کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو کاسبکاری کورد و دۆزینەوەی تەرمی کۆڵبەرێک لە یەک ڕۆژدا

23:13 - 11 بانەمەڕ 2719

ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی شنۆ دوو کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران. سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ دوو کاسبکاری کوردی خەڵکی ناوچەی شنۆ بە ناوەکانی ڕئووف(شکاک) خالیدی و نێعمەت ساعەت‌پوور" لە نیزیک ئاوایی گەڵاز کەوتوونەتە بەر دەستڕێژ و یەکێک لەوان دەست‌بەجێ کوژراوە و، "نێعمەت ساعەت پوور" کە دوومانگە ژیانی هاوبەشی پێک‌هێناوە، بە هۆی کاریبوونی برینەکانی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدا. بە گوتەی هاونیشتمانییانی شنۆیی ئەو دوو کاسبکارە بە تەقەی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بەشێکیان ماوەی دووحەوتەیە لەو ناوچەیە مۆڵدراون، کوژراون. هەر لە دڕێژەی کارەساتی کوڵبەریی لە کوردستان ئەمرۆ تەرمی کۆڵبەرێکی بێسەروشوێن پاش سێ مانگ لە بناری حوجرەی فەقیان لە ناوچەی بابۆسی بانە دۆزرایەوە. عەباس قادرزادە خەڵکی دەرئاوی سەقز و نیشتەجێی بانە ، کە لە رێگای کۆڵبەرییەوە ژیانی بەسەر دەبرد، ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ٩٧ی هەتاویی لە کاتی کۆڵبەریدا بێسەروشوێن بووە، کە ڕۆژی سێ‌شەممە ١٠ی بانەمەڕ دوای نیزیک بە سێ مانگ لە چۆمێک لە ناوچەی بابۆسی بانە تەرمەکەی دۆزرایەوە.