کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"باڵندەییم شاشەیەکی شەترنجییە" کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی

07:15 - 8 بانەمەڕ 2719

یەکەم بەرهەمی شێعریی خاتوو"سوەهەیلا مێهەمی" ئەزموونی ٦ ساڵ بەدواداچوونی جیددی لە شێعری نوێی کورد ئەمساڵ لە پێشانگای کتێبی تاران کەوتە بەر دیدی خوێنەران و هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی. خاتوو "سوهەیلا مێهەمی" وەکوو زۆربەی نووسەرانی کورد ڕۆژهەڵاتی سەرەتا بە شێعری فارسییەوە پێ‌ناوەتە مەیدانی ئەدەبیاتەوە، بەڵام خۆشەویستی زمان و ناسنامە، وای لێدەکا کە لە ئەوپەڕی ماندووبوون و خەمخۆرییەوە فێری نووسین و خوێندنی زمانی نەتەوەیی ببێ و بە زمانی دایک، خزمەت بە کتێبخانەی کوردی بکات. ئەو خاتوونە جواننووسە، لە دایک‌بووی ئاوایی مێهەم لە ناوچەی ئەسفەناوای قوروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو ئێستا نیشتەجێی سنەیەو چەند ساڵ لە گەڵ بڵاڤۆک و حەوتەنامەکان کوردی و فارسییەکان هاوکاری دەکا. وەک خۆی باسی کردەوە پاش فێربوونی زمانی کوردی ، یەکەم شێعری بۆ منداڵان لە ژێر ناوی "بابا نوئێل" لە حەوتەنامەی "دیاری کوهەن" لە شاری سنە چاپ کرا، کە زۆر پیسوازی لێ‌کراو بۆ بە پاڵنەرێک کە بە جیددی بەدوای زمان و ئەدەبی کوردی بكەوێ و بە وردی سەرنجی ڕەوتی شیعری کوردی بدات. بەشێک لە نووسراوەو شێعرەکانی سوهەیلا مێهەمی لە ماڵپەڕ و گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڵاوبوونەتەوە. هەروەها پاش ٦ ساڵ ماندووبوون خۆ پێگەیاندن ئەمساڵ ٩٨ی هەتاویی یەکەمین کۆمەڵەی شێعری بەناوی" باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجییە" پێکهاتوو ٢٠٩ لاپەڕە لە لایەن وەشانگەی "گوتار" چاپ و بڵاو کرایەوە. زاڵبوون بەسەر زمانی کورد، جوانکاریی ئەدەبی و نواندنی ئازاری ژنانی کۆمەڵگە و وردبینی لە بەکار هێنانی دەستەواژەکان و درێژەدان بە ڕەوتی شێعری نوێی کوردی لە تایبەتمەندییە شێعری سوهەیلا مێهەمی"یە