کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا: ئامادەی وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانین

00:43 - 9 بانەمەڕ 2719

فەرماندەی سنتکام، ستادی فەرماندەیی ناوندیی ئەمریکا دەڵێ بۆ هەر چەشنە هەڕەشەیەکی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵەتی ئامادەباشی داین. ڕۆژی شەممە ٧ی بانەمەڕ، ژنڕاڵ "کێنت فرانک مەککێنزی" لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی ئسکای نیوز ڕایگەیاند کە تا ئێستاش ڕێکاری دیفاعی نەتەوەیی ئەمریکا لەسەر ئێران چڕبۆتەوە. ناوبراو ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: "ئێمە ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئێرانین لە ناوچەکەدا". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەناردەکردنی تێرۆریزم کرد لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە و ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا باسمان لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و بەیەکەوە هاودەنگین لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، ئەمریکا سپای پاسدارانی خستە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی وڵات. دوای ئەو بڕیارە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش فەرماندەیی سنتکام واتە ستادی فەرماندیی ناوەندیی نەتەوەیی ئەمریکای خستە لیستی تێرۆرەوە. دواتر بە بڕیارێکی دیکە دەوڵەتی ئەمریکا ماوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی بۆ ئەو هەشت وڵاتە تازە نەکردەوە کە پێشتر بۆ ماوەی شەش مانگ ڕێگەیان پێدرابوو نەوت لە ئێران بکڕن. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا. فەرماندەی هێزی دەریایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێمە نەتوانین نەوت بفرۆشین، تەنگەی هورمز دەبەستین. بە دوای قسەکانی ناوبراودا دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەستنی تەنگەی هورمز بە زیانی ئێران و ئەو وڵاتانەیە کە لەو ڕێگەیە کەڵک وەردەگرن. شایانی باسە کە یەک لەسەر سێی نەوتی جیهان لە تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرێ. پێشتریش حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی بەستنی تەنگەی هورمزی کردبوو و بۆ جارێکیتر فەرماندەی سپای پاسداران ئەو هەڕەشەیەی دووپات کردەوە. ماوەی چەند ساڵێکە هێزێکی سەربازیی گەورەی ئەمریکا لە کەنداوی فارسە و تا ئێستا زۆر جار لە گەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە هاتوون. ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆتایی وادەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. لەگەڵ ئەوەی کە دوای ئەو بڕیارەی ئەمریکا بۆ بەستنی هەموو ڕێگاکانی نەوتی ئێران، محەممەد جەوادی زەریف بەپەلە خۆی گەیاندە ئەمریکا هەتا بەڵکوو بتوانێ ڕێگەیەک بۆ دەرباز بوون لەو قەیران پەیدا بکا، بەڵام هەڕەشەکانی سپای پاسداران بۆ بەستنی تەنگەی هورمز و دژکردەوەی فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ئەمریکا بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، دۆخەکە بە ئاقارێکی هەستیاردا دەبا. لەگەڵ ئەوەی کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئێران و چەک و چۆڵ و ئیماکاناتی شەڕی ئەو دولایەنە بە یەکەوە بەراورد ناکرێ، بەڵام دوور نییە سەرکێشیەکانی سپای پاسداران بە پشتبەستن بە هێز و گرووپ و میلیشیا تێرۆریستیەکانی ناوچەکە، ئێران تووشی شەڕێکی مالوێرانکەری دیکە نەکات.