کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم

16:22 - 2 بانەمەڕ 2719

سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە ڕۆژی ٨ی ئاپریلی ئەمساڵ لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بە سپایەکی تیرۆریست ناسێندرا و بە ڕەسمی خرایە لیستی هێزە تیرۆریستەکانی جیهانەوە، ڕێکخراوێکی سەربازییە کە ڕۆژی ٢ی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (٢٢ی ئاپریلی ١٩٧٩) بە فەرمانی خومەینی لە لایەن شووڕای شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ پاراستنی ڕێژیمی تازەدامەزراوی خومەینی دامەزرا و لە قانوونی بنەڕەتی (دەستوور)ی ئەو ڕێژیمەدا بە هێزیکی چەکداری ڕەسمیی ڕێژیم پێناسە کراوە. دامەزرێنەرانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ دوو ئامانجی سەرەکی سپای تیرۆریستی پاسدارانیان دامەزراند. یەکەم بۆ ئەوەی بتوانن بە زەبری هێزێکی دڕ و تۆقێنەر بەتەواوەتی دەست بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا بگرن و نەهێڵن پاش ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆری پادشایەتی، سیستەمێکی سیاسیی دیموکرات و فرەلایەن لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەئاییندا پێک بێ، کە ئامانجی گەلانی ئێران بۆ دووای ڕووخانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکەی پەهلەوی بوو. هەربۆیە سپای تیرۆریستی پاسداران بەخێرایی بەرەنگاری هەموو هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران بۆوە و بە شێوەیەکی توندوتیژ و دڕندە هەمووانی سەرکوت کرد و تەنیا بواری بۆ لایەنگرانی پێکهێنانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ هێشتووە تا خۆیان بەسەر گەلانی ئێراندا بسەپێنن. دووەمیش بۆ ئەوەی کە پاش خۆسەپاندنیان بەسەر ئێراندا بە ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییەوە ئەو هێزە تیرۆریستە بۆ پێکهێنانی ئیمپراتۆریی شیعە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەکار بێنن. کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کاریان لەسەر ئەو ئامانجەیان کرد و بە خەرجکردنی سامانی گەلانی ئێران چەندین گرووپی میلیشیایی شیعەیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە سەرپەرشتیی سپای تیرۆریستی پاسداران پێک هێنا. هەربۆیە لە ناوچەکەدا کێشمەکێشی ئایینزایی پەرەی سەند و لە بەرانبەر میلیشیا شیعەکاندا چەندین گرووپی توندئاژۆی سوننەمەزەبیش پەیدا بوون، کە داعش بەناوبانگترینیانە. ئەم کردەوانە بوونە هۆی هەڵگیرسانی چەندین جەنگی خوێناوی لە ناوچەکەدا، هەربۆیە پاش چل ساڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بڕیان داوە بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە تیرۆریستە ببنەوە و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکایە کە ڕۆژی ٨ ئاپریل بە بڕیاری بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی هەنگاوێکی گرینگی مێژوویی لەپێناو مرۆڤایەتیدا هەڵیناوە. بەشێکی بەرفرەوان و بەرچاوی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد کەوتووەتە نێو ئەو جوغرافیا سیاسییە داسەپاوەوە کە لەسەر نەخشەی جیهان بە ئێران ناسراوە و لە ئەدەبیاتی سیاسیی نەتەوەی کورددا بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دەبرێ. لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پادشایەتیدا گەلی کورد پێشەنگ بوو، تا کاتی ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆریی پەهلەوی گەلی کورد زیاتر لە ٣٢ ساڵ پێشینەی خەبات دژی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەی هەبوو، بۆیە پاش ڕووخاندنی ڕێژیمی پادشایەتی دەیەویست لە ڕێی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی خۆیەوە لە پێکهێنانی سیستەمی نوێی سیاسیی ئێراندا بەشدار بێ و، لە سۆنگەی پێشینەی خەباتەکەیەوە خاوەنی هێزی سیاسی و سەربازیی خۆیشی بوو، کە یادگاری کۆمارە کەمتەن و پڕبەهرەکەی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٦ی زایینی)دا بوو، هەربۆیە خواستەکانیشی ڕوون و ئاشکرا بوون و دەیەویست سیستەمی نوێی ئێران لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆریی پادشایەتی، لە سیستەمێکی ناوەندییەوە ببێ بە سیستەمێکی دێموکراتی ناناوەندی و گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی لەسەر خاکی خۆیان خاوەنی ئیدارەی خودموختاری خۆیان بن. بەڵام ڕێژیمی ئایدیۆلۆژیکی خومەینی ئەوەی پێ قبووڵ نەکرا، هەربۆیە بەپێی فتوای مەزهەبی و بە زەبری سپای تیرۆریستی پاسداران هێرشی کردە سەر کوردستان و بە تێرۆر و ئێعدام و تۆقاندن بەرەنگاری خواستە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بۆتەوە. نەتەوەی کورد هەر لە سەرەتای دامەزرانی ئەو سپا تۆقینەرەوە بە سپایەکی تیرۆریست و دڕندەی لەقەڵەم دا و بەرەنگاری بۆوە. شار و گوندەکانی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی تیرۆریستیی سپاکەی خومەینی، چەندین گوندی کوردستان بەتەواوەتی قەڵتوبڕ و ژینۆساید کران، لە ناوەندی شارەکاندا چەندین شەڕی نابەرانبەر بەسەر خەڵکی مافخوازی کورددا سەپێنرا، هەزاران مرۆڤی کورد لە لایەن سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە ئێعدام کران، یان لە شەڕدا شەهید کران، تەنانەت لەسەر مێزی دیالۆگ ڕێبەرانی ئاشتیخوازی کورد بە دەستی نێردراوانی ئەو سپا تیرۆریستە لە ناوەندی ئورووپا تیرۆر کران. بە فتوای خومەینی ئەو سپا دڕندەیە شەڕێکی بەسەر نەتەوەی کورددا سەپاند کە تا ئێستاش بەردەوامە و پاش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان هێشتا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە لایەن سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە دەستگیر دەکرێن و لە سیاچاڵەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا دەکوژرێن، لەسێدارە دەدرێن، یان بە ئاگری چەکی قورس و پێشکەوتووی وەکو مووشەکی دوورئەنگێو، بۆنموونە مووشەکبارانەکەی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژ دەکرێن. بڕیارەکەی ئەمریکا کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی بە گرووپێکی تیرۆریست ناساند، چەندە زەربەیەکی کوشندەیە لە ڕێژیمی دڕندەی ئیسلامیی ئێران درا، ئەوەندەش پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەباتی ڕەوای گەلانی مافخوازی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، چونکە ئێستا دنیا ڕوونتر لە هاواری مافخوازانەی گەلی کورد تێ دەگا و ناوەندە بڕیاردەرەکانی دنیا بۆیان دیار دەکەوێ کە نەتەوەی کورد ٤٠ ساڵە لەگەڵ هێزێکی تیرۆریستی دڕندە شەڕ دەکا، کە سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەرفرەوانی وەکو ئێرانی داگیر کردووە و خۆی پێی پڕچەک کردووە. هەروەها ئەو بڕیارە زیانێکی قورس بە داهاتەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران دەگەیەنێ و هەر لەو سۆنگەیەشەوە توانای ئەو سپا سەرکوتکەرە بۆ سەرکوتکردنی هاواری گەلانی ئێران زۆر کەم دەبێتەوە، لەوەش گرینگتر ئیدی ئەو بەشەی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم کە هێزی قودسی سپا بەڕێوەی دەبرد و وڵاتانی ناوچەکەی پێ لە ئاژاوەوە دەگلاند، ئەگەر بەتەواوییش لەکار نەکەوێت، ئەوە هیچ بڕشتێکی ئەوتۆی نامێنێ. لایەنێکی زۆر گرینگی ئەو بڕیارەی ئەمریکا، کە دەمەوێ کۆتاییی پێ بە یادداشتەکەم بێنم، ئەوەیە کە پەرچەکرداری باڵەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکادا گومانی ئەوە لای گەلانی ئێران نایەڵێ، کە سەرلەبەری باڵەکانی ڕێژیم سەر و بنی یەکن و ڕیفۆرمخوازی تەنیا دروشمێک بوو بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیم. بۆ شایەدیی ئەم قسەیەشم، هەڵوێستی عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادە، وتەبێژی دەوڵەتی ڕیفۆرمخوازی محەمەد خاتەمی، وەکوو مشت نموونەی خەڵوار دێنینەوە، کە دەڵێ: «سەرباری هەموو جیاوازیی بۆچوونەکانمان سەبارەت بە بابەتە نێوخۆییەکان، لە بەرانبەر دژمنی بێمەنتقی دەرەکیدا، هەموومان وێکڕا و بەیەکگرتوویی پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان دەکەین.»