کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دیکتاتۆری هەرەس هێناوی وێنزئێلا

20:38 - 11 بانەمەڕ 2719

دوای چل ساڵ لە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران، کۆماری ئیسلامی بۆتە پێشەنگی وڵاتانی دژی گەلی و دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کە وەک کۆماری ئیسلامی بە زەبرو زەنگ، ئەشکەنجە و سێدارە و زیندان درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بێجگە لە زوڵم و زۆر و کوشت و کوشتار، بێجگە خوێنڕشتن و تێرۆر و ئاژاوە شتێکی دیکە لە کارنامەی چل ساڵەی ئەو ڕێژیمەدا بەدی ناکرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بۆتە مۆتەکەی ژیانی گەلانی ئێران، بەڵکوو بۆتە بەڵای سەر گەلانی ژێردەست و چەوساوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهانیش. ساڵانێکە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەکا و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەی پشتیوانیی لە گرووپی تێرۆریستی حیزبووڵڵای لوبنان نەک هەر بۆتە مایەی سەر ئێشە بۆ خەڵکی بێدیفاعی ئیسڕائیل، بەڵکوو بەهۆی ئاژاوەگێڕی و کارە تێرۆریستییەکانی حیزبووڵلاوە بۆتە بەڵای خەڵکی لوبنان و لە ڕێگەی ئەو گرووپەوە خەڵکی لوبنانی تووشی دووبەرەکی و شەڕ و ئاژاوە و ماڵوێرانی کردووە. لە سووریە کە خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ وەدەست هێنانی ئازادی و ڕزگاری لە ژێر دەستی حکوومەتی دیکتاتۆریی بنەماڵەی ئەسەد ڕاپەڕیبوون، کۆماری ئیسلامی بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە سووریە و وێڕای هێزە چەکدارەکانی سەرکوتکەری بەشار ئەسەد دەستیان دایە کۆمەڵکوژی و بۆ پاراستنی حکوومەتی ئەسەد سەدان هەزار کەسیان لە خەڵکی بێدفاع و ژن و مناڵ و پیر و گەنجی ئەو وڵاتە لە خوێن گەوزاند و چەند میلیۆن کەسیان ئاوارە و دەربەدەر و بێ ماڵ و ژیان کرد. یەمەن وڵاتێکی دیکەی وێستگەی کارە ئاژاوەگێری و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەو ڕێژیمە لەو وڵاتەش بوو بە پشتیوانی گرووپێکی بێزراو و چەند ساڵێکە بە پشتیوانی کردن لەو گرووپە بۆتە هۆی شەر و ئاژاوە لە یەمەن و کۆسپی بەردەم پرۆسەی ئاشتیی ئەو وڵاتە. وێنزۆئێلا یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەیە کە حکوومەتی چاڤێز و مادۆرۆ دەیان ساڵە خەڵکەکەی دەچەوسێننەوە و بێبەشیان کردووە لە ئازادی و، مافەکانی لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە پێشێل دەکرێ. ئێستا کە خەڵکی وینزۆئێللا بڕیاریداوە مافە ئینسانییەکانی دەستەبەر بکا و دیکتاتۆڕیی لەگۆر بنێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوێش لە سەنگەری دیکتاتۆری ئەو وڵاتە دژایەتی خواستەکانی خەڵکی وێنزۆئێلا و پشتیوانی حکوومەتی سەرەرۆ و خۆسەپینی مادێرۆیە. ڕووخانی یەک لە دوای یەکی دیکتاتۆرەکان و لە دەستدانی هاوڕێی سەرەڕۆ و زۆردارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە و بێگومان ئەمجارەیان نۆبەی لە ناوچوونی ڕێژیمێکە کە چل ساڵە پشتیوانی دیکتاتۆر و تێرۆریستەکان و سەرکوتکەری ئازادییەکانی گەلانی ئێرانە.