کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی سەر ئێران و هەڕەشەکانی سپای پاسداران

22:28 - 3 بانەمەڕ 2719

گەمارۆکانی سەر ئێران ڕۆژەبەڕۆژ مەیدانی ڕمبازێن و تەڕاتێنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تەنگتر و بەرتەسکتر دەکاتەوە و ئەو هێزە تێرۆریستیەش بەجێی ئەوەی کە لەبیری ڕێگەیەکی گونجاو و عەقڵانی دابێ، هەر خەریکی هەڕوگیڤ و هەڕەشەیە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان. ڕۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرابەر بە ٢٢ی ئاپریلی ٢٠١٩ی زایینی، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاریدا کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو هەشت وڵاتە درێژ نەکاتەوە کە دوای گەڕی دووهەمی گەمارۆکان بۆ ١٨٠ ڕۆژ ڕێگەیان پێدرابوو نەوت لە ئێران بکڕن. ئەو هەنگاوەی ئەمریکا و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، واتە فەلەج کردنی ئابووریی ئێران و وشککردنی گەورەترین سەرچاوەی داهاتی سپای پاسداران کە ماوەی چل ساڵە بۆ سەپاندنی هێژموونی خۆی لە نێوخۆ و لە دەرەوەدا بەکاری دێنێ. دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئێران، بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران و گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە خاڵی سیفر، کاربەدەستانی ڕێژیم ئەو هەڕەشانەیان بە هێند وەرنەگرت و لەگەڵ هەر لێدوانێکی کاربەدەستانی ئەمریکایی و ئورووپایی، ڕوو بە ئەوان هەڕشەنامەیەکیان بڵاودەکردەوە بێ ئەوەی بزانن لەگەڵ کێ و لەگەڵ چ بڕیار و فەرمانێک ڕووبەڕوون. کاربەدەستانی سپا، خەڵکی دەست بەتاڵ و هێز و سپای گەورەترین وڵاتی دنیایان لێ تێکچووە و بێ گوێدانە ئاکامی لێدوان و کردەوەکانیان درێژە بە سیاسەتی پڕ چەواشەکاری و پڕ لە هەڵەی خۆیان دەدەن و ئەقڵ و مەنتق بۆ چارەسەری کێشەکان بەکار ناهێنن. فەرماندەرانی سپای پاسداران بە هەڕەشەکردن لە وێران کردنی ئیسڕائیل و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان ویستیان وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بترسێنن یا لە بڕیارەکانیان پاشگەزیان بکەنەوە، ئێستا کە ئەمریکا هەموو ڕیگەکانی داخستووە، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئێمە نەتوانین کەلک لە تەنگەی هورموز وەرگرین، ئەوە ناهێڵین بێگانەکانیش کە مەبەستی ئەمریکایە، کەلک لەوڕیگەیە وەرگرێ. لەگەڵ ئەوەی کە سپای پاسداران پێشتریش هەڕەشەی لە هێزی سەربازیی ئەمریکایی کردبوو، بەڵام هەر چەند ڕۆژ لەمەوبەر دیتمان کە پاپۆرێکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایی بە ٦٠٠ هەزار سەربازەوە بۆ وڵامدانەوە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنگەی هورموز تێپەڕی و هیچ حیسابیکیشیان بۆ هەڕەشەکانی سپای پاسداران نەکرد و بەدڵنیاییەوە لە داهاتووشدا شاهیدی ئەو فیلم و مانۆڕانە دەبین و سپای پاسداران ناتوانێ هیچ دژکردەوەیەک لەخۆی نیشان بدات. سپای پاسداران بە پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی، هەوڵدان بۆ سەپاندنی هێژمۆنی خۆی لە ناوچەکەدا، گۆڕینی فەرماندەرانی سپا، زەبروزەنگ و سەرکوتی خەڵکی ئێران، ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتانی ئورووپایی و هەوڵدان بۆ دەسبەسەرداگرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە ئێراندا دەیهەوێ وابنوێنی کە هیچ ڕەقیبێکی نییە و بەو سیاسەتە هەڵانەی خۆی خەڵکی ئێران تووشی نەهامەتی و نەبوونی و هەژاری لەوە زیاتر دەکا و لە ئاکامدا یا دەبێ تەسلیمی ئەمریکا بێ یا گەلانی ئێران بکاتە قوربانیی سیاسەتی هەڵە و ئاژاوەگێرییەکانی خۆی.