرد: «تۆ دەتوانی ناو و ڕوخسار، حیسابی بانکی و کۆمپانیای بازرگانی ئەوان دەستنیشان بکەی و بەڕاستی زەرەرمەندییان بکەی. ئەوەیە جیاوازیی نێوان یەکجار تەقەکردن لە سپای پاسداران لەگەڵ هەنگاوتنی پەیتا پەیتای تەک تیرئەنداز کە دەبێتە هۆی داڕمانی سامان و دامەزراوە شاراوەکانی ئەوان کە بە چەندین ساڵ کۆیان کردۆتەوە. لیستەی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی سامانی دەرەکیی ) چەکێکی بەهێزە و تۆ دەتوانی پێش بە مامەڵەی بانکیی ئەوان یا کەڵکوەرگرتن لە دۆلار لە لایەن ئەوانەوە بگری. بیرۆکەی ئابلۆقەکان دەبێ هەنگێو و بەژان بێ.» * سارا کارتەر و لە ئیگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور