کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەشن و شێوازەکانی

16:40 - 2 بانەمەڕ 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی سیاسییە کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی 1979دا هاتە سەر کار. ئەم ڕێژیمە هەر لە سەرەتاوە ئایدۆلۆژیی پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی_شیعەی کردە گوتاری سیاسی و پڕاکتیک لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا. بۆیەش کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەدا کەوتە دروستکردنی میلیشیای بەستراوە بە خۆی یان پشتیوانیکردن لەو میلیشیا و ڕەوتانەی لە هێڵی سیاسیی ئەودا دەچوونە پێشێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا پشتیوانیی ماڵی، هێزی مرۆیی و لۆجستیکیی زۆر لە ڕووداوە تێرۆریستییەکانی کردوە لە جوغرافیایەکی بەرینی ناوچەیی و جیهانیدا و لە سۆنگەی ئەم کردەوە تێرۆریستییانەوە لەلایەن دەزگای قەزایی زۆر لە وڵاتانی وەک ئەڵمان، بریتانیا، ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەرژانتینەوە بڕیاری لەدژ دراوە و سەبارەت بە بڕیاردان، جێبەجێکردن، دەستتێداهەبوون و پشتیوانیی لە کردەوە تێرۆریستییەکان مەحکووم کراوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆری بە چەکێکی پێویست و گرینگ بۆ حەزف و لەنێوبردنی نەیارانی خۆی زانیوە. ئەم ڕێژیمە بۆ لێدانی مخالفانی خۆی بەتایبەت لە نێو هێزە پێشکەوتنخواز و مافویستەکاندا تێرۆری لە چەشن و شێوازی جۆراوجۆری خۆیدا بەکار هێناوە. هەوڵدان و پیلانداڕشتن بەمەبەستی زەربەوەشاندنی فیزیکی لە حیزب و لایەنەکان و کەسایەتییە مخالف و جیابیرەکان کە بە ناوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو لایەک ناسراوە، هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە. بەشێک لە کارنامەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە بریتییە لە:   تێرۆری دەیان کەسایەتیی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ نموونە: شەهریار شەفیق، کوڕی ئەشرەف پەهلەوی لە پاریس لە ساڵی 1358؛ د، عەبدوڕەحمان قاسملو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڤییەن لە ساڵی 1368، شاپووری بەختیار، دوایین سەرۆک‌وەزیرانی ڕێژیمی پەهلەوی لە پاریس لە ساڵی 1370؛ فەرەیدون فەڕخزاد، شاعیر، نووسەر و هونەرمەند لە «بون»ی ئەڵمان لە ساڵی 1371، د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە «بێرلین»ی ئەڵمان لە ساڵی 1371 و... لە بڕیاری مێژوویی دادگای بێرلین‌ (مێکۆنووس) لە بەهاری 1376دا بەڕوونی پەردە لەسەر ئەوە لادرا کە هەموو تێرۆرەکان لەلایەن کۆمیتەیەکی تایبەت پێکهاتوو لە ڕێبەری باڵا، سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەری سپای قودس (باڵی دەرەوەی سنوورەکانی سپای پاسداران)ەوە بڕیاریان لەسەر دراوە.   کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی دی بۆ نموونە: تەقینەوەی ئامیا لە ئاڕژانتین لە هاوینی 1373؛ زنجیرە تەقینەوەکانی ساڵی 13٩1ی بانکوک لە تایلەند؛ پیلانی تێرۆری «عادڵ ئەلجوبەیر»، وەزیری دەرەوەی عەڕەبستان لە واشنگتۆن کە لێیان ئاشکرا بوو؛ تەقینەوەی «دێهلی» لە هیند لە ساڵی 13٩1؛ کردەوەی تێرۆریستی لە «کێنیا» لە ساڵی 13٩1، کردەوەی تێرۆریستی لە بەحرەین» لە هاوینی 1384؛ کردەوەی تێرۆریستی لە بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شەوی یەلدای 1395؛ پەلاماری مووشەکی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نیزیک کۆیە لە هەرێمی کوردستان لە سێپتامبری 1397، تێرۆری زیاتر لە 600 سەربازی ئەمریکا لە عێڕاق و هاوکاریی چڕوپڕی ئەلقاعیدە و هتد.   