کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە کەلیموڵڵا تەوەحودی (کانیماڵ)

22:33 - 3 بانەمەڕ 2719

هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی بە سەرپەرستی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی رێزلێنانی ئاکادیمیای زمانی کوردی لە نووسەر و مێژوونووسی بە ناوبانگی کورد کەلیموڵڵا تەوەحودی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان کرد. ئەو کۆڕە کە لە لایەن ئاکادیمیای زمانی کوردی و بە سەرپەرستی نێچیروان بارزانی سەرۆک‌وەزیرانی کوردستان لە تالاری سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەدان کەس لە نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتیە سیاسییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد. لەو رێوڕەسمەدا سەرۆک وەزیرانی کوردستان و سەرۆک و بەرپرسانی ئاکادیمیا قسەیان لە سەر کەسایەتیی کەلیموڵڵا تەوەحودی کرد و رێزیان لە هەوڵ و تێکۆشانی ناوبراو بۆ زیندووهێشتنەوەی مێژووی کوردەکانی خوراسان گرت. شایانی باسە کە کوردەکانی نیشتەجێی خوراسان لە دوای شەڕی چاڵدران بەولاوە لە چەندین قۆناغدا بە زۆر بۆ ناوچەکانی سنووری رۆژهەڵاتی ئێران دوورخرانەوە کە بە پێی ئامارەکان ئێستا حەشیمەتیان لە دوو میلیۆن کەس زیاترە. کەلیموڵڵا تەوەحودی ناسراو بە کانیماڵ خاوەنی چەندین بەرهەمی بەنرخی مێژوویی و ئەدەبییە کە ناسراوترینیان کۆچی مێژووی کوردانی خۆراسانە.