کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەی ئێران بۆ ئورووپا ١٦ بەرابەر کەمی کردووە

17:32 - 14 بانەمەڕ 2719

لە سەرەتای هاتنەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕیککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەناردە و هاوردەی نیوان ئێران و یەکیەتی ئورووپا ڕۆژبەڕۆژ کەمیکردووە. بەپێی ڕاپۆرت و ئامارەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ڕاپۆرتی "یۆرۆستات" هەناردەی ئێران بۆ ئورووپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە دیتوە و لەو ماوە کورتەدا ١٦ بەرابەر کەمیکردووە. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا هەناردەی ئێران بۆ یەکیەتیی ئورووپا زۆر کەمیکردووە و دوای گەمارۆ بانکی و نەوتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ. بەپێی ڕاپۆرت و سەرچاوەکانی هەواڵی یەکیەتیی ئورووپا، ساڵ لە دوای ساڵ هەناردەی ئێران بۆ ئورووپا کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. دوای هاتنەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە بەرجام، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لەبەرجامدا مانەوە و ویستیان ڕێگایەک بۆ ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ ئێران ببیننەوە ، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆسەیە سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و کۆمپانیا و بانکە ئورووپاییەکان لە ترسی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا ئامادە نین لە چوارچێوەی ڕێکاری پێشنیار کراوی وڵاتانی ئورووپایی دا لەگەڵ ئێران ئاڵووێری بازرگانی ئەنجام بدەن.