کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ هەموو ڕێگاکانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی داخست

22:26 - 3 بانەمەڕ 2719

ڕۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەوڵەتی ئەمریکا رایگەیاند، چیتر ڕێگە بە کڕیارانی نەوتی ئێران نادات کە نەوت لەو وڵاتە بکڕن. ڕۆژی دووشەممە تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاریدا کە گەمارۆکانی سەر ئێران زیاتر و فرۆشتنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سیفر. دوای چوونەدەری یەکلایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەڕەی دووهەمی گەمارۆکان، بۆ ماوەی شەش مانگ لە لایەن ئەمریکاوە تەنیا ڕێگە بە هەشت وڵات درا کە نەوت لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکڕن. ڕێگەپێدان بەو هەشت وڵاتە بۆ ئەوە بوو کە تا شەس مانگی دیکە جێگرەوەیەک بۆ نەوتی ئێران پەیدا بکەن و لە لایەکیترەوە بۆ ئەوە بوو کە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی تووشی شلەژاوی نەبن و نرخی نەوت نەچێتە سەر. هەر لە سەرەتا و دەسپێکی گەمارۆکانەوە سێ وڵات لەو هەشت وڵاتە لەگەڵ ئەوەی کە ڕێگەپێدراوبوون، بەڵام دەسبەرداری نەوتی ئێران بوون و تەنیا پێنج وڵات لەو شەش مانگەدا نەوتیان لە ئێران کڕیوە. گەمارۆکانی سەر ئێران و ڕیگە نەدان بە فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە ١٠ میلیارد دۆلار زیانی بە ئابووریی ئێران گەیاندوە. گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئێران نەوتە کە دەیان ساڵە ئابووریی ئێران لەسەر فرۆشی نەوت هەڵدەسووڕی و بێ فرۆشی نەوت ئەو وڵاتە ناتوانێ لەسەر پێ ڕاوەستێ و شیرازەی ژیان و داهاتی خەڵک و ئابووریی وڵات لەبەریەک هەڵدەوەشێ. ساڵانێکە سپای پاسداران دەستی بەسەر جومگەکانی ئابووریی ئێراندا گرتووە و کۆمپانیا و ڕایڵکەی جۆراوجۆری بۆ قۆرغکردنی هەرچی زیاتری ئابووریی وڵات پیکهێناوە. سپای پاسداران کە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دایە، بەکۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی وڵات، بێ لێپرسینەوە و وڵامدانەوە سەروەت وسامانی خەڵکی ئێرانی بۆ مەبەستە تایبەتی و شەڕانگێزیەکانی خۆی بەکار دێنێ و بێ بیرکردنەوە لە ژیانی خەڵک و داهاتووی وڵات، پارەی خەڵکی ئێران ڕەوانەی وڵاتان و گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان دەکا. ئەو کاروکردەوانەی سپای پاسداران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وایکرد کە دەوڵەتانی جیهان و ناوچەکە نیگەران و تووڕە بکا، هەربۆیە کەوتە بەر تیغی گەمارۆکان و خەریکە هەموو ڕیگەکانی لێدەبەسترێ. گەمارۆکان لەگەڵ ئەوەی کە دەبنە مایەی سەرئێشە و داڕمانی ئابووریی ئێران، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە سایەی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمەوە خەڵکی هەژار هەژارتر و برسیەکان برسیتر دەبن.