کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان و کێشەی سووتەمەنی فڕۆکەکانی ئێران

22:26 - 13 جۆزەردان 2719

کێشەی سووتەمەنی بۆتە گرفتی بەردەم گەشتی فڕۆکەکانی ئێرانی و تا ئێستا لە چەند فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی بەهۆی پێنەدانی سووتەمەنییەوە گەشتەکانیان پەکیکەوتوە. ڕۆژی شەممە ١١ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی، مورتەزا دێهقان جێگری ناوەندی فڕۆکەوانی ئێران ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە چەند فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جیهان گەشتەکانمان پەکی کەوتوە و بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی فڕۆکەکانمان نەیانتوانیوە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن. ناوبراو ئاماژەی بە دوو گەشتی فڕۆکەوانی کرد کە لە فڕانکفۆرت و تورکیە سووتەمەنیان پێنەدراوە و بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە تووشی گرفت بوون. دوای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ڕێژیمە تووشی گرفت و قەیرانی جۆراوجۆر بووە و هەر ڕۆژە بە جۆریک دەبێتە هۆی دەردی سەری بۆ حکوومەتەکەی و خەڵکی ئێران. پێنەدانی سووتەمەنی بەو فڕۆکە ئێرانیانەی کە سەفەری وڵاتان دەکەن بەشێک لە کێشەکەیە و هەر بەپێی قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی ئێرانی لە ترسی پێنەدانی سووتەمەنی گەشتەکانیان ڕاگرتوە. نەبوونی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆتە هۆی بێ بڕوایی گەشتیاران بە کۆمپانیا ئێرانییەکان و گەشتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە قەت نەیهێشت ڕۆژێک خەڵکی ئێران وەک خەڵکی ئاسایی وڵاتان ژیان تێپەڕ بکەن و هەر ڕۆژە بەشێوەیەک بۆتە هۆی ژانە سەر بۆ خەڵکی ئێران. قەدەغە کردنی ئەحزاب، داپڵۆسین و لە سێدارەدان و بەندیخانە، شەڕی داسەپاوی کوردستان، شەڕی ئێران و عێراق، ناکۆکی ساز کردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، گەمارۆ، برسیەتی، بێکاری، تێرۆر و پشتیوانی لە تیرۆریزم و دەیان کێشەی تر کە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و ئاژاوەگێڕەدا بوونەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش نەک هەر چارەسەرێک بۆ دۆخی نالەباری ئێران نادۆزێتەوە بەڵکوو رۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە هۆی خوڵقانی قەیرانی زیاتر و ناهێڵێ گەلانی ئێران ڕۆژێک بە ئارامی و دوور لە خوێن و شەڕ و کێشە ژیان تێپەڕ بکەن.