کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامین

01:56 - 6 بانەمەڕ 2719

لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە مۆتەکەی ژیانی خەڵک و لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا ئاخوندەکان بێجگە لەوەی کە بوونەتە نەهامەتی بۆ ئەم وڵاتە، هیچ خزمەتێکیان بە خەڵکی ئێران نەکردووە. لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی و شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی، لە فەڕانسەوە خومەینی زۆر قەول و بەڵێنی بە گەلانی ئێراندا کە دوای ڕووخانی حکوومەتی حەمە ڕەزاشا، ئێران دەکاتە بەهەشتی سەر زەوی بۆ گەلانی ئێران و کۆتایی بە زیندان و سێدارەو برسیەتی ونابەرابەری دێنێ. هەر لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن ئاخوندەکانەوە، یەکەم هەنگاوی فریودانی گەلانی ئێران بە گشتپرسی "بەڵێ و نەخیر" بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد و لەو کاتەوە چەواشەکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی ئێران بەردەوامە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەسبەکاربوونییەوە بە دروشمی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و هەڵایساندنی شەر لەگەڵ عێراق، بوو بە مایەی شەڕ و وێرانی بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران. ئەو ڕیژیمە بەجێی دۆستایەتی و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی جیهان لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی دوولایەنە،هەر لە سەرەتاوە دروشمی شەڕی لە گەڵ چەند وڵاتێک بەرزکردەوە و مزگەوتەکان لە شوێنی عیبادەتەوە بوونە ناوەندی پەرەپێدانی توندئاژۆیی دژی دەوڵەتان و گەلانی دیکەی جیهان. ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئەو ڕیژیمە دژی خەڵکی ئێران و بەڵای ژیانی خەڵکە، بەڵام هەمیشە بەنێوی خەڵکی ئێرانەوە قسە دەکا. لە کاتێکدا کە سیاسەتە ئاژاوەگێرییەکانی ڕێژیم بوونەتە هۆی گرانی و نەبوونی و برسیەتی لەو وڵاتەدا و سیاسەتی دژمنکارانەی ڕێژیم بۆتە هۆی گەمارۆکان و بێ متمانەیی لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە، بەڵام لە کاتە هەستیارەکاند دەڵێن" دەوڵەتان دەیانهەوێ خەڵکی ئێران بەچۆکدا بینن، خەڵکی ئێران تەسلیمی گوشاری دژمنان نابێ". ئەوە ڕێژیمی ئاخوندییە کە بۆتە هۆی ئەوەی بێجگە لە چەند وڵاتی تەریک و بێزراو هیچ لایەکی دیکە دۆستایەتی ئێران نەکا، ئەوە کاربەدەستانی ڕێژیمن کە بە کردەوە تێرۆریستییەکانیان بوونەتە هۆی بێ متمانەیی ئێرانی و پاسپۆرتی ئێرانی لەجیهاندا. بە دڵنیاییەوە هیچ گەلێکی دیکەی جیهان و ناوچەکە دژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی ئێران نییە و سەرچاوەی هەموو دژمنایەتی و ئاریشەکان هەر ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیەتی. کام وڵاتی ناوچەکە دەستی خستۆتە کاروباری نێوخۆی ئێران، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە چەند وڵاتی ناوچە خەریکی پەروەردە کردنی میلیشیا و گرووپی تێرۆریستییە و هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکا و دەیهەوێ هێژموونیی خۆی بەسەر گەلانی دیکەی ناوچەدا بسەپێنی. بێگومان هەڵوێستی دنیا لە بەرابەر کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگدانەوە و دژکردەوەی وڵاتانی جیهانە بەرانبەر بەڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک گەلانی چەوساوەی دەستی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەی کە زیاتر لە چل ساڵە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە بە گرۆگان گیراوە.