کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خاکەلێوەی 1398ی هەتاو

17:56 - 2 بانەمەڕ 2719

لە ماوەی مانگی خاکەلێوەی ئەمسا‌ڵدا هەر نەبێ 70 حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون. به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا‌ لانیکەم 13 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی، یان بەهۆی سەرمابردوویی کوژراون و بریندار بوون. لەو 13 کەسە 4 کەسیان بریندار و 6 کۆڵبەریش کوژراون و سێ کۆڵبەری دیکەش لە سەرما ڕەق هەڵاتوون کوژران و برینداربوونی 13 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی سەرەتای ساڵی نوێ لە حاڵێکدایە کە پارەکە 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و، بریندار ببوون. لە مانگی سەرەتای ساڵدا هەروەها 5 زیندانیی کورد ئێعدام کراون کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دوو کەس لەوانی ئاشکرا کردوە کە بریتین لە هیدایەت مێحرابی خەڵکی کرماشان و جەعفەرحوسێنی خەڵکی هەرسین. جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم لانیکەم 49 بەندیی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا ئیعدام کرابوون. هەر لە ماوەی یەکەم مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 21 کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. لەو 21 کەسە پێنج کەسیان دادگایی کراون و سەرجەم سزای 40 ساڵ و 5 مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. بۆ بیرهێنانەوە باشە بڵێین لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا 641 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو 641 کەسە لانیکەم 165 کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ زیندان و، سەرجەم سزای 5810 مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها 5 بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و 3 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرابوو. تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانیی لێ کەوتەوە و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 5 کەس. دیارە ساڵی ڕابردووش 48 کەس لە کوردستان بەم هۆیە گیانیان لە دەستدا بوو لەو مانگەدا هەروەها زیاتر لە 25 کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 17 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. جێی باسە ساڵی ڕابردووش 170 کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو، و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنابوو. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن 63 ساڵ بووه‌. شایانی باسه‌ ئه‌و ئامارانه‌ ته‌نیا به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ ئاماده‌ کراوه‌ که‌ به‌ ده‌ستی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ گه‌یشتوون و ناو و نیشانیان به‌ روونی ئاشکرا کراون، ئه‌گینا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قوربانیانی سیاسه‌تی توندو تیژی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان زۆر له‌وه‌ زیاترن که‌ لێره‌ دا ناویان هاتوه‌ و ئاماژه‌یان پێ کراوه‌.