کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرگاکانی بازاڕی نەوتی جیهان بەڕووی ئێراندا دادەخرێن

17:03 - 7 بانەمەڕ 2719

ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆتایی وادەی فرۆشی نەوتی ئێرانە و دوای ئەو ڕێکەوتە هەموو دەرگاکانی بازاڕی نەوتی جیهان بەڕووی ئێراندا دادەخرێن. لە درێژەی دەوری دووهەمی گەمارۆکاندا، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ ئاخیرین ڕۆژی فرۆشتنی نەوتی ئێرانە. هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی دەوڵەتی "ئیرنا" لە زمان کارناسێکی بواری وزەوە نووسیویەتی: " ئابووریی ئێران بە هۆی بەستراوەیی بە نەوتەوە تووشی ئاریشە و تەنگژە دەبێ و تەنیا چەند پاڵاوگەیەکی بچووکی چینی و هێندی کڕیاری نەوتی ئێران دەبن کە ئەوەش باری ئێران ڕاست ناکاتەوە". دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی ٢ی بانەمەڕ ماوەی کڕینی نەوتی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتانە درێژ نەکردەوە کە پێشتر بۆ ماوەی ٦ مانگ ڕێگەیان پێدرابوو نەوت لە ئێران بکڕن. مورتەزا بێهرووزی فەر دەڵێ: کۆمپانیا گەورەکان نەوت لە ئێران ناکڕن و فرۆشی نەوتی ئێران بە ژاپۆن و کورەی باشوور دەگاتە خاڵی سیفر و تورکیەش لە ترسی ئەمریکا کڕیاری نەوتی ئێران نامێنێتەوە. ناوبراو دەڵێ ئەگەر نەوتێکی کەمیش بە ڕووسیە بفرۆشین، هیچ کێشەیەکی ئابووریی ئێران چارەسەر ناکا و ڕووسیە بەجێی پارە کاڵای دەستی دووهەمان دەداتێ. بێهرووزی فەر لە پێوەندی لەگەڵ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانەوە دەڵی: بەهۆی حزووری ئەمریکا لە عێراق بە دووری دەزانم دەوڵەتی عێراق هاوکاریی ئێران بکات. لە دەوری یەکەمی گەمارۆکاندا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی بە ناوی هێندێک کۆمپانیای ساختەوە کەمێک لە نەوتەکەی بفرۆشێ، بەڵام ئەمجارەیان گەمارۆکان زۆر توندترن. برایان هووک لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: "بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا کە گەمارۆی ئاوا توند بەسەر ئێراندا دەسەپێن". پێشتر کە سپای پاسداران توانیبووی بە ساختەکاری لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە کەمێک لە نەوتی ئێران بفرۆشێ، ئەوە ئێستا مەیدانی ئەو ساختەکارییەی لێ تەنگ کراوەتەوە و دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا ئەو سپایەی خستە لیستی تێرۆرەوە، ئیتر بە تەواوی گەمارۆ دراوە و بانک و کۆمپانیا جیهانییەکان هاوکاریی هێزێکی تێرۆریستیی وەک سپای پاسداران ناکەن و نایانهەوێ بچنە لیستی ڕەشی گەمارۆکانی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانیەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند فەرماندەیەکی پلە باڵای ڕێژیم هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردووە کە هەڕەشە و بڕیارەکانی ئەمریکا بێ وڵام ناهێڵنەوە و فەرماندی هێزی دەریایی سپاش رایگەیاند کە ئەگەر نەهێڵن ئێمە نەوت بفرۆشین، تەنگەی هورمز دادەخەین، بەڵام ئەو هەڕوگیفانە چارەسەری ئابووری داڕماوی ئێران ناکەن و ڕێژیم لەگەڵ کێشەیەکی گەورە ڕووبەڕوو دەکەنەوە.