کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هۆرموزی کرد

16:39 - 9 بانەمەڕ 2719

بۆ جارێکی دیکە کاربەدەستێکی پلەبەرزی سەربازیی سپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هۆرمزی کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بانەمەری ١٣٩٨ی هەتاوی، سەرلشکر "محەممەد باقری" فەرماندەی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئەگەر نەوتی ئێمە ڕێگەی پێنەدرێ، نابێ نەوتی ئەوانەی دیکەش لە گەرووی هۆرمزەوە تێپەڕێ. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: "ئاسایشی تەنگەی هورموز بە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سپێردراوە. هەروەک چۆن نەوت و کاڵای وڵاتان لێرەوە تێپەڕ دەبێ، دەبێ نەوت و کاڵای ئێمەش لێڕەوە بڕوا و لە سەروی خۆمانەوە فەرمانمان پێکراوە کە ئەگەر لایەنێک ویستی ئەمنییەتی تەنگەی هۆرموز تێکدا، ئەوا ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە". ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کەشتییەکانی ئەمریکا دەبێ وڵامدەری پرسیاری بەرپرسانی سپای پاسداران بن چونکە سپای پاسداران بەرپرسی پاراستنی تەنگەی هۆرمزە. ئەم لێدوانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئەمریکا مانگی ڕابردوو سپای پاسدارانی خستە لیستی تێرۆرەوە. هەروەها بەپێی بڕیاری کۆشکی سپی، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو واتە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ وادەی کۆتایی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. ئەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا چۆن وەڵامدەری هێزێکی تێرۆریستی دەبن و بۆ ڕەتبوون لە تەنگەی هۆرمز چۆن ئیزن لە سپایەکی تێرۆریستی وەردەگرن، خۆی لە خۆیدا پرسیار هەڵگرە و ئاکامی ئەو لێدوانە دژ بەیەکانەی ئێران و ئەمریکا دوای دوازدەی بانەمەڕ دەردەکەون. لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا واشینگتۆن هیچ وەڵامێکی لێدوان و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان نەداوەتەوە، بەڵام ویناچێ سپای پاسداران کە لە ڕیزبەندی هێزە تێرۆریستییەکانی جیهاندایە، بتوانێ پێش لە هێزی پۆشتە و پەرداخی ئەمریکا بگرێ یا ببێتە کۆسپ لەبەردەم هێزەکانی ئەمریکادا. لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد کە وەڵامی بڕیارەکانی کۆشکی سپی دەداتەوە، بەڵام هەر کە جیددییەتی ئەمریکای دیت، بە پەلە وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ سازان و وتووێژ لەگەڵ بە قەولی خۆیان "شەیتانی گەورە" رەوانەی ئەمریکا کرد هەتا بەڵکوو بتوانێ ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بدۆزیتەوە و ئەمریکا دڵی نەرم بێت و لە جنێو و هەڕەشەکانی چل ساڵی ڕابردوویان خۆش بێت . ئاخوندەکانی ئێران کە چل ساڵە بوونە بەڵای سەری خەڵکی ئێران، هەر جارە بە بیانوویەک و بەهۆی ناکارامەیی و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی خۆیانەوە خەڵکی ئێران تووشی نەهامەتی و نەبوونی دەکەن و ناهێڵن ڕۆژێک گەلانی ئێران بە ئاسوودەیی ژیان تێپەڕ کەن.