کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن پۆست: لە ئەمڕۆوە ئەمریکا ڕێگە بە وڵاتان نادا نەوتی ئێران بکڕن

22:27 - 2 بانەمەڕ 2719

دەوڵەتی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی وادەی کڕینی نەوتی ئێران ڕادەگەیەنێ و تا دە ڕۆژی دیکە دەبێ وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کۆتایی بە هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بێنن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، مایک پۆمپیئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وادەی کۆتایی کڕینی نەوتی ئێران ڕادەگەیەنێ و ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک نەوت لە ئێران بکڕێ. واشینگتۆن پۆست لە زمان دوو کاربەدەستی دەوڵەتی ئەمریکاوە نووسیویەتی کە تا ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاویی دەبێ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر ڕێگەیان پێدرابوو نەوتی ئێران بکڕن، کۆتایی بە کڕینی نەوت لە ئێران بێنن و ئەمریکا ڕێگە نادا کە هیچ کۆمپانیایەک نەوت لە ئێران بکڕێ و هەر وڵاتێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، لەگەڵ سزاکانی دەوڵەتی ئەمریکا بەرەوڕوو دەبێتەوە. شایانی باسە کە دوای چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەڕی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ماوەی ٦ مانگ ڕێگەی بە وڵاتانی چین، کورەی باشوور، ئیتالیا، هێند، ژاپۆن، یونان و تایوان دابوو کە تا پەیدا کردنی جێگرەوەی نەوتی ئێران، نەوت لە کۆماری ئیسلامی بکڕن کە ئەمڕۆ دووشەممە وادەی کۆتایییە و ئەمڕۆ مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری ڕەسمی دەوڵەتەکەی لەوبارەوە ڕادەگەیەنێ. پێشتر "برایان هووک" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕایگەیاندبوو کە دوای وادەی کۆتایی ئەو شەش مانگە، ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێ نەوت لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکڕێ. دەوڵەتی ئەمریکا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گەورەترین سەرچاوە و پشتیوانی تێرۆریزم دەزانێ و هەر بەو مەبەستەش گەورەترین هێزی سەربازیی ئێران کە سپای پاسدارانە، لە حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە خرایە لیستی تێرۆرەوە.