کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی کاربەدەستانی دەوڵەت لەسەر بێ متمانەیی خەڵک بە ڕێژیم

22:23 - 13 جۆزەردان 2719

گەلانی ئێران بەهۆی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی کە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لێیان کراوە، دەمێکە باوەڕ و متمانەیان بە هیچ کام لە باڵەکانی دەسەڵات نییە. لەمڕۆژانەدا "ئیبڕاهیم ئەسغەرزادە" یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم و یەکێک لە چالاکانی باڵی ڕێفۆڕمخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە خەڵکی ئێران ئەمجارەیان بە قسە "محەممەد خاتەمی"ش نایەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ نادەن. بی متمانەیی خەڵک بە باڵەکانی ڕیژیم و بێ هیوایی بە چاکسازی بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵک خۆیان لە پرسە چارەنووسسازەکانی وڵات بە دوور بگرن. مەسەلەی ڕێفۆڕمخوازی کە لە دەورانی "محەممەدی خاتەمی"یەوە سەری هەڵدا و کاربەدەستانی ڕێژیم ویستایان لە ڕێگای دروشمی چاکسازییەوە درێژە بە دەسەڵات بدا و نەیتوانی هیچ هەنگاوێک بۆ گۆڕان و چاکسازی لە ئێران هەڵبگرێ. مەسەلەی ڕێفۆرم لە هەر دەوڵەت و حیزبێکدا پرسێکی ئاساییە و پێویستە بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن ئەنجام بدرێ، بەڵام هیچکام لە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ڕیژیم لە خاتەمییەوە تا ڕووحانی نەک هەر هیچ ڕیفۆڕمێکیان لە وڵات و دەسەڵاتدا ئەنجام نەدا، بەڵکوو ئەوان بوونە هۆی بێ هیوایی خەڵک لە ڕێفۆڕم و چاکسازیی لە ئێراندا. لە دەورانی خاتەمییەوە تا ئێستاش ئەوەی کە دەسەڵاتدارە هەر سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەرییە و ڕێفۆڕمخوازانی دەسەڵاتداریش بێجگە لە پێڕەوی کردن لە بڕیارات و فەرمانی ڕێبەر کارێکی دیکەیان بۆ بەرەوپێشجوونی وڵات و گۆڕانکاری لە ئێراندا ئەنجام نەداوە. ڕێفۆڕمخوازانی دەسەڵاتداری ئێران بێجگە لە بەڵێنی درۆ و چەواشەکاری نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بە قازانجی خەڵک و وڵات هەڵبێننەوە و تەنانەت نەیانتوانی هاوبیرەکانی خۆیان واتە کەڕووبی و مووسەوی لە زیندان ئازاد بکەن چ بگا بەوەی کە بتوانن زیاتر لە ٧٠ میلیۆن کەس لەو شێوە سیستمی بەڕێوەبەرییەی وڵات نەجات بدەن. دروشمەکانی "خاتەمی" و کلیلی "ڕووحانی" بیجگە لەوەی کە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان درێژ کردەوە و بە چەواشەکاری و فریودانی بیروڕای گشتیی ئێران و جیهان تەنیا خزمەتیان بە سەرکوت و زەبر و زەنگ لە ئێراندا کرد، نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشچوونی ژیانی خەڵک هەڵبگرن و بۆ درێژەدان بە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەر جارە بە دروشمێکی بریقەدار دەیانهەوێ خەڵک لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن و بەو شێوەیە خەڵک بێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان. گەلانی ئێران ئیتر لەوە تێگەیشتوون کە هەر دوو باڵی بناژۆخواز و ڕیفۆڕمخواز لە کۆتاییدا بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم و بەرژەوەندییە شەخسی و جیناحییەکانیان بەلاوە گرینگترە لە بەرەوپێشبردنی ژیانی خەڵک و چاکسازی لە وڵاتدا هەر بۆیە تازە جاریکیتر خەڵک متمانە بە هیچ کام لەو دوو باڵە ناکەن و بەرەوپیری سندووقەکانی دەنگدان ناچن.