کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسیار و نیگەرانییەکانی خەڵکی ئێران لەسەر هاتنی هێزەکانی بێگانە

22:30 - 4 بانەمەڕ 2719

دوای لافاوەکانی ئێران کە ٢٣ پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتەوە و زیان و زەرەرێکی زۆری گیانی و ماڵی بە خەڵک گەیاند، لە سەر داوای سپای پاسداران سێ هیز و گرووپی وڵاتانی بێگانە هاتنە نێو خاکی ئێران. لافاوەکانی ئێران دەریخست کە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەرانبەر گیان و ژیان و ماڵی خەڵکی ئێراندا چەندە خەمسارد و کەمتەرخەمە. بە هاناوەنەچوونی بەپەلە و سستی لە فریاکەوتن، بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زیاتر گیان لە دەست بدەن و زیانی زیاتریان پێبگات. لەگەڵ ئەوەی کە چەند وڵاتێکی کەم بە هانای خەڵکی لافاولێدراوی ئێرانەوە چوون، هاوکارییەکان بۆ لافاولێدراوان بەشێوەی پێوست نەبوون و دوور لە چاوەڕوانی خەڵک بوون. ئەوەی کە دوای لافاوەکان بۆ خەڵکی ئێران بۆتە پرسیار ئەوەیە کە، بۆچی وڵاتانی هاوسێ و وڵاتانی تر بە شێوەی پیویست هاوکارییان نەکرد و بە هانای لافاولێدراوانەوە نەهاتن؟ هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، فاتمیونی ئەفغانی و حیزبووڵلای لوبنان لەسەر داوای کێ و بە چ مەبەستێک هێنراونەتە ئێران؟ ئەو وڵاتانە بۆچی لە جێگەی هێزی فریاکەوتنی سڤیل هێزی چەکداریان ناردۆتە ئێران؟ ئایا ئەو هێزە چەکدارانە بە فەرمانی دەوڵەتەکانیان هاتوون؟ مەگەر وڵاتان هاوکارییەکانیان لە ڕێگەی مانگی سوورەوە نانێرن بۆ خەڵکی لێقەوماو؟ ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە هێزی سەربازیی کەمە کە داوا لە هێزی چەند گرووپ و میلیشیا بکات کە بێن و بە فریای خەڵکی ئێران بگەن؟ ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر بوونە هۆی ناڕەزایەتی زیاتری خەڵکی ئێران لە ڕێژیم. زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەهۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لافاولێدراو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەو هێزانەیان هێناوە بۆ سەرکوتی خەڵک لە کاتی ڕوودانی هەر ئەگەر و پێشهاتێکدا. بەشێکیتر پێیانوایە کە هاتنی ئەو هێز و میلیشیا چەکدارە بێڕێزی کردنە بە سەروەریی خاکی ئێران و لافاولێدراوان پێویستیان بە هاوکاری ئەو هێزانە نەبوو کە هێزێکی بێزراو و نامۆن بۆ خەڵکی ئێران و هاوکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو هێزانە و ڕەوانە کردنی سامان و دارایی خەڵکی هەژاری ئێران بۆ پڕچەککردن و ڕاهێنانی ئەو هێزانە خۆی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێرانە لەگەڵ ڕێژیم. هەر لەو پێوەندییەدا "موقتەدا سەدر یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عێراق لەوبارەوە ناڕەزایەتی خۆی لە حەشدی شەعبی دەربڕی و گوتی : "ئەوەی کە بۆ ماڵ پێویستە بۆ مزگەوت حەرامە". کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگری دەکا لە کۆکردنەوەی یارمەتی چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی ئێران بۆ خەڵکی ئێران، بەڵام سەدان کیلۆمیتر ئەولاتر داوا لە گرووپ و میلیشیای چەکدار دەکا بە هانای خەڵکی لافاولێدراوەوە بێن.