کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە فیڕۆدانی چەندین میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران

23:08 - 19 جۆزەردان 2719

نوێنەرێکی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند کە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی چەندین میلیارد دۆلاری وڵاتی بەهۆی ناکارامەیی بەفیڕۆداوە. "ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی" نوێنەری مەجلیس، لە پێوەندی لەگەڵ ناکارامەیی دەوڵەت ڕایگەیاند کە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بە دانی دەیان میلیارد دۆلار بە بانکەکان بۆ ڕێگری لە پشێوی لە بازاڕدا، ئەو پارەی بە فیڕۆ داوە و نەیتوانیوە بەرنامەیەک بۆ ئەو بەشە دابنێ کە ئەوەش بۆتە هۆی بێ باوەڕی خەڵک بە دەوڵەت و پشێوی لە بازاڕدا. لەگەڵ ئەوەی کە حەسەن ڕووحانی هەمیشە گلەیی و گازەندەی لە بێ دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی هەیە و هەموو جارێ بۆ پاساودانی شکستەکانی، لایەنی بەرانبەر واتە سپای پاسداران تۆمەتبار دەکا، بەڵام بناژۆخوازانی ئێران دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بە نەزانی و ناکارامەیی تۆمەتبار دەکەن. بێگومان نە دەوڵەتەکەی حەسەن ڕووحانی و نە دەوڵەتەکانی پێش ناوبراویش بەو هەموو قەول و بەڵینەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیدەن نەیانتوانیوە چارەسەری کێشە و گرفتەکانی وڵات بکەن و ماوەی چل ساڵە خەڵکی ئێران تەحەممولی شەڕ و برسیەتی و سەرکوت و بێکاری دەکا و لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە شوومەدا ژیانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکا. ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەوڵەتداری بەجێی ئەوەی کە لە کەسانی ئەکادیمیک و پسپۆر و شارەزا کەلک وەرگرێ، زۆرتر ئاخوندێک یا کەسانی ناشارەزای نزیک لە خۆیان بۆ پۆستە هەستیارەکانی وڵات دیاریدەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە وڵات هەر لە دواکەوتووییدا بمێنیتەوە و هیچ بەرەوپێشچوونێک بەخۆیەوە نەبینێ. بێجگە لەوەی کە وڵات کەوتۆتە دەست چەند ئاخوندێکی نەزان و ناشارەزا و گەندەڵی هەموو وڵاتی داگرتوە، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیم و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، بەشێکی بەرچاو لە سەروەت و سامانی وڵات بۆ تێرۆر و پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی خەرج دەکرێ و خەڵکی ئێرانیش بە برسیەتی و هەژاری لە ژێر سایەی ڕێژیمێکی دواکەوتوودا ژیان تێپەڕ دەکەن.