کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی عەلی خامنەیی لە بێ متمانەیی خەڵک بە ڕێژیم

23:04 - 19 جۆزەردان 2719

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێڕان یەکێک لەو دیکتاتۆرانەی جیهانە کە ڕۆژبەڕۆژ لە فکری بەربەرینکردنەوەی دەسەڵاتی شەخسی خۆیدایە.
ناکۆکی نێوان ڕێبەر و سەرۆک کۆمار، ناکۆکی نێوان باڵەکانی نێو دەسەڵات، ناکۆکی نێوان سپا و ئەرتەش و سپای پاسداران و حکوومەت، ناکۆکی نێوان خەڵک و دەسەڵات و زۆر ناکۆکی دیکە بوونەتە قەیرانی کەڵەکەبوو کە وڵاتی بەرە و هەڵاوسانی ئابووریی بردووە.
کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان عەلی خامنەیی و سەرۆک کۆمار زۆر جار دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی لە مێدیاکاندا هەبووە و کاردانەوە و لێدوانی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ناکۆکی لە سەر بەرجام و وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا نموونەی زەق و بەرچاوی ئەو ناکۆکییانەن و هەر کامەیان بە شێوەیەک دەیهەوێ خۆی لە شکستەکان بدزێتەوە و ئۆباڵی گرفتەکان بخاتە ئەستۆی لایەنی بەرانبەر.
لەمڕۆژانەی دواییدا حەسەن ڕووحانی ڕایگەیاند کە پێویستە بۆ ئاشکرابوونی هۆکاری شکستەکان لێکۆڵینەوە لەوە بکرێ کە دەوڵەت تا چەندە خاوەن دەسەڵاتە، دیارە مەبەستی ناوبراو لێرەدا سپای پاسداران و شەخسی عەلی خامنەیین کە هەموو دەسەڵاتی وڵاتیان قەبزە کردووە و دەوڵەت دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە.
بە دوای قسەکانی ڕووحانیدا، عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ خوێندکارانی زانکۆ و چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە ئۆباڵی شکستەکانی خستە ئەستۆی دەوڵەت و لە هەمانکاتدا ڕایگەیاند کە ئەو خوازیاری دەوڵەتێکی حیزبوڵاهییە. دەوڵەتی حیزبوڵلاهی کە خامنەیی باسی لێدەکا، هەمان سپای پاسدارانە کە جێی ئەرتەشی گرتۆتەوە و هەموو دەسەڵاتە سەربازی و ئابوورییەکانی وڵاتی لەدەست خۆیدا قەبزە کردووە. خامنەیی خوازیاری پێکهێنانی دەوڵەتێکە کە وەک سپای پاسداران بێ ئەملاولا گوێڕایەڵی بێ و بە کەیفی خۆی پەرە بە دەسەڵاتەکەی بدات. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێستا هەمەکارە هەر خۆی نەبێ، بەڵکوو ئەو دەیهەوێ ئەو دەنگە ناڕازیانەش کپ بکا کە جار جار ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەگرن یا هەموو شتێک بە مەیلی ئەو ناچیتە پێش.
لەمڕۆژانەدا یەکێک لە فەرماندەرانی سپا باس لەوە دەکا کە لە دەورانی دەسەڵاتی ڕەفسەنجانی دا بەرنامەی ئەوە هەبووە کە سپا و ئەرتەش تێکەڵ بکرێن و بکرێنە یەک دامەزراوە، بەڵام خامنەیی ڕازی نەبووە.
عەلی خامنەیی چ ئەو کات و چ ئێستاش هەر لە بیری هێزێکی چەکداری توندڕۆ دایە کە لە ژیر فەرمانی خۆیدا ئامادەی  جێبەجیکردنی هەر  بڕیار و ڕاسپاردەیەکی ناوبراودا بن. پێکهێنانی حکوومەتی حیزبووڵڵاهیش هەر بە هەمان مەبەستە و بۆ زیاتر پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیەتی و دەیهەوێ هەموو ڕێگاکانی دەنگی خەڵک ببەستێ و حکوومەتێکی سەربازیی و هێزێکی چەکداری تێرۆریست و ئاژاوەگێڕی وەک سپای پاسدارانی لە ئیختیار دابێ بۆ وەدیهێنانی خەون و ئارەزووەکانی و ئەوەندەی لە ژیاندا ماوە کەس نەتوانێ  قسە لە بڕیار و دەسەڵاتی بێسنوور و دیکتاتۆرانەی بکا و ئێران زیاتر بەرەو نەهامەتی و گەلانی ئێران زیاتر لەوە سەرکوت و ئازار بدا.