کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهان، ئێران و سپایەکی تێرۆریست

16:26 - 2 بانەمەڕ 2719

ساڵێک لەمەوبەر و بە دوای وڵامنەدانەوەی کۆماری ئیسلامی بە داواکارییەکانی ئەمریکا و گوێنەدان بە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ملدان بە ڕێگە چارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانەی کە ئێران خوڵقێنەری بوون، ئەمریکا دەستی بە زیندووکردنەوەی جێبەجێکردنی تەواوی ئەو سزایانەی دژی ئێران کرد کە پێشتر بە هۆی ڕێککەوتنی بەرجام لە سەردەمی باراک ئۆبامادا هەڵپەسێردرابوو. وەک بە بەردەوامی بەرپرسانی ئەمریکا دووپاتیان دەکردەوە مەبەستی ئەوان لەم کارە هەوڵدانە بۆ گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی. هەوڵ و داواکارییەک کە نە تەنیا هیچ ئاکامێکی نەبوو بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بیری مەزنیخوازانەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و پڕۆپاگەندە لە سەر هێز و نفووز و تواناییەکانی سپای پاسداران لە بەرینتر کردنی ناوچەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت دوور لە سنوورەکانی ئێرانیش، هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی دەخالەت و بڕەودان بە کردەوە تێرۆریستییەکانی سپا و لە لایەکی دیکەوە رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەمریکا هەتا بە شێوەی یاسایی و لە ڕێگەی بڕیارێکی کۆشکی سپی، وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بە جیهان بناسێندرێ. بەمجۆرە سپای پاسداران خرایە لێستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکان، کارێک و بڕیارێک کە تا ئێستا لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە نەکراوە. بێگومان ئەم بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا لە دوای جێبەجیکردنی یەک لە دوای یەکی سزا سەپێندراوەکان لە سەر ئێران و خستنە بەرباسی بابەتی تێرۆریزم کە هیچ لایەنێکی دەرەوە ناتوانێ بۆ پاکانەکردن بۆ سپا پاساوێکی بۆ بێنێتەوە، باری سەرشانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قورستر دەکا، بە تایبەت کە هێندێک لەو ڕێبەرانە بۆ خۆیان بەشێکن لەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە. دەزگایەکی نیزامیی ڕەسمی ڕێژیم کە وەک ئەمریکا دەڵێ و هەموو جیهانیش دەزانێ لە ڕێگەی گرووپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێران، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک، عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان و زۆر لە وڵاتانی دوورەدەستیش، بووەتە سەرچاوەی دروستبوونی کێشەی ئەمنیەتیی گەورە. ئەمە جگە لە هێرشی بەردەوامی بەقسە و دروشم و یارمەتیدانی بە ئاشکرای گرووپە توندئاژووە موسوڵمانەکانی فەلەستین و لوبنان کە هەڕەشەی زۆر و گەورەی بۆ سەر ئیسرائیل دروست کردوە. ئەمانەش هۆکارێکن بۆ دەستئاوەڵا بوونی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و نەبوونی بەرهەڵستییەکی جیددی لە لایەن وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت ئورووپا. ئەمەش دەتوانێ پەیامێکی بۆ کۆماری ئیسلامی تێدابێ کە بەرەبەرە لەم دنیا پان و بەرینەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە و چەند وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک کورەی باکوور وێنزۆئێلا و سوودان کە ئەمیان ڕۆیشت، ناتوانن بگەنە فریای. هەر بۆیە بە دوای بڕیارەکانی پێشووتری تەحریمە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەبێ چاوەڕوانی کاریگەریی زیاتری ئەم بڕیارە لەسەر دۆخی ئێران بە گشتی و بە تایبەت لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بین. هەرچەند ئەگەر بڕوانینە قسە و هەڵوێستی ڕێبەرانی ڕێژیم و فەرماندەکانی سپا هەر وەکوو هیچ نەقەومابێ و ڕێوییان بە پیرەوە هاتبێ وایە، ئەمەش پیشەی هەمیشەییان بووە بۆ چاوبەستنی خەڵک. لە بیرمانە و زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە کاتێک خامنەیی گوتی «ئەگەر ئەمریکا لە بەرجام بکشێتەوە ئێمە دەیسووتێنین». بەڵام نە تەنیا ئەوەی نەکرد بەڵکوو دەستەوداوێنی ئورووپا بوو هەتا بە فریای بکەوێ و کاتێ کە ئەوانیش هیچیان بۆ نەکرا یا نەکرد و دەرکەوت کە وەڕێخستنی کاروباری ماڵیی ئێران کارێکی حاسان نیە، دەستی کرد بە گلە و گازەندە کە لە ئەمریکا دەترسن و نایانەوێ پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە خاتری دۆستایەتیی ئەمان تێک بدەن. خامنەیی ئەوجا وازی لە هەڕەشەکانی هێنا و چاوەڕوانی تێپەڕینی زەمان مایەوە کە ئەویشی بە قازانج نەبوو. چونکە ئیستا ئیتر زۆر زەحمەتە لە ئورووپادا کەس یا کومپانییەک بیەوێ بیر لەوە بکاتەوە کە بازرگانی لەگەڵ لایەنێک بکا کە سیاسەتەکانی بە ڕەسمی تێکەڵ بە کاری تێرۆریستی بووە و ناتوانێ حاشای لێ بکا. درێژەکیشانی ئەم ڕەوتە کە جگە لە سەپاندنی سزای نوێ بۆ ئێران هیچی دیکەی بەدواوە نابێ ئەگەر سەرکێشی سپای پاسدارانی لەگەڵ بێ، بێگومان ئورووپا و ئەمریکا لەو بارەوە لێک نیزیکتر دەکاتەوە و بەو دۆخە نالەبارەی ئیران لە باری ئابوورییەوە تووشی هاتووە، کۆماری ئیسلامی دەگەیەنێتە داخراوییەکی تەواو لە هەڵوێست و سیاسەتکردن لە نێو کۆمەڵگەی جیهانیدا. جگە لەوەی کە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بە وردی دەکەوێتە ژێر چاوەدێری زیاترەوە و بە پێی یاساکانی ئەمریکا ئەوان دەتوانن دەست بەسەر هەر شتێکی ئێراندا بگرن کە گومانی لێ بکەن. لە نێوخۆی وڵاتیش سپای پاسداران لە ساتەوەختی دامەزرانیەوە بوو بە گۆپاڵی سەرەکیی سەرکوت و نەهێشتنی هەر چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی ئێرانییەکان لە دژی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو. لە کوردستان بە تایبەت ئامرازی هێرشی بێبەزەییانە بۆ سەر شار و گوندەکان و سووتاندنیان، کوشتنی بە کۆمەڵی گەورە و بچووک، ژن و منداڵ، گرتن و دوورخستنەوە بوون و، دەست بردن بۆ هەر چەشنە کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە حەزی خوێنڕێژی سەرکردەکانیانی دادەمرکاند. ڕێژیم بە هۆی لقەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای قودسی ژێر ئەمری ڕێبەریی نیزام، بۆ تێرۆری ڕێبەران و ئەندام و پێشمەرگەکانی کوردستان و تێکۆشەرانی ئێرانیی هەموو سنوورە ئەخلاقی و جوغرافیاییەکانی بەزاند. هەربۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە جگە لەو شانۆگەرییانەی بە جل و بەرگی پاسدارانەوە بەڕێوە چوون، ناکرێ هیوا و هومێدی لە دڵی خەڵکی شۆڕشگێر و تینووی ئازادیدا بە ئاواتی لاوازبوون و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی سەرکوتی لقە جۆراوجۆرەکانی سپا زیندوو نەکردبێتەوە. خەلکێک کە ئیستا ئیتر بە دوای ئازادیدا دەگەڕێ و ساڵانێکە بە هەموو شێوازێک بۆ گەیشتن بەو ئازادییەی کە کەسایەتی بەرزی مرۆڤەکان دەپارێزێ خەبات دەکا. ئازادییەک کە چوار دەیەیە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە لێی زەوت کراوە و سپای پاسداران و گرووپە بەستراوەکان بەوانەوە ئەهرومی سەپاندنی ئەم ناڕەواییە بوون بە سەر ئەو خەڵکەدا. خەڵکی ئێران دەزانن هۆکاری ئەو هەموو سەختییەی بەسەر ئەواندا هاتووە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و دەسەڵاتە ناڕەواکەیەتی و دەربازبوون لەو هەموو قەیرانەی کە ژیانی ئەوانی خستوەتە مەترسییەوە تەنیا بە دەربازبوون لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دێتە دی.