کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ: ئیحتیمالی ڕوودانی شەڕی سەربازیی لەگەڵ ئێران هەیە

20:40 - 16 جۆزەردان 2719

تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی کە وتووێژ بۆ چارەسەری کێشەکان لە گەڵ ئێران بە باشتر دەزانم، بەڵام ئیحتیمالی ڕوودانی شەڕی ئیران و ئەمریکا هەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاویکردەوە کە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ( ئای تی ڤی) رایگەیاندووە کە دەمهەوێ کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ ئێران چارەسەر بکەم، بەڵام ئەگەر نەکرا ئیحتیمالی ڕوودانی شەڕی ئێران و ئەمریکا هەیە. دۆناڵد تڕامپ دوای ئەوەی کە بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەر وەک پێش هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار، لە ڕێککەوتنی بەرجام دێتە دەرەوە. دوای ئەوەی کە ناوبراو بوو بە سەرۆک کۆمار، ساڵێک بەر لە ئێستا یەکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتەدەر و خوازیاری ڕێککەوتنێکی دیکەیە لە گەڵ ئێران کە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ١٢ خاڵی دیاریکردووە. تڕامپ دوای هاتنەدەر لە بەرجام و دیاریکردنی ١٢ خاڵ بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دیکە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئاخوندی وەک گەورەترین و دەسەڵاتدارترین هێزی سەربازیی ئێران وەک سپایەکی تێرۆریست ناسی و دوابەدوای ئەو بڕیارە گەمارۆی نەوتی و بانکی خستە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەگەڵ دەسپێکی گەمارۆ نەوتییەکان، کۆماری ئیسلامیی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمزی کرد و ئەو لێدوانەش بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری سەربازیی و چەند فڕۆکەیەکی دیکە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکا و ئەو هەنگاوەی ئەمریکاش بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەگەری هەیە شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا لە نێوان ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕووبدا. لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ئەمریکایی لە پشت کەشتی و فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە داوای وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم کە شەڕ بەردەرگای پێگرتوون، هەر خەریکی هەڕەشە و فڕوفیشاڵن و هەر جۆرە وتووێژێک لە گەڵ ئەمریکا ڕەتدەکەنەوە و لە ئاخیرین لێدوانیدا وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند کە هەتا گەمارۆکان لەسەر ئێران وەلانەنرێن وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ناکەن. وەزیری دەرەوەی ئێران حەوتووی رابردوو ڕایگەیاند کە بێ شەرت ئامادەن وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیم ملیان بۆ وتووێژ نەداوە. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کەس لەسەر ئەو باوەرەن کە ئیحتیماڵی هەڵایسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا نزیکە، هەر لەو کاتەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ڕوودانی شەر بە دوور نازانێ و بێگومان ئەم قسانەش دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبەن و هیچ دوور نییە شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا ساز نەبێ کە بێگومان دەبێتە تێداچوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماوەی چل ساڵە خەریکی ئاژاوەگێری و پەرەوەردە و ڕاهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستییە لە ناوچەکەدا و بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە، ڕێژیمەکەی تووشی داوێک کردووە کە دەرباز بوونی زەحمەتە.