کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمایل شەریفزادە، دێموکرات و عەداڵەتخواز

17:13 - 7 بانەمەڕ 2719

ئەمڕۆ زیاتر لە نیو سەدە بەسەر شەهیدبوونی تێکۆشەرێکی بلیمەت و ناوداری کورد، کاک سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی (ئاڵا هەڵگرانی شۆڕشی پارتیزانیی ساڵەکانی ٤٦_٤٧ی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان) تێدەپەڕێ. سمایل شەریفزادە ئەو ڕۆشنبیەرەی کورد و کوردستان بوو کە پاش چوونی بۆ زانکۆ و تێگەیشتنی زیاتری لە بواری هزرییەوە، لەو دۆخە هەستیارەی دنیای دووجەمسەری (کاپیتالیستی و سۆسیالیستی) ئەو کاتدا، کە تێیدا ڕۆلگێڕی ئەساسی بوون و لەلایەکی تر بەو خوێندنەوە ڕیالیستییەی لە دۆخی ئێران، کوردستان و هەروەها گەلی کوردی هەبوو، ئاڵوگۆڕێکی پڕمانای بەسەر خۆی و بیروباوەڕیدا هێنا و، چووە قۆناغێکی تر لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە. سمکۆی ڕۆشنبیر و وریای کورد پاش تێگەیشتن لە بەشمەینەتی نەتەوەکەی، وێڕای چەند کەس لە هاوڕێیانی بڕیاریان دا ئاوێتەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بن و، لەم ڕێگەیەوە ماف و کەڕامەتی کورد و کوردستان، وەک هەموو گەلانی دنیا بۆ نەتەوەی خۆیان دابین بکەن، پاش چوونیان بۆ نێو ڕیزی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕیاریان دا، کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکرات پێک بێنن، هەرچەند ئەو بڕیارە لە خوێندنەوەی قووڵی کاک سمایل و هاوڕێیانی، سەرچاوەگرتوو لە دۆخی ئەو کاتی ڕێژیمی پاشایەتی کە ئیسلاحاتی زەوی و زاری کردبوو و هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆڵ و نازناوی ژاندارمی ناوچەی پێ بەخشرابوو و، لە لایەکی تریشەوە باش لە ئیدئۆلۆژی حەمەڕەزاشا و ڕێژیمی پاشایەتی تێ گەیشتبوون، کە سیستمێکی وا ملهۆڕ، ناتوانێ باوەڕمەند بە دانی مافی گەلی کورد لە ڕێگای جاڕنامەی مافی مرۆڤەوە بێ؛ هەربۆیەش لە ژێر ڕووناکایی ئەم خوێندنەوە دروستە لە نەزمی نوێی جیهانی و دۆخی ئێران و کورد ئەو بڕیارە گرینگەی دەرکرد و، بە بەختکردنی گیانی خۆی و هاوڕێیانی ئەو بیر و باوەڕەیان هەتا هەتایی کرد. کاک سمکۆ مرۆڤێکی دەروەستی نەتەوەیی بوو، سەرەڕای ئاشنا بوونی بە بیروباوەڕی چەپ، کە ئەو کات باسی گەرمی نێو زانکۆ و دنیای خوێندکاری بوو، هاوکات لە وڵاتانی سۆڤیەت و چین وەک ئەزموون تاقی دەکرانەوە و، شوێنکەوتووانی لە ئێران و کوردستان تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەژێر بەیداخی چەپ بووندا دەبینی و، ئەوەندە باسی شۆڕشی سووریان دەکرد ئەوەندە بەشمەینەتیی نەتەوەیی و شوناسی خۆیان وەک گەلێکی چەوساوە و بەشخوراو نەدەبینی، ڕێک بەپێچەوانە شەریفزادەی قارەمان وەکوو مرۆڤێکی کوردی عەداڵەتخواز، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، باوەڕمەند بەوەی کە دەبێ سەرەتا نەتەوەکەی ڕزگار بێ و شوناسی نەتەوەیی هەبێ، پاشان لە ستراتێژیی ئەم گەلە ئازاد و بەختیارەدا، عەداڵەت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێ؛ دێتە ڕیزی حیزب و خەبات و تێکۆشان دەکا. لەم ڕاستایەدا دەتوانین بڵێین، شەهیدی ڕێبەرمان کاک دوکتور قاسملوو پاش هێنانی بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک بۆ نێو ئەساسنامە و پێڕەوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک بەرنامەی دواڕۆژی حیزب بۆ نەتەوەی کورد، ئاواتە وەدی نەهاتووەکەی کاک سمکۆی قارەمانی کردە مانیفێستی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد . خوێنەرانی هـــێــــژا ! گەر لە لایەک بە وردی ئانتۆلۆژیی کەسایەتیی شەهید سمکۆی قارەمان بکەین و لە لایەکی تر تاکتیک و ستراتێژیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئانالیزە بکەین، هێمایەکت پێ دەبەخشێ، کە دەڵێی یەکیان پراکتیکە و، ئەوی تر تیۆرییە بۆ ئەم پراکتیزە بوونە. بەحەق گەر کەسایەتیی شەهید سمکۆ لە ڕوانگەیەکی کردارییەوە ببینین و ساختار و ستراتێژیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە هێزێکی (نەتەوەیی، دێموکرات و عەداڵەتخوازە) شرۆڤە بکەین، دووانەی دانەبڕاوی یەکتر دێنە بەر چاومان . بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئەوەی کە هیوا و ئامانجەکانی شەهید سمکۆ و هاوڕێیانی بە ئەمەگەوە پاراستووە و درێژەیان پێدەدا، ڕۆژی ۱۲ی گوڵانی، وەک ڕۆژی خوێندکاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیشانەی وەفایەک بۆ شەهید سمایل شەریفزادە، شەهیدی قەڵەم و چەک ناودێر کردووە، فەلسەفەی ئەم ناودێرکردنەش بۆ بواری خوێندکاریی کاک سمایل دەگەڕێتەوە کە چەک و قەڵەمی ئاوێتەی یەکتر کرد و ئەرکی خستە سەر شانی خوێندکارانی کوردی تامەزرۆی ئازادی و سەربەستی؛ کە دەبێ بە قەڵەم و چەکەوە بۆ گەیشتن بە ماف خەبات بکەین .