کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوژینی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات لە مەهاباد

22:56 - 14 بانەمەڕ 2719

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، خاتوو"زڵێخا ئەحمەدی نژاد" خێزانی شەهید "خالید عەلیپوور" کۆچی دوایی کرد. خاتوو زڵێخا ساڵی ۱۳۲۹ لە گوندی قۆزلوێی بچووک سەر بە ناوچەی گەورکی مەهاباد لە دایک بوە. باوکی بە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەدی نەژاد ناسراو بە عەوڵای مەدەی لە کەسانی ناودار و خۆشناوی ناوچەی مەهاباد بوو. خاتوو زڵێخا دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ شەهید خالیدی عەلی پوور، لە ساڵی ۱۳٤٤ بە هۆی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئاشکرا دەبن و بەرەو باشوری کوردستان کۆچ دەکەن . دوای ماوەیەک مانەوە لە باشووری کوردستان، ئەرک و کاری حیزبیان لە بەغدا پێ سپێردار و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لەو بنکەیە کار و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکرد و تا دەسپێکی شۆرشی گەلانی ئیران لەوێ مانەوە. دوای گەرانەوە بۆ کوردستان شەهید خالید عەلیپوور بوو بە فەرماندەی ئەو دەستەیە لە پێشمەرگەکان کە پارێزەری دەفتەری سیاسی و شەهید دوکتۆر قاسملوو بوون. لەگەڵ فەرمانی جیهادی خومەینی و هێرش بۆ سەر کوردستان ، هەر لەگەڵ شەهید دوکتۆر قاسملوو مایەوە و دوای ماوەیەک بەهۆی هێندێک گیرگرفت شەهید خالید دەگەڕێتەوە مەهاباد و لەوێ درێژە بە کاری حیزبی و تەشکیلاتی دەدا کە سەرەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاویی بە نامەیەکی تەشکیلاتییەوە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەگیرێ و ڕەوانەی بەندیخانە و ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیم دەکرێ. شەهید خالید تاساڵی ١٣٦٨ی هەتاویی لە ژێر ئەشکەنجەی جەللادەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئازایانە بەربەرەکانی دەکا و تەسلیمی داوا و ویستی دژمن نابێ و سەرەنجام ساڵی ٦٨ لە ورمێ لە سێدارە دەدرێ. خاتوو زڵێخا دوای لە سێدارەدانی هاوژینەکەی هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان مایە و دوای ئێعدام کرانی شەهید خالید لە ساڵی ۱۳٦۸ دا، شانی دایە بەر پەروەردە کردن و پێ گەیاندنی مناڵەکانی و لەو ڕێگایە د ا تووشی ئازار و مەینەتیەکی زۆر بوو. خاتوو زڵێخا وێڕای هاوژینەکەی لەنێو حیزبی دێموکرات دا خزمەتێکی زۆری بە حیزب کرد. ناوبراو ژنێکی ڕازدار و دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و ئاواتی ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەی بوو کە بەداخەوە لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە تەمەنی ٦٩ ساڵی ماڵاوایی لە ژیان کرد. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و ڕێز لە زەحمەت و تێکۆشانی خاتوو زڵێخا، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین.