کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی سەردەشت

22:36 - 3 بانەمەڕ 2719

ڕۆژی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاویی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی تاهیر دابان کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی گوندی "سنجوێ" ی ناوچەی ئالانی سەردەشت لە نێوان گوندەکانی سنجوێ و دۆڵێ لە کاتی کۆڵبەرییدا کەوتە بەردەسڕێژی چەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەستدا. کوشتنی کۆڵبەران بۆتە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی ڕۆژانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەردەوامی خەڵکی کاسبکار و دەسکورت و هەژاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە بیانووی قاچاخچییەتی دەکوژن و بریندار دەکەن. خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کە هیچ ڕێگەیەک بۆ پەیداکردنی بژیویی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان شک نابەن، ناچارن ڕوو لە کاری سەختی کۆڵبەری بکەن و بەداخەوە لەو ڕێگەیەشدا لەگەڵ مەرگ بەرەوڕوو دەبن و گیان لە دەستدەدەن.