کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران توندتر دەکا

22:53 - 14 بانەمەڕ 2719

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر جۆرە هاوکارییەکی وڵاتی دووهەم لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای توندی بەدواوە. گەمارۆکانی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی توندتر دەبن و ئەو گەمارۆیانە بەشی وزەی ناوکی دەگرنەوە. بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە هەر وڵاتێک هاوکاری بەشی وزەی ناوکیی ئێران بکات، دەوڵەتی ئەمریکا سزای بۆ دیاری دەکا و گەمارۆی دەخاتە سەر. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە قسەکانی تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کراوە کە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ناوچەکە ناو دەبا. هەر بەپێی ئەو بڕیارەی ئەمریکا، ڕێگە لە کۆماری ئیسلامی دەگرێ کە چەکی ناوکی وەدەست بێنێ دوای ئەوەی کە ئەمریکا مۆڵەتی بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران درێژ نەکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە واتە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆتایی وادەی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە ئەمریکا بۆ ماوەی شەش مانگ ڕێگەی بە هەشت وڵات دابوو نەوتی ئێران بکڕن. لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان دەکرد کە هەناردەکردنی نەوت ڕاناگرن، بەڵام دوینێ هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دووسەد هەزار بەرمیل دابەزی. ماوی شەش ڕۆژە پاپۆرێکی گەورەی نەوتی ئێران لە کەنارەکانی چین سەرگەردانە بەڵام هیچ کۆمپانیایەک لەترسی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بەلایدا ناچی و نەوتەکەی ناکڕێ. ئەمە سەرەتایەکە بۆ قەیرانێکی گەورەی ئابووری لە ئێراندا. قەیرانێک ڕێژیم تووشی دەستەوەستانی و خەڵک تووشی برسیەتی ، نەهامەتی و نەداری دەکا. کۆماری ئیسلامیی ئێران واتە بەڵای سەری خەڵکی ئێران، لە ڕۆژی هاتنە سەرکاریەوە خەڵکی ئێران ئاسوودەیی و ئارامی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەو ڕیژیمە خۆی دژمنی سەرەکی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێرانە و لەگەڵ هەر چەشنە ماف و ئازادییەکی خەڵکی ئێران بێگانەیە. سەرکوت، زیندان و ئەشکەنجە دیاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین بۆ گەلانی ئێران. ئەو ڕێژیمە بێجگە لەوەی کە خۆی بۆتە دژمنی مافەکانی خەڵکی ئێران، لە لایەکیترەوە بەهۆی سیاسەتی شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕانەی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، بۆتە هۆی نەهامەتی، گرانی و برسیەتی بۆ خەڵک و ڕۆژبەڕۆژ ئەو کێشە و گرفتانە پەرە دەسێنن و ڕێژیم زیاتر بێزراو و تەریک دەکەوێتەوە و خەڵکی ئێران دەبێ باجی سیاسەتی دژمنکارانەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ گەلان و دەوڵەتانی جیهان بدەن.