کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی ئینسانێکی شەریف و کورددۆست لە تاران

05:26 - 7 بانەمەڕ 2719

تیسمار سەرلەشکەر ناسر فەربۆد، یەکێک لە پشتیوانانی گەلی کورد و لە دۆستانی هەرە نیزیکی شەهید دوکتور قاسملوو سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات، دوای تەمەنێکی ژیان بە شەرافەتمەندی، بە ویژدانی ئاسوودەوە بۆ هەمیشە سەری نایەوە. تیمسار سەرلەشکەر ناسر فەربۆد، ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی لە شاری تاران لە دایک‌بووە، پاش پەیوەست‌بوونی بە ئەڕتەشی شاهەنشاهی بوو بە یەکێک لە بەرپرسانی ستادی ئەڕتەشی ئێران و لە ئەندامانی شووڕای ناوەندیی حیزبی ئێران بوو، ناوبراو خوێندکاری زانکۆی سەربازیی ئامریکا بووە. پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ١٥ی ڕەزبەی ساڵی ١٣٥٤ی هەتاویی بە فەرمانی ئەرتەشبۆد غوڵامڕەزا ئەزهاری لە بەرپرسایەتییەکەی دەرکرا. ناوبراو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی دەوڵەتی کاتیی" موهەندیس مێهدی بازرگان" بۆ ماوەیەک لە ساڵی ١٣٥٨ کرا بە سەرۆکی ناوەندی گشتیی ئەڕتەش و ڕێکخەری هێزەچەکدارەکانی ئەوکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لە گەڵ شێوەی سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ پرسی کوردستان دەستی لەکار کێشایەوە. ئەوەی کە وەکو تایبەتمەندی لەبارەی سەرلەشکەر فەربۆد ماوەتەوە ئازایەتی و بوێری ناوبراو بوو کە هیچ کات وەکوو ئەرتەشییەک لە لوولەی تفەنگەوە چاوی لە مافخوازیی و حقووقی سیاسی و مەدەنی گەلانی نێو ئێران نەدەکرد و هەر بۆیە یەکێک بوو لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی کاتیی و بوێرانە پشتیوانی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد کرد و هەر لەو پێناوەشدا لە ٣١ی خەرمانانی ساڵی ٥٨ی هەتاویی بەنیشانەی ناڕەزایەتی لە هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئەوکات و بوردۆمانی کوردستان دەستی لە کار کشاندەوە. یەکێک لە ناکۆکییەکانی سەرلەشکەر فەربۆد لەگەڵ "جبهەی ملی" وەکوو ئەندامی پێشووی ئەو حیزبە، بۆ پرسی فیدراڵیزم لە ئێران و مافی ڕەوای گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی کورد دەگەڕایەوە، کە ناوبراو چەند ساڵ لەمەوپێش لە گۆڤاری "چشم انداز" نەترسانە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی کوردستان، دەوڵەتی ناوەندی بەدەسپێشخەر لە قەڵەم دا و، ڕاستییەکانی قوربانیی بەڕژوەندیی و داخراویی نەکرد. شایانی باسە سەرلەشەکەر فەربۆد بەهۆی ڕەفتاری مڕۆڤانە و پاڵپشتیکردنی لە مافی ڕەوانی گەلان، بەتایبەتی گەلی کورد و دۆستایەتی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کورستان و شەهید دوکتور قاسملوو کەوتەبەر غەزەبی دەسەڵات و بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ڕێگەی پێ‌نەدرا چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ کە لە دەرەوەی ئێران دەژیان. سەرلەشکەر ناسر فەربۆد جیا لەوەی مڕۆڤێکی بەکەرامەت و نیزامییەکی بەویژدان بوو، خاوەنی چەند کتێبە کە بەرچاوترینی بریتییە لە "ئینسان و گەردوون"، "ڕۆڵی ئەڕتەش لە گۆڕانکارییە مێژووییەکانی ئێران"، لەگەڵ دەیان وتار و بابەتی پێوندی‌دار بە ئێران. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەمەگناسییەوە یاد و ناوی بەڕێز سەرلەشکەر ناسر فەربۆد بەرز ڕادەگرێ و پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە هەموو کەسانی شەرافەتمەند و خەمخۆری دۆزی ڕەوای کورد، بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێزیان دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.