کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حەشدی شەعبی"ی عێڕاق و "حیزبوڵڵا"ی لوبنان و ئەوانیدی لە ئێران چ دەکەن؟

17:02 - 6 بانەمەڕ 2719

دوای لافاوەکان لە ئێران کە کورستان، باکوور و باشووری ئێرانی گرتەوە، لە هەواڵەکاندا هات کە حەشدی شەعبیی عێڕاق بە کەرەستە و چەکوچۆڵی بەربڵاوەوە هاتوونەوەتە نێو خاکی ئێرانەوە. لە ماوەی کەمتر لە حەوتوویەکدا ڕاگەیەندرا کە هێزەکانی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان، "زێنەبییون"ی پاکستان و "فاتمییون"ی ئەفغانستانیش بۆ بەهاناوەچوونی! لافاولێدراوان لە ئێران هاتوونەتە نێو خاکی ئەم وڵاتەوە. بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئەوە مەجلیسە کە دەبێ لەبارەی هاتنی هێزی چەکداری وڵاتێکی دی بۆ نێوخۆی وڵات بڕیار بدا، هیندێک جاریش شوڕای بەرزی ئەمنیەتی نیشتمانیش دەتوانێ بڕیار لەسەر هاتنی هێزی چەکداری بیانی بدا؛ بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە لە پاڕلمان و شوڕای ئەمنیەتی بەرزی وڵاتدا بڕیاری لەسەر نەدراوە و هیچ کاربەدەستێکی ئێران ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئەم هێزانە لەسەر داوای کێ هاتوون؟  ئیرەج مەسجێدی، باڵوێزی ئێران لە عێڕاق دەڵێ میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ یارمەتیدانی  لافاولێدراوانی باشووری ئێران هاتوونەتە نێوخاکی ئەم وڵاتەوە، ئەویش لە حاڵێکد اکە پێشتر حەشدی شەعبی خۆی لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتبووی کە هێزەکانیان بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی لافاوەکان و ڕێگری لە دزەکردنیان بۆ خاکی عێڕاق سنووریان بەزاندوە؛ بەڵام کۆی دەنگی چالاکانی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتیی زیاتر بەسەر ناوچە لافاولێدراوەکان بردراونەتە ئێران. ئەو بۆچوونە کاتێک بەهێزتر دەبێ کە ماوەیەک لەوە پێش مووسا غەزنەفەرئابادی، سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران گوتبووی: "هەر ئێمە نین کە دەبێ ئەو شۆڕشە ڕابگرین، وە ئەگەر ئێمەش ئەوە نەکەین حەشدی شەعبیی عێڕاق، فاتمییونی ئەفغان، زێنەبییونی پاکستان، حوسێیەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانن کە دێنە ئێران و بەفریای شۆڕش دەکەون." ڕوون و ئاشکرایە کە هێنانی ئەم میلیشیا و گرووپانە نەک بۆ مەبەستی فریاکەوتن و بەهاناوەچوون، بەڵکوو ئامانجی سیاسیی لەپشتە. بەپێی عورفی دێپڵۆماتیک کاتێک وڵاتێک داوای یارمەتی لە هێزێکی بیانی دەکا تا لە ڕووداوێکی سروشتیدا فریای بکەوێ کە، یەکەم وڵاتی بەڵالێدراو کەرەستە و سەرچاوەی پێویست بۆ مودیرییەتی قەیران و بەرگرتن لە زیان و خەسارەکانی نەبێ. تۆ بڵێی ئێستا ئێران ئەوەندە لۆدێر و گریدێر و هێزە ئینسانییەی نییە کە حەوجێ بە حەشدی شەعبی و حیزبوڵلا ماوەتەوە، ئەویش ئەو هێز و گرووپانەی کە بۆ خۆی تەیاریان دەکا؟ خۆ ئەگەر ئەم یارمەتییەش پێویست بوو بۆ داوا لە حەشدی شەعبی ئەویش بە هێنانی کەرەستە و چەکوچۆڵی سەربازی دەکرێ و ڕوو لە مانگی سووری عێڕاق و دەوڵەتی ئەم وڵاتە نەنراوە؟ مەگەر غەیری ئەوەیە کە هەموو ڕابردووی حەشدی شەعبی لە دروستبوونییەوە هەتا ئێستا تاڵان و قەڵتوبڕ و وێرانکردن و ڕووخاند بووە؟ یان لە ڕاستیدا هێنانی ئەو هێزانە جۆرێک ڕێکخستنی تایبەتە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری تەنگژە و بشوێیەکان لە نێوخۆی ئێران و ناوچە؟ یان بڵێی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی باوەڕی تەواوی بە بەدەنە و هێزەکانی خوارەوەی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی نییە لە کاتی پێویستدا بۆ دامرکاندنی شۆڕشە نێوخۆییەکان پشتیان پێ ببەستێ؟ یان دەیەوێ دوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ئەو پەیامە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بدا کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا ئەوە تەنیا کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە کە دەبێ ئامبازی بن، بەڵکوو سەرجەم گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن کە دەبێ بەرەوڕوویان ببنەوە. خوێندنەوەیەکی دیکەش کە دەکرێ بۆ هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ ئێران بکرێ ئەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا پرسی شوناسخوازی لە ناوچە عەڕەبییەکانی ئێراندا تۆختر بۆتەوە. دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بەمجۆرە هەڕەشە لە خەڵکی خوزستان دەکا کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شوناسخوازیدا هیچ پێویست ناکا لە ناوەند و ناوچەکانی دیکەوە هێزی سەرکوتیان دەسەر بکا، بەڵکوو لە بنەپاڵەوە حەشدی شەعبیی هەیە کە بەگژیاندا بکا. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتەش بۆ کێشە نێوخۆیی و ملبەملەکانی نێوان باڵباڵێنی دەسەڵات دەگەڕێتەوە و لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا دێن کە دەیانەوێ بە دەوڵەت بڵێن داوەڵ و بێدەسەڵاتە. هەر ماوەیەک لەوە پێش بوو کە بەشار ئەسەد سەردانی ئێرانی کرد و هیچ حسێبێک بۆ دەوڵەت نەکرا کە وازهێنانی کاتیی جەواد زەریفی لێکەوتەوە، ئێستاش دەوڵەتی سێبەر _سپای پاسداران کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستە_ ویستی بە دەوڵەتی ڕواڵەتی بڵێ کە بۆ هیچ کاروبارێکی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبەری و تەنانەت فریاگوزاریش حەوجێیان پیی نییە.   دواقسە: کۆماری ئیسلامیی ئێران راست دەکا و ڕاکێشانی حەشدی شەعبی، حیزبوڵلای لوبنان، زێنەبییون"ی پاکستان و "فاتمییون"ی ئەفغانستان بۆ ئێران بەمەبەستی فریاکەوتنە، بەڵام نەک بەهاناوەچوونی لافاولێدراوان و بۆ خزمەت و پیڕاگەیشتن بەوان؛ بەڵکوو بۆ فریاکەوتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و قوتارکردنی لە تەنگژە و ئەگەری سەرهەڵدانە نێوخۆییەکان لە ئێرانە کە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک پتر چاوەڕوان دەکرێ.