کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

14:14 - 7 بانەمەڕ 2719

رۆژی پێنجشەممە 5ی گوڵانی 1398ی هەتاوی (25ی ئەپریلی 2019) كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ناوەندی سەركردایەتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا ‌چەندین كار ‌و پرۆژەی كاریی ناوەند خرانە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ قسە ‌و باس‌ و بڕیاردان لەسەر چەند بەڵگەنامەی كاری ناوەند، بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان ‌و پەیوەندیی نێونەتەوەیی كە تێیدا لایەنەكان تێبینی‌ و بۆچوونی خۆیان لەسەر بەڵگەنامەكان دەربڕی. لەسەروبەندی ڕۆژی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكار، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێشنیاری ڕاگەیەنراوێكی بەم بۆنەوە خستە بەر باس كە لەلایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی ڕۆژی كرێكار بدرێ. هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت لە نێوخۆ‌ و دەرەوەی كوردستان بەبۆنەی رۆژی 28ی گەلاوێژ، ساڵیادی هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان بكرێ. لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها بڕیاری دەوڵەتی ئەمریكا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی قسەوباسی لەسەر كرا ‌و بە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی پێشووی ناوەند لەم بارەوە، پێشهاتەكانی ئەو بریاڕەی ئەمریكا لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێ كرا. كۆبوونەوەكە پاش نزیكەی 5 كاتژمێر كاری چڕوپڕ كۆتایی پێهات.