کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە سەر کار لادرا

22:28 - 2 بانەمەڕ 2719

محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران کە لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە لەو پۆستەدا بوو، لە پۆستەکەی لادرا و پاسدارێکی دیکە جێگەی گرتەوە. بە بڕیاری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حسین سلامی لە جێگەی محەممەد عەلی جەعفەری بە دەرەجەی سەرلەشکرییەوە کرایە فەرماندەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. بەپێی زانیاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، بێجگە لە محەممەد عەلی جەعفەری ٦٥ کەسی دیکە لە بەرپرسانی سپای پاسداران لە پۆستەکانیان وەلانراون. دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە و ئەو هیزە سەرکوتکەرە کەوتە ڕیزی هیزە تێرۆریستیەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئیران باسی لە ئاشکرا کردن و دەسبەسەرکردنی سەدان جاسووس کرد کە لە نێوخۆی ئێران و لە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمدا کاریان بۆ دەوڵەتان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم کردوە و لەو جاسووسانە ٢٩٠ کەسیان هاوکاریان لەگەڵ سازمانی سیای ئەمریکا هەبووە. ترس و نیگەرانییەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەو بڕیارەی ئەمریکا، بۆتە هۆی ئەوەی کە بێباوەڕی و بێ متمانەیی لە نێوخۆی سپای پاسداران و دامودەزگاکانی دیکەی ڕێژیمدا زیاتر بێ و دەیانهەوێ بەو ئاڵوگۆرانە ڕێگری لە نفوزی دژبەرانی ڕیژیم بکەن. لە لایەکی دیکەوە دانانی پاسدارێکی وەک حوسێن سەلامی کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە دەستی بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلانی ئێران سوور بووە و یەکێکە لە پاسدارە سەرکوتکەرەکانی خەڵکی ئێران و بە یەکێک لە توندەڕۆکانی نیزام بە ئەژمار دێ و تا سەر ئێسقان دژی ئیسڕائیلە، دەیانهەوێ خەڵکی بێزار و برسی و ناڕازی چاوترسێن بکەن و ڕوحیەی هێزە چەکدارەکانیان بەرنە سەر و واپێشانبدەن کە دوای بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، هێز و ڕوحیە و توانایان هەر لە جێگەی خۆیەتی و هیچ ئاڵوگۆڕێکی تێدا پێک نەهاتوە.