کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی تێرۆریزم و خەریکی تێرۆرە لە ئورووپا

15:50 - 10 بانەمەڕ 2719

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە و دەبێ ئەو دوازدە خاڵە قبووڵ بکات کە ئێمە بۆمان دیاریکردوون. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بە چەند خاڵێکدا لە پێوەندی لەگەڵ کێشە و ناکۆکییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەو شەرتانەی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە واز لە تێرۆر و پشتیوانیی لە تێرۆریزم بێنێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان دەکا و، ئەوان بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی درێژە بە کردەوەی تێرۆریستی دەدەن. کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حوسیەکانی یەمەن دەکا و ئەو چەک و مووشەکانەی کە شەڕیان پێدەکا لە ئێرانەوە بۆی ڕەوانە دەکرێن. حوسییەکان بە پیلانی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی کشانەوە و بوونە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یەمەن و عەڕەبستانی سەعوودی. ئەو ڕێژیمە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە و بۆتە سەرچاوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا. پۆمپێئۆ ئاماژەی بە قسەکانی زەریف کرد لە ئەمریکا و گوتی قسەکانی ناوبراو جێگەی باوەڕ نین و ئەو دوازدە خالەی ئێمە بۆمان دیاریکردوون تا ئێستا هیچکامیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵ نەکراون. لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆ نەوتییەکاندا ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی سەر ئێران هیچ کاریگەرییەکی نیگەتیڤی لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی نییە و گەمارۆکان کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئیران داناوە. شایانی باسە کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنن و ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆتایی وادەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە بێگومان ئەوە دەبێتە هۆی داڕووخانی ئابووریی ئێران و بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خەڵک تووشی برسییەتی، نەداری و نەهامەتی بوون و تا ئێستاش ئەو ڕێژیمە هیچ هەنگاو و ڕێکارێکی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە نەدۆزیوەتەوە، ژیانی خەڵکی بەلاوە گرینگ نییە و بیر لە داهاتوو و چارەنووسی خەڵکی ئێران ناکاتەوە.