کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی سەربازیی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ١٣ میلیارد و ١٩٤میلیۆن دۆلار بووە

22:04 - 10 بانەمەڕ 2719

بەپێی ڕاپۆرتی "ناوەندی توێژینەوەی ئاشتیی ستۆکۆڵم" کە یەکێک لە باوەڕپێکراوترین ناوەندەکانی شەڕ و ئاشتیی جیهانە، ڕایگەیاند کە بوودجەی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٣ میلیارد و١٩٤ میلیۆن دۆلار بووە. بەپێی توێژینەوەکانی ئەو ناوەندە، لەگەڵ ئەوەی کە باری ئابووریی ئێران بەرەو داڕمان دەچێ و ژیانی خەڵک ڕووی لە خراپییە، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بودجەی سەربازیی خۆی کەم نەکردۆتەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە چەند ساڵی رابردوودا بوودجەی سەربازیی ئێران ١٢ میلیارد دۆلار بوو، ئەوە لە کاتێکدابوو کە نرخی نەوت زۆر چۆبۆ سەر و ئێران نەوتی زۆری هەناردەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان دەکرد، بەڵام ئێستا کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە فرۆشی نەوتی ئێران بۆ یەک میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە، بوودجەی سەربازیی ئێران یەک میلیارد زیادی کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە زۆرترین بوودجەی سەربازیی ئێران دەدرێتە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی. شایانی باسە کە ئابووریی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵک لە سایەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو ئاڵۆزی و نەهامەتی دەچێ. ڕیژیم بەجێی ئەوەی کە لە بیری ژیانی خەڵکدا بێ، سامانی گەلانی ئێران بۆ مەبەستە سەربازیی و ئاژاوەگێڕییەکانی بەکار دێنێ. لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران بە دەست برسییەتییەوە دەناڵێنن، ڕیژیم خەریکی بەفیڕۆدانی پارەی و داهاتی ئێرانە لە ناوچەکە و جیهاندا. بەپێی قسەی کاربەدەستە سەربازییەکانی ڕژیم، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار چەکداریان لە وڵاتانی سووریە و عیراقدا پەروەردە کردوە. ڕێژیم نەک هەر لەو دوو وڵاتە بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش وەک لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان بە پارەی خەڵکی ئێران گرووپ و هێزە تێرۆریستییەکانی پرچەک کردووە. بێجگە لە چەکدارکردنی ئەو هێزانە و تێچوویەکی زۆر بۆ کاری تێرۆریستی لە جیهاندا، بە مەبەستی دروست کردنی چەکی ناوکی و مووشەکی بالستیک ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمان و هەڵاوسان بردووە. هەزینەی زۆری سەربازیی ئێران نەک هەر خزمەتێکی بە پاراستنی خاک و خەڵکی ئێران نەکردووە، بەڵکوو ئەو هەزینە زۆرە بۆتە بەڵای سەری خەڵکی ئێران و بێجگە لە داڕمانی ئابووریی وڵات، زۆر لە دەوڵەتانی جیهان و ناوچەکە بەگومانەوە لە هەوڵە سەربازییەکانی ڕێژیم دەڕوانن و بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە بە چاوی دژمنکارانە سەیری ئێران دەکەن. ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی سەربازیی جیهان و کاریگەرترین هێزی ئابووریی، بەهۆی سیاسەتی شەرخوازانەی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆی خستۆتە سەر ئێران کە ئەو گەمارۆیانە زیانی زۆریان بە گەشەی ئابووریی ولات و ژیانی خەڵکی ئاسایی گەیاندووە.