کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی قوتابخانەیەک لە مەهاباد

20:38 - 18 جۆزەردان 2719

دوو حەفتە لەمەوبەر بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هەڵپەڕکێی کچان و مامۆستایانی قوتابخانەیەکی مەهاباد بوو بە باسی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی بەدوای خۆیدا هێنا. دوای بڵاوبوونەوەی کورتە فیلمێک لە هەڵپەڕکێی کوردی لە قوتابخانەیەکی شاری مەهاباد، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی دژکردەوەیان لەخۆیان نیشاندا و لە یەکەمین کاردانەوەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکایان لەسەرکار لادا و سزایان بۆ مامۆستاکان دیاری کرد. دوای دوو حەفتە کاربەدەستانی ڕێژیم بڕیاری داخستنی قوتابخانەکەیان داوە و وێدەچی دوای تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ قوتابخانەکە دابخرێ. هەڵپەڕکێی کوردی لە فەرهەنگ و کەلتووری کوردەوارییدا بە نیشانەی دەربڕینی خۆشییە و لە بۆنە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دا خەڵک بە هەڵپەڕکی خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و زۆر جاریش بێ ئەوەی بۆنەیەکی تایبەت هەبێ، هەر تێپەڕکردنی کاتە و بۆ پێشاندانی ساتێ خۆشحاڵی بە هەڵپەڕکێ هەستی خۆیان دەردەبڕن. ڕێژیمی ئاخوندی یەکێک لەو ڕێژیمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرانەیە کە لەگەڵ هەر چەشنە شادی و خۆشحاڵییەک دژ و ناتەبایە و کاربەدەستانی ڕێژیم هەمیشە حەز بە گریان و ڕەشپۆشی و لەخۆدان دەکەن و دژایەتی هەر کردەوە و قسەیەکن کە لەگەڵ ماهییەتی دواکەوتوانەی ئەوان یەک ناگرێتەوە. بڕیاری داخستنی قوتابخانەیەک لە شارێکی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئەو قوتابیانە زیانیان بە هیچ کەس نەگەیاندووە و کردەوەیەکی نامرۆڤانەیان ئەنجام نەداوە. ڕێژیم سەدان بنکە و دامەزراوەی جۆراوجۆری لە ئێران و جیهان دامەزراندووە بۆ سەرکوت و تێرۆر و کوشتن و لەو ڕێگایەوە هەزاران دایک و باب و قوتابی تازیەبار و ڕەشپۆش کردووە و ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەش بە سەرکەوتن و شانازیی دەزانن. بریاری داخستنی قوتابخانەیەک لە کاتێکدایە کە لە شەڕی خەڵکی سووریە و حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیدا سەدان قوتابخانە بە دەست هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕیژیمەدا سووتاون و وێران بوون و سەدان قوتابیش گیانیان لە دەستداوە. کەلتوور و فەرهەنگی کوردەواری نەک بە بڕیاری داخستنی قوتابخانەیەک بەڵکوو بە کوشتن و سەرکوتی سەت ساڵەی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانیش لەنێو نەچوە و کورد نەک هەر فەرهەنگ و کەلتووری خۆی بەرەوپێشبردووە، بەڵکوو لە هەموو مەیدانەکانی خەبات و ئازادیخوازییدا هەر ڕوو لە گەشە سەندنە و ڕێژیمیش بەجێی ئەوەی کە پێش بە هەڵپەڕکیی چەند خوێندکار بگرێ با سەرێک لەو هەموو قوتابخانە ویرانەیە بدا کە لەگەڵ یاساکانی خوێندن یەکناگرنەوە و هیچ ئاسایش و ئەمنییەتێکیان بۆ پاراستنی گیانی قوتابییەکان تێدا دابین نەکراوە.