کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: گەمارۆکانی سەر ئێران هیچ کاریگەریەکی لەسەر بازاڕی نەوت نابێ

22:28 - 4 بانەمەڕ 2719

دوای ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی ئێرانی دا، زۆر لە وڵاتان نیگەرانی دۆخی بازاڕەکانی نەوتی جیهان بوون. ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی ئەمریکا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتەدەر و گەڕی دووهەمی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێکردەوە. لەو ماوەیەدا کە ئەمریکا گەمارۆی ئابووری و بانکی خستە سەر ئێران، ڕێگە بە چەند وڵاتێک درا بۆ ماوەی شەس مانگ نەوت لە ئێران بکڕن. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کۆتایی وادەی فرۆشی نەوتی ئێران بوو و ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ هەموو ڕێگەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران دادەخرێن. چەند وڵاتێک نیگەرانی ئەوە بوون کە بازاڕەکانی نەوتی جیهان تووشی شڵەژان بن و نرخی نەوت بەرز بێتەوە، بەڵام ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر نەوتی ئێران هیچ کاریگەرییەک لەسەر بازاڕی نەوت دانانێ و وڵاتانی عەرەبستانی سەعوودی ، ئیمارات و عێراق، ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە کەمی نەوتی بازاڕەکانی نەوت پڕ بەکەنەوە و دۆخی بازاڕ هیچ ئاڵوگۆڕیکی ئەوتۆی تێدا پێک نایە و هەر لەو پێوەندییەدا ئەمریکا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل زیاد دەکا. شایانی باسە کە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری تازەی ئەمریکا، چەند وڵاتێک کە نەوتیان لە کۆماری ئیسلامی دەکڕی، ڕایانگەیاند کە پڕکردنەوەی جێگەی نەوتی ئێران و جێگرەوەی نەوتی ئێران زۆر زەحمەتە و بازاڕی نەوت لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوەڕوو دەبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە خەیاڵی ئەوە بوو کە نرخی نەوت بچێتە سەر و بازاڕەکانی نەوت لەگەڵ کەمی نەوت بەرەوڕوو بببنەوە، دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ناڕەزایەتی وڵاتان بەرەوڕوو دەکاتەوە. بەو هەواڵەی ئاژانسی نیودەوڵەتی وزە کە بە نەبوونی نەوتی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕیک لە بازاڕدا پێک نایە و ئێستا هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکان سێ بەرابەری نەوتی ئێرانە، ڕێژیمی ئێرانی دەستەوەستان، تووشی بێ هیوایی و نائومێدی کردووە.