کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە لە ئامریکا و، نیگەرانییەکانی نێوخۆی ئێران

01:53 - 6 بانەمەڕ 2719

دوای بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دەسپێکی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا زیاتر پەرەیان سەندووە. دەسپێکردنەوەی گەڕی دووهەمی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، ناکۆکی و کێشەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەی زیاتر کردووە و بە تایبەتی دوای ئەوەی کە ئەمریکا سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە، ڕێژیمی ئێرانی تەنگەتاو کردووە و هەر ڕۆژە بڕیار و لێدوانێک دەدەن و بە ئاڵوگۆری مۆرە سەربازییەکان و وەلانانی فەرماندەرانی ئەرتەش و سپا دەیانهەوێ پێش لە دابەزینی ڕوحیەی هیزە چەکدارەکانیان بگرن. دوای بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، مەجلیسی ئێرانیش گەورەترین هێزی سەربازی ئەمریکای خستە لیستی تێرۆرەوە. پێشتر چەند کاربەدەستێکی ڕێژیم هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردبوو و لە ئاخیرین لێدوانیشدا خامنەیی هەڕەشەی لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد کە هەوڵ و بڕیارەکانی ئەمریکا بێ وەڵام ناهێلنەوە. عەلی خامنەیی و کاربەدەستانی دیکەی ڕیژیم لەگەڵ ئەوەی کە هەڕەشە لە گەورەترین هیزی سەربازیی دنیا دەکەن، لە لایەکی ترەوە لە هیزە چەکدارەکانی خۆیان نائومێد و نیگەرانن و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سێ کەسی پلە بەرزی وەک فەرماندەی سپای پاسداران و جێگری فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئیران و کۆمەڵیکی دیکەیان لە فەرماندەکان لەسەر کار لادا. لادانی ئەو کەسانە نیشانەی ترس و نیگەرانییە لە پێوەندی ژێربەژێری ئەوان لەگەڵ ئەمریکا و دژبەرانی ڕێژیم و لە لایەکی تریش ترسیان لەوە هەیە کە لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچووندا واز لە ڕێژیم بێنن و تێکەڵاوی بەرەی دژبەر بن. وێڕای نیگەرانی هەمەلایەنەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە هێزە چەکدارەکانی نیوخۆ و ترس لە هێز و هەڕەشەکانی ئەمریکا، هەر کام لە جیناحەکانیش دەیانهەوی کاربەدەستانی پلەبەرزی سەربازیی لە جیناح و باڵی خۆیان بێ. لە قسەکانی "ڕوحانی" لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەرانی ئەرتەشدا ترس و نیگەرانی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بێ متمانەیی هێزە چەکدارەکان بە ڕێژیم بە ئاشکرا دەردەکەوێ. حەسەن رووحانی گوتی: "ئەرتەش دەبێ جێی متمانەی خەڵک و سەر بە هیچ لایەن و جەریانێکی سیاسی نەبێ". شایانی باسە کە گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بۆ داخستنی هەموو دەروازەکان لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران و هەڕەشە لە سپای پاسداران، کاربەدەستانی ڕێژیمی زیاتر خستۆتە مەنگەنەوە و بۆ دەربازبوون لە قەیرانە کەڵەکەبووەکان تووشی سەرلێشێوان و دەستەوەستانی بوون و ئەمجارەش یا دەبێ جامێکی دیکەی ژەهر بنۆشن یا بەدەستی خۆیان گۆڕی ڕێژیمەکەیان هەڵکەنن.