کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێی وەزارەتی ڕاهێنان و پەروەردە بە دژی زمانی دایک

22:25 - 13 جۆزەردان 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەدە و فێرکردنەوە گەڵاڵەیەکی شوینیستی بۆ سەپاندنی زمانی فارسی بۆ مناڵانی پێش مەدرەسە پەسەند دەکا. چەند ڕۆژ لەمەوبەر عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانیی خۆی لە لاواز بوونی زمانی فارسی دەربڕی و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کرد کە ئەهمییەتی زیاتر بە زمانی فارسی بدەن. دوابەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی "ڕزوان حەکیم زادە" جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران باسی لە گەڵالەیەک کرد کە بە تەواوی شوینیستی و بۆ سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە. جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ڕایگەیاند کە دەیانهەوێ بەپێی گەڵالەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مناڵانە بکەن کە تا ئێستا تەمەنیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خوێندن و پێویستە ئەو مناڵانە پێش چوونیان بۆ قوتابخانە زمانی فارسی بزانن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک چۆن دەیهەوێ هێژموونی شیعەگەری لە جیهاندا پەرەپێبدا، لە بەرنامەیەکی دیکە دا دەیهەوێ بەپێی یاسایاک کە هەر خۆیان ئامادە و پەسەندی دەکەن، زمانی گەلانی دیکەی ئێران بسڕنەوە و زمانی فارسی بکەنە زمانی هەموو گەلانی ئێران. لەگەڵ ئەوەی کە زمانی فارسی زمانی ڕەسمی خوێندن و نووسینە لە ئێران و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سەڵتەنەتی پەهلەوی و، نەتەوەی باڵادەست تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران. ئەوەی کە تا ئێستا زمانی فارسی بە زۆر بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا سەپاوە و مناڵان لە دەسپێکی خوێندنەوە و لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە دەبێ بە فارسی دەرس بخوێنن و فێری زمانی فارسی بن، زوڵمیکە کە لە مناڵانی غەیرە فارس دەکرێ و بۆ مناڵێکی کوردی گوندێکی کوردستان زۆر سەخت و دژوارە کە لە یەکەم ڕۆژدا دەبێ بە زمانێکی بێگانە و جیا لە زمانی دایکی بخوێنێ و فێر بێ و تێیبگا، بەڵام ئەو گەڵاڵەیەی کە ئێستا باس دەکرێ لەوەش خرابتر و بە تەواوی سیاسەتێکی شوینیستییە نەک گەڵاڵەیەک بۆ پەروەردە و فێر کردن. لەو گەڵالەیەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردندا هاتوە کە مناڵانی تەمەن پێنج ساڵ دەبێ هەڵسەنگادنیان بۆ بکرێ و لە هێڵەک بدرێن هەتا بزانن چ کەموکوڕییەکیان هەیە کە یەکێک لەو خاڵانە قسە کردنە بە زمانی فارسی. بۆ مناڵێکی کورد و بەلووچ کە لە بنەماڵەیەکی غەیرە فارسدا پەروەردە دەبێ و پێدەگا، چ مەنتقێک قبووڵی دەکا کە لە تەمەنی پێنج ساڵی تا حەوت ساڵیش کە زمانی دایکیی بە تەواوی نازانێ، چۆن دەتوانێ بە زمانی فارسی کە زمانێکی بێگانەیە و مناڵەکە هیچ سەروکارێکی لەگەڵی نەبووە؛ دەبێ قسەی پێبکات و ئەگەریش نەتوانێ قسە بکا ئەوە دەکەوێتە لیستی مناڵانی ڕیزپەر( ئیستسنایی) و کە ئەوەش نەک هەر دەکەوێتە خانەی هەڵاواردن، بەڵکوو بە ئاشکرا زوڵمێکی گەورەیە لە مناڵانی کورد، بەلووچ، ئازەری، تورک، عەڕەب و تورکمەن و هەر کەمەنەتەوەیەک کە لە ئێراندا دەژی.