کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی بەرپرسانی سپا پاسداران لە سەرکوتی خەڵکی ئێران لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا

17:11 - 18 جۆزەردان 2719

لە بەرەبەری هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێران، دەنگ وڕەنگی ڕێژیم ناوناوە فیلمی سەرکوتی خەڵکی ئێران و دانپێدانانی بەرپرسانی سپا لە دەمکوت وسەرکوتی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ بڵاودەکاتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بەهۆی سەرکوتکردنی ئازادییەکانی خەڵک و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لە خەڵکی کردوە، هەمیشە پەنای بردۆتە بەر و ترس و تۆقاندن بۆ ئەوەی خەڵک داوای مافەکانیان نەکەن و لە لایەکی دیکەوە دژی ئەو ڕیژیمە خۆپێشاندان ساز نەکەن و ناڕەزایەتی دەرنەبڕن. ڕێژیم بە ئانقەست فیلمی سەرکوتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییدا لە پێوەندی لەگەڵ ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا بۆ سەرخستنی مەحموودی ئەحمەدی نژاد خۆپێشاندانێکی بەرین و چەند ڕۆژەیان لە زۆر لە شاری ئێران بەڕێوە برد. لە فیلمەدا کەسێک بە ناوی "حوسێنی تائیب" قسە دەکا و باس لە سەرکوتی خەڵک دەکا. ناوبراو کە ئێستا سەرۆکی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانە، پێشتر جێگری وەزیری ئیتلاعات و دواتر بوو بە سەرۆکی سازمانی بەسیج و یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیمە کە دەستی هەبووە لە کوشتن و گرتن سەرکوتی گەلانی ئێراندا. بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بە تەواوی کەوتۆتە ژێر گەمارۆوە و گرانی و بێکاری هەموو ئێرانی داگرتوە و لە لایەکی دیکەوە لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئێران هەڵبژاردنی ئەندامانی مەجلیس بەڕێوە دەچێ. بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە لەم کاتەدا لە لایەک نیگەرانی قووڵی کاربەدەستانی ڕێژیمە لە ڕاپەڕینی خەڵک بەهۆی ئەو هەمۆ گرانی و بێکارییە کە بەهۆی سیاسەتی هەڵە و ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیم داوێنی خەڵکی ئێرانی گرتۆتەوە و لە لایەکی دیکەش بیرهێنەرەوەی سەرکوتی ئەوکاتی خەڵکە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕیژیم بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکەن و لە هەمانکاتدا هەڕەشە و نیشاندانی هێز و قودرەتی سەرکوتە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکێک لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی جیهان، بەهۆی ئەوەی کە لە ڕێگای دێموکڕاسی و دەنگی ئازادی خەڵک جێی متمانەی گەلانی ئێران نییە، کاربەدەستانی ڕێژیم سەرکوت و هەڕەشە وەک تاقە ڕێگای مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەبینن و ماوەی چل ساڵە ئەو چەکە دژی خەڵکی ئێران بەکار دێنن. گەلانی ئێران بەهۆی نەبوونی ئازادی و پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ دژایەتی ئەو ڕێژیمە نەترسانە هاتوونە مەیدان و لەو ڕێگایەشدا قوربانییەکی زۆریانداوە. چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر نەیترساندوون، بەڵکوو بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە ئازایانە هاتوونە مەیدان و بە دروشم و ڕێپێوان ویست و داخوازیەکانیان بەگوێی جیهانیان گەیاندووە و بیزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە دەربڕیوە.