کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمان

20:09 - 16 جۆزەردان 2719

کە خۆم ناسی! وتم دایە: ئەمن کێم و چیم؟ خەڵکی کام شار، کام وڵاتی سەر زەویم؟! وتی: ڕۆڵە! تۆ کوردی و دیل و هەژاری نیشتمانت کوردستانە! بەڵام ناوی نیشتمانت لەسەر نەخشەی جوغرافیای جیهان نییە، بێ نیشانە! وتم: دایە! باوکم کوانێ؟ بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟ بە کام تاوان من هەتیوم؟ وتی: ڕۆڵە! ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند! تفەنگی مافی کردە شان ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی لێزمەی خوێنی گەشی لەشی بەسەر لێوی خاکا پژاند! وتم: دایە! ئەی براکەم؟ شەپۆلی خەم، ئاوی ماتەم گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک وتی: ڕۆڵە! لە کازیوەی وەرزی ڕەشا لاشەیان کردە نیشانە سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە! وتم: دایە! ئەی من چ بکەم؟ هەستا سەر پێ، تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم وتی: ڕۆڵە! ئەی هەی هۆی ئاوات و مەبەستم! دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە دەست و پێ زنجیر کراوە ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ دۆعای گەلی چەوساوەی کورد، لە پشتی تۆ! سنوورەکان بشێوێنە کوردستانم بۆ بێنەوە با بە دەوریا بسووڕمەوە کوردستانم بۆ بێنەوە با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدوورمەوە!