کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووڕەیی کەسانی دژە کورد، لە بەڕێوەچوونی کۆڕیادی مامۆستا هێمن لە نەغەدە

22:10 - 10 بانەمەڕ 2719

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی مامۆستا هێمن موکریانی لە شاری نەغەدە کە لە ٣٣ساڵەی کۆچی‌دوایی ئەو شاعیرە نیشتماندۆستە بەڕێوەچوو، تووڕەیی و نیگەرانی کەسانی دژە کوردی لێکەوتەوە. بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، بەشێک لە کەسانی غەیرە کورد لە پارێزگای ورمێ بە پاڵنەری بناژۆخوازان و لایەنە پێوەندی‌دارەکان بە دەسەڵاتەوە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی، ڕەخنەی تووندیان لە ڕێگەدان بە بەڕێوەچوونی کۆڕیادی مامۆستا هێمن گرتووەو ئەو ڕێوڕەسمەیان بە گوماناویی لە قەڵەم داوە. ڕۆژی پێنج‌شەممە، ۲۹ی خاکەلێوەی ساڵی ۹٨ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان له "مامۆستا هێمن" ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ئەدەبی کوردی له لایەن ئەنجوومەنی ئەدەبیی "باران"ی نەغەده له ساڵۆنی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە بە بەشداریی بەشیک لە نووسەران و ئەدیبانی شاری نەغەدە و بۆکان بەڕێوەچوو. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کەسانی دژە کورد، بە هاندانی ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان داوەتە هێرش کردن بۆ سەر مامۆستا هێمن و حیزبی دێموکرات و بەڕێوەچوونی وەها کۆڕ و کۆبوونەوەیان بە بانگەشە بە دژی نیزام و ورووژاندنی هەستی نەتەوایەتیی لە پارێزگای ورمێ باس کردوە. لە نامەی کەسانی تووندئاژۆی پارێزگای ورمێ هاتووە، کە نابێ شاری نەغەدە یادی کەسێک بکرێتەوە کە ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکرات بووە لە درێژەی ئەو نامەیە بە تووندی هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی کورد لە نەغەدە کراوە و داوایان لە ناوەندە ئەمنییەکان کردوە کە سزا بدرێن.