کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکێکی نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد

14:30 - 18 جۆزەردان 2719

بە گوێرەی هەواڵێک کە لەشاری مەهابادەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە دایە عیسمەت عەبدووڵاهی دایکی پێشـمەرگەی دێرین و کادری ناسراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک کەمال گروێسی ماڵئاوایی لە ژیان کرد. خاتوو عیسمەت عەبدووڵاهی ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە ئاوایی قالوێی شێخانی گەورکایەتی مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵهێنا. بەرهەمی ژیانی هاوبەشی وەستا رەحیم گرویسی و خاتوو عیسمەت چوار کچ و تاقانە کورێک بوو. هاوڕێ کەمالی گروێسی هەر لە سەرەتای ئاشكرا بوونی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە تەڤلی شۆڕش و بوو هاتە ڕیزی پێشـمەرگەکانی حیزبەوە. دایە عیسمەت ژنێکی خاوەن هەڵوێست، ئازا و کوردپەروەر بوو. لە ماوەی ساڵانی پێشمـەرگایەتی و دوو جار برینداری تاقانە کورەکەی دا هەموو گوند و شاخ و لێڕەوارەکانی کوردستان گەڕا و تەنانەت دوایین جار کە هاوڕی کەمال گرویسی لە نەخۆشخانەی شۆڕشی حیزب لە دەشتێوی قەلادزێ بە هۆی برینداری قوورسەوە لەژێر چاوەدێری دا بوو، خۆی گەیاندە باشووری کوردستان. دایە عیسمەت هەموو کات پشت و پەنای کوڕە پێشمەرگەکەی و هەموو ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کوردستان بوو. دوای کۆچی دوایی وەستا ڕەحیمی هاوسەری ئەرکی قورسی بژیوی کیژۆلە رووسوورەکانی کەوتە سەرشان، بەڵام سەرەڕای باروودۆخی سەختی ژیان قەت گلەیی وگازندەی نەکرد و هەموو کات ورەبەخش بوو بۆ منداڵەکانی و نەیهێشت هیچ کەم و کووڕییەکیان پێوە دیار بێ. دایە عیسمەت خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵک بوو و هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیانناسی ڕێزێکی یەکجار زۆریان لێ دەگرت. بە داخەوە پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی دا، دڵە پڕ لە هیوا هۆمیدەکەی لە لیدان کەوت و ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە هاوڕی کەمال گرویسی یەکێک لە کادرە خاوەن ئەزموون و خۆشناوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. چەندین جار لە پێشمەرگایەتی دا بریندار بوو و دوایین جار بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە لایەن حیزبەوە ڕەوانەی وڵاتی سوید کرا، کە لە چەند ساڵی بوونی لە دەرەوەی وڵاتیش هەموو کات لە ڕێزی هەرە پێشەوە خەباتکارانی حیزب دا بووە لەو وڵاتە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی خاتوو عیسمەت عەبدووڵاهی پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و خزم و کەسانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی هاوڕێمان کەمال گروێسی دەکا و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.