چەکی تێرۆر لە دژی بزووتنەوەی سیاسیی کورد تێرۆریزمیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕەشی خۆیدا دژ بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم رێژیمە، بەشی شێری بەر بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوتووە. کارنامەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەر لە تێرۆری سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوورای نیزامیی حیزب لە هاوینی 1359 تا هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆبوونەوەی رێبەریی حیزب لە قەڵای دێموکرات سێپتامبری 1397، ناوی سەدان ڕێبەری ئاستبەرز، کادر، پێشمەرگە و تێکۆشەری ئەم حیزبەی تێدا تۆمار کراوە کە بەرچاوترینیان تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزب، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی‌یە. ئامانجی سەرەکی و گشتیی ڕێژیم لەم تێرۆرانە لاوازکردنی بزووتنەوەی مافخوازانە و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک لایەنی سەرەکی و شوێندار لەم بزووتنەوەیەدا کراوەتە ئامانج و تا ئێستاش ئەم حیزبە بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە ئامانجە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە 416 کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کوردی داوه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تێرۆریستی کە حیزبی دێموکرات بە بوونی ٣١٤ قوربانی، ئامانجی سەرەکی بووە. جیا لە شەهیدکردنی ئەم 416 کەسە، لەو کردەوە تێرۆریستییانەدا لانیکەم دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و توانیویانە گیان دەرباز بکەن.   ئێعدام و کوشتنە سیاسییەکان لە کوردستان ئەو ئامارەی لە بەشی پێشوودا خرایە بەرچاو تەنیا ئەو بەشە لەو کوشتنە سیاسییانە دەگرێتەوە کە ناوەندە ئەمنیەتی و دەزگای سیخوڕی و تیمە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بە پلان و پیلانی پێشوەختەداڕێژراو تێرۆری کردوون، بۆیە دەبێ ئێعدامە سیاسییەکانیش  هەر لە ڕیزی تێرۆردا جێیان بۆ بکەینەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا  لە کوردستان لانیکەم 1870 بەندیی سیاسیی کوردی لە دار داوە کە 460 کەس لەوان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و350 کەس ئەندامی کۆمەڵە بوون؛ سەدان کەس لەو ئێعدامکراوانە مەدەنی بوون و دانیان بە ئەندامەتیی هیچ حیزبێکی سیاسی دانەناوە و ئەوانیتر سەر بە ڕێکخراوەکانی دیکەی  کوردستانی و چالاکی سیاسیی کوردی ئەندام لە ڕێکخراوە سەراسەرییەکانی وەک مجاهیدین و چریکی فیدایی و ... بوون.   ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی، بێ تورموز و نەوەستاو ئێستا پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە حەوت وڵاتی ئورووپایی (دانمارک، هۆلەند، ئەڵمان، نۆروێژ، ئوتریش، فەڕانسە و بێلژیک) سەبارەت بە دەستتێداهەبوون لە چەندین هەوڵی سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووی کردەوەی تێرۆریستیدا ناوی هاتۆتە نێو ناوان؛ ئەویش لە کاتێکدا بۆ مانەوەیان لە بەرجامدا خۆی بە ئاو و ئاوردا دەدا و؛ هەروەها لە حاڵێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕەسمی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان؛ ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی بۆچی ناوەستێ؟ وە بۆچی بەشی زۆری داهات و سەرچاوە ماڵییەکانی وڵاتی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی حاکم بەسەر وڵاتدا بۆ کردوەی تێرۆریستی و بۆ پاڵپشتی و تەیارکردنی میلیشیا تێرۆریستەکان خەرج دەکرێ؟ وەڵام ئەوەیە: تێرۆر لە تەنیشت ئێعدامەکان لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیدا بە مەبەستی لێدان لە دژبەر و نەهێشتنی دەنگی هەڵبوو کارێکی تابڵێی پیرۆزە و شەرعییەت لە دەقە ئاینییەکانیش وەردەگرێ. بۆیە لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنی و لە هیچ بارودۆخێکدا وەلای نانێن؛ وە ئەوە تەنیا گوشار و بەرەوڕووبوونەوەی شێلگیرانە و ئیرادەی تێکڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرەی دژەتێرۆرە کە دەتوانێ ئەو ماشێنە سامناکەی ڕێژیم بوەستێنێ.