کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد لە قەڵای دێموکرات

22:50 - 14 بانەمەڕ 2719

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ٥١مین ساڵیادی شەهیدکرانی سمایل شەریف‌زادەو هاوڕێیانی لە ڕاپەڕینی مەزنی ٤٦ و ٤٧ کە ناوزەدکراوە بە ڕۆژی خوێندکاری کورد ڕێوڕەسمێکی بەو بۆنەوە بەڕێوەبرد. پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ڕۆژی خوێندکاری کورد، بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادرو پێشمەرگە و سیما ناسراوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. پاش سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب بۆ ڕێزگرتن لە یادوناوی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەتی خوێندکارانی شەهید خولەکێک بێ دەنگی ڕاگەیاندرا. دواتر لە لایەن عەلی لەیلاخ پێشکەشکاری ئەو ڕێوڕەسمە پێشەکییەک خوێندرایەوە. لە یەکەم بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتیی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. بەڕێز دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە گرینگی ڕاپەڕینی ٤٦ و ٤٧ لە مێژووی خەباتی خوێناویی گەلی کورددا، کۆمەڵیک لە هۆکار و بەستێنی ئەو سەرهەڵدانەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو. ناوبراو بە ئاوڕدانەوەیەک لە هەلومەرجی دەیەی ٤٠ی هەتاویی چ لە ئاست جیهان و چ ناوچەیی، باسی لە هزر و ئەندێشەی شوناسخوازانەی پۆلێک لاوی خوێنگەرمی دێموکرات کرد کە لەو دەرفەتە بەرانبەر بە ستەمی پاشایەتی چەکیان هەڵگرت. بەڕێزیان بە باسکردن لە هەڵوێستی ئازایانە و شۆڕشگێڕانەی شەهید سمایلی شەریف‌زادەو هاوڕێیانی لە سەر ئەو باوەڕە بوو، نابێ کە باس لە ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی ٤٦ و ٤٧ دەکەین ، تەنیا وەکوو شۆڕشێک کە شکست کۆتایی پێهات سەیری بکەین بەڵکوو دەبێ لە سەر لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەو جووڵانەوە لێکدانەوەو خوێندنەوەمان هەبێ کە خوێندکاران و لاوانی کوردیش لە هەمبەر چارەنووسی گەلەکەیان خەمسارد نەبوون و چاونەترسانە قەڵەم وچەکیان بۆ سەرخستنی نەتەوەکەیان بەکار هێناوە و لە هەر دەرفەتێک بە گوێرەی پێویست کەڵکیان وەرگرتووە. بەڕێز دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە بەشێکی دیکەی وتەکانی‌دا باسی لە گرینگی بزووتنەوەی خوێندکاری بە تایبەتی لە ئێستادا کرد و لە ڕوانگەی خەسارناسییەوە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزووتنەوە خوێندکاریی لە ئاستی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان خستە بەرباس. بەڕێزیان لە کۆتایی قسەکانی‌دا تەعاموولی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی نێوخۆی وڵات بەتایبەتی بزووتنەوەی خوێندکاری و پرسی خوێندکار بە گشتی، بە ئەرک زانی و هەرچەشنە کەمکاریی لەو بارەوە بە خەسار لە قەڵەم دا. پاش وتەکانی دوکتور ئاسۆ حسەن‌زادە لە دڕێژی ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکاری کورددا، کورتە فیلمێکی دیکیومێنتی لە سەر ژیان و خەباتی شەهید سمایلی شەریف‌زادە، بەرهەمی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد پێشاندرا. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لەلایەن ڕەحمان سەلیمی سکرتێری گشتیی ئەو یەکیەتییە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. لە بەشێک لە پەیامی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی خوێندکارانی کورد بە ئاماژەدان بە مێژووی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازیی لە ئاستی جیهان و پەلهاوێشتنی بۆ کوردستان هاتبوو؛ سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سه‌ده‌ی له‌دایكبوونی ناسیۆنالیزم بوو. له‌ چاره‌گی یه‌كه‌می ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا، بزووتنه‌وه‌ی سمكۆ له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سیمایه‌كی نه‌ته‌وەیی به‌هێزی هه‌بوو كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو توانی به‌رگری له‌ ناسنامه‌ی گه‌لی كورد بكا و بنه‌ماكانی كوردایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا په‌ره‌ پێ بدا. لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە بە وەبێرهێنانەوەی کۆماری کوردستان و لێکەوتەکانی هاتبوو: گرینگترین ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و كارتێكه‌ریه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی كۆمیته‌ی ئینقلابیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له‌ ساڵانی ٤٦ و ٤٧دا ده‌بینرێ. كاتێك كۆمه‌ڵێك له‌ ڕووناكبیرانی كورد به‌ خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌ بانگه‌شه‌ی به‌ره‌ی چه‌پ بۆ به‌رگری له‌ مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان و دادپه‌روه‌ری، بوون به‌ ڕووناكیه‌ك له‌ شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌وكاتی ئێرانداو، پێشه‌نگایه‌تیی بزووتنه‌وه‌یه‌كیان وه‌ئه‌ستۆ گرت كه‌ بوو به‌ دیسكۆرسی زاڵی شۆڕشگێڕانی ئێرانی له‌ كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی چل و ده‌یه‌ی په‌نجای هه‌تاویدا. لە بەشێکی دیکە لە پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی کورددا باس لە هەلومەرجی سیاسی ئێستا کورد کرابوو کە خوێندکاران وەکوو چینێکی ئاکتیڤ کاریگەریی زۆریان لەسەر ڕەوتی خەباتی گەلەکەمان هەیە . دوایین بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەش کردنی لەوحەی ڕێز لێنان بە بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە سەرەڕای هەبوونی دەیان گرفت و بەربەست بەڵام لە زانکۆکانی باشووری کوردستان درێژەیان بە خوێندن داوەو نموونەی خوێندکارە سەرکەوتووەکانن. بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە تێکۆشەری دێرین و مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سمایل بازیار مامۆستای زانکۆ و کادری لێهاتووی حیزب، لەوحەی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە خوێندکارانی سەرکەوتووی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